دوێنێ و ئەمڕۆ

رۆحی ئێمە و كاریگەریی شیعر

11:32 - 2022-06-14
عەبدوڵڵا عەباس
508 خوێندراوەتەوە

فقط الشعر له قدرة ان یفتح بوابە الحلم الجمیل ‘‘ والحزن المبارك ‘‘  وله القدرة علی كشف ذلك الحب الذي نری من خلاله ابعد من ما وراء مدی الرؤیا / 
تا ئێستایش و نەك لە رۆژەكانی زەمانی ناوەڕاست و سەرەتای سەدەی بیستەمدا و دوای بەرێكردنی بیست و دووهەم ساڵەی سەدەی بیست و یەك  لە ژیانی مرۆڤایەتی، لای مرۆڤی كوردی چاوكراوە لە سروشتی جوانییەك خوا كردەیە و كردویەتیە نیعمەتی خاكی ئەو مرۆڤە، بەڵكو لای من وا هەست دەكەم، لەكۆمەڵی ئێمەدا، هێشتا شیعر بۆ ئەو مرۆڤە، ئەو شنەیەیە دەرگای خەونی جوان بەكراوەیی دەهێڵێتەوە. هەر دیسان شیعر شنەی خەمی پیرۆز دەكاتە ئاوازی لێدانی دڵ و پەنگ خواردنەوەی هوشی و خەم بكاتە داهێنان نەك گوشینی دڵ! هەر دیسان شیعر، هەتا ئێستایش، لای ئێمە رووناكی دەخاتە ئەودڵانەوە بەهیواوە دەرواننە سبەینێی خۆیان و ژینگەكەیان و خەڵكی دەورووبەریان، بۆیە رای زۆرێكی شیعر دۆستی ئەم دەڤەرەی سەر زەمین كە خاك و وڵاتی ئێمەیە، شیعر دەتوانێ‌ دەرگای خەونی جوانمان بۆ بكاتەوە، هەر شیعر دەتوانێ‌ خەمی پیرۆز و  بەرووی دنیادا وا بكاتەوە، دوورتر لە دووری هەست و هۆش بكاتە تابلۆی زیندووی هەست!
لای شاعیری داغستانی (حەمزا تۆڤ ) وایە كە شاعیرەكان باڵندەی كۆچەری نین ‘ شاعیری بێ‌ رەگ و ریشەی قوڵ لەخاكی دایكدا ‘ درەختێكی بێ‌ رەگە و باڵندەیەكی بێ‌ لانە ...!!
ئەگەر لە ژیانی مرۆڤایەتیدا، شیعر و ئیقاعی بە وشە هونراوەی هەڵچوونی سۆز نەبووایە، ئاوازی سەمای ژیانی ئارام و ژیان لەكاتی هەڵچوندا نەدەبوو، دیسان ئەوە ئیقاع و سۆزی شیعرە فڵچەی دەستڕەنگینی شێوەكار دەكاتە تابلۆی رەنگانەوەی هەموو بوون و ئاسمان و پەلكە زێڕینە.
خەڵكی ئەم وڵاتە جوانەی ئێمە، لەگەڵ شیعر زمانی پژاوە، لە سامانی نەتەوەیی دنیای داهێنانی نەتەوەیی، دەقی وامان بۆ ماوەتەوە، لە دیقەتی ئیختیاری وشە و دەربڕینی هەستی مرۆیی داهێنەرەكەی كە نەناسراوە، شان دەدات لەشانی شاعیری ناسراوی خاوەن ناو و نیشان .
دوا قسە :
ئەوەی حەزرەتی (نالی ) هونیوێتێەوە بۆ دەربڕینی هەستی شیعریی بەزمانی كوردی، بەڵگەی باڵایی زەوقی ئینسانی ئەم خاكەیە لەگەڵ پیرۆزترین هەستی داهێنەرانەی خەڵكی كوردستان و ئەو بەهرەیە كلیلی كردنەوەی دەرگای هەموو داهێنانە جوانەكانی دیکەیە :
تەبعی شەككەرباری من، كوردیی ئەگەر ئینشا دەكا 
ئیمتحانی خۆیە مەقسوودی، لە عەمدەن وادەكا 
كەس بە ئەلفازم نەڵێ‌ كوردییە خۆ كردییە 
هەركەسێ‌ نادان نەبێ‌ خۆی تالیبی مەعنا دەكا)

وتارەکانی نوسەر