45
جاران لەم وڵاتەی خۆماندا کەسێک ئەگەر سەری لە کارێک، پیشەیەک دەرنەچوایە نەیدەتوانی لە خۆیەوە بنیشێتە سەری. ئەمە جۆرێک لە نەزم و رێکخستنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوو، پاشەڕۆژی سەرکەوتنی هەر کەسێک لە پیشەیەکدا هەروا ئاسان نەبوو. زۆرێک لە ماڵە هەژارەکانی شار هەر لە منداڵییەوە کوڕەکانیان دەناردە لای پیشەگەرێکی خزم یان ناسیاو بۆ ئەوەی فێری کارێک ببێت و کە گەورە بوو بتوانێت نانێکی حەڵاڵ بۆ خۆی پەیدا بکات. هەبوو منداڵەکەی دەکردە شاگردی بەرگدروو، دارتاش، ئاسنگەر، زێڕنگەر، جۆڵا و چەندینی دیکە، کچانیش دەنێردرانە لای تەونگەر و هەندێک پیشەی دیکەی لەم چەشنەی ژنانە.
کە خوێندنی حکومەتیش هاتە ئاراوە گەلێک لە ماڵە هەژارەکانی شار، کە زۆربەی خەڵکیش هەژار و کەمێکیش مامناوەند بوون، لە پشووی خوێندنی هاویندا هەر منداڵیان دەناردە لای وەستای پیشەگەر و بە شاگردیی فێر دەبوو، پاشان وەک کەسێکی دەستڕەنگین دەبوو بە وەستا لەو پیشەیەدا و هەشبوو ناوی دەردەکرد لەو پیشەیەدا و باری گوزەرانیشی زۆر پێی باش دەبوو.
گەلێک لەم پیشانە دەبوون بە مۆرک (براند) بۆ بنەماڵەکان، کوڕی دارتاش، خەیات، ئاسنگەر، مسگەر و زێڕنگەر هەر لەسەر پیشەی باوکیان دەمانەوە و لە دەستڕەنگینیدا پێشدەکەوتن، کچی تەونگەر و حەڵواچی و چەندینی دیکەش هەر لەسەر پیشەی بنەماڵەکانیان دەمانەوە و خەڵک بۆ دەستەبەرکردنی شمەک و پێداویستییەکانیان دەچوونە لایان و دەیانزانی کاری دەستیی کێ رەنگین و نایابە، لە شارەکانماندا گوزەری دارتاشان، زێڕنگەران، بەرگدرووان، ناڵبەندان و چەندین پیشەی دیکە دەزانرا لە کوێیە و زۆر ماندوو نە دەبووی لە دۆزینەوەیان.
پیشە هێندە شکۆدار بوو دەبوو بە نازناو بۆ خێزان و بنەماڵەکان و سەری بێ رسقی پیشەگەر لە ژێر خاکدابوو، وەستا نازناوی خەڵکی کارامە و لێهاتوو بوو لە بواری خۆیدا و ئەو کەسە تەمەنێکی زۆری بەسەر دەبرد تا بەڕاستی لە کار و پیشەکەیدا قاڵ و دەستڕەنگین دەبوو ئەوجا دەبووە کەسێکی شایستە بە نازناوی وەستا، خۆ ئەگەر لەو کارەیدا سەرنەکەوتایە و بە کەمتەرخەمی وەریبگرتایە قەت ناوی وەستای بەخۆوە نەدەبینی و بە ناچاریی دەچووە سەر کارێکی دیکە.
ئەمڕۆ وا نییە زۆر خەڵک هەر لە خۆوە و بە گۆترەکاری دەنیشێتە سەر هەر کارێک حەزی لێبێت و بزانێت (دەستکەوتێکی) خێرای تێدایە، بەبێ ئەوەی هیچ خۆی ماندوو کردبێت لەو بوارەدا و هیچیشی لێنازانێت و دەبێت پێیشی بوترێت (وەستا)، ئیتر هەر لە پیشە جۆراوجۆرەکانەوە بیگرە تا دەگاتە وەستای خانووبەرە، کارەبا، ئاو، فیتەری و هەزار شتی دیکە، زۆربەی زۆریشیان لەجیاتی ئەوەی چاکی بکەن خراپی دەکەن و باوەڕ ناکەم هیچ کەسێک لە ئێمە گیری نەخواردبێت بە دەست ئەو جۆرە وەستای نا وەستایانەوە!.