ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ دوای روخانی رژێمی بەعس، جگە لە داهاتی ناوخۆ، ساڵانە پارەیەكی زۆر دەهاتە هەرێمی كوردستان، كاتێك لە كۆتایی 2013 بەغدا بودجەی هەرێمی راگرت، هەرێمی كوردستان رووبەڕووی بارێكی زۆر سەخت بۆوە، چونكە ئەو پارەیەی هاتبوو زۆربەی لە ژێرخانی ئابووریی خەرجنەكرا، ئێستاش دوای 8 ساڵ لە بڕینی بودجە و فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆ، نەك دۆخەكە چارەسەر نەكراوە، بەڵكو بارێكی ئێجگار گران خراوەتە ئەستۆی خەڵك و خەرجی حكومەت لەگیرفانی خەڵك كۆدەكرێتەوە.
هەر لە پارەی كارەباوە بگرە تاوەكو ئاو و سووتەمەنی و باج و رسومات زیادی کردووە و نرخی نەوت بەرز بۆتەوە وبەشێکی ئەو باج و رسوماتانە بە یاسا رێكنەخراوە، هەموو ئەوەش بێئەوەی نەخشەڕێیەكی درێژخایەن هەبێت و پڕۆژەی ستراتیژیی بۆ هەلی كار و بەرزكردنەوەی داهاتی خەڵك هەبێت.
زیاتر لە 20 ساڵە باس لە وشكەساڵی و خراپ بوونی ژینگەی كوردستان دەكرێت. ساڵی 2007 یەكێك بوو لە ساڵە سەختەكانی باران بارین، تا 2008 یش عیراق ئامادە بوو پڕۆژەی بێخمە جێبەجێبكات كە بەیەكێك لەگەورەترین پڕۆژەی گلدانەوەی ئاو دادەنرێت، لەبری جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە ستراتیژییە كە كاریگەری زۆر گەورەی لەسەر كوردستان و عیراق دەبوو، وەزارەتی شارەوانی و كارەبا كۆبوونەوە و بڕیاریاندا سەدان بیری نوێ لە شارەكانی كوردستان لێبدەن، لەبری چارەسەری ریشەیی كە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژیی گلدانەوەی ئاوە.
زۆربەی جادەی سەرەکی نێوان شارەکان جووت ساید نین
ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە قەوارەی هەرێمی كوردستان هەیە، كەچی تائێستا رێگای نێوان هەولێر و سلێمانی كە دوو شاری ستراتیژیین دوو ساید نییە! نزیكەی ساڵێكە رێگای هەولێر و دهۆك كراوە بە دوو ساید ئەویش تەواو نەبووە! جارێ نێوانی (هیزۆپ و دوكان) بووە بە فۆبیا، لەتێكی جێبەجێدەكرێت و دوو ساڵ دەوەستێت وەكو خۆی لێدێتەوە!
بە دڵنیاییەوە نموونەی زیاتر و پرسی زۆر زیاتر هەیە قسەی لێبكەین. ئەوەی مەبەستمە بڵێم، ئەم حكومەت و حوكمڕانییەی لە كوردستان هەبووە و هەیە تێگەیشتنی ستراتیژیانەی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان نییە، بەڵكو هەمیشە قەیرانی ئەمڕۆ بە سبەی سپێردراوە. هەروەك چۆن ئێستا دەیان هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دروستدەكرێت بێئەوەی بەرنامەی ئیدارەدانیان هەبێت لە رووی خزمەتگوزارییەوە لەبری چارەسەری قەیرانەكانی خزمەتگوزاریی، ئەوەندەی دیكە قەیرانەكان سەختتر دەكرێت و قەیران بە قەیرانی دیكە دەسپێردرێت.