دوو و سێ رۆژە، بە چڕی شەپۆلێكی نوێی توندوتیژی و پێكدادانی چەكداری لە سوریا دەستی پێكردووە. ئەو جوگرافیا سیاسییە ئاڵۆزەی كە كەوتۆتە ناو چەندین ئەجێندای پێك ناكۆكی هەرێمایەتی و ناوچەیی و جیهانییەوە، پێشبینیكراو بوو كە بەو زووانە سەقامگیری بەخۆوە نەبینێت. لەگەڵ ئەوەشدا، پەراوێزێك لە خەمڵاندن و شیمانە هەبووە بۆ گرەوكردن لەسەر ئەوەی خۆی بپارێزێت.
گرەوەكە، زۆر بە سادەیی، ئەوەیە كە سوریا، لەدوای كۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی پێشوو، پەندێكی زۆری لەشەڕە ناوخۆییەكانی رابردوو وەرگرتبێت، ئەزموون لە بەریەككەوتنی تایەفیی قۆناغی جیاجیای وڵاتانی وەك لوبنان، لیبیا، یەمەن، هیچ نەبێ عیراقی دراوسێ وەرگیرابێت بۆ ئەوەی مێژووی خوێناوی دووبارە نەكرێتەوە. خودی جۆلانی، ئەحمەد شەرعی ئێستا، لە زۆر وتاری جەماوەری و پرێس كۆنفرانسدا بەڵێنی بە جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پێش ئەوانیش پێكهاتەكانی سوریا دا كە سوریای نوێ سوریای پێكەوەژیان و لێبووردەیی و نیشتمانی هەمووان بێت.
گرژییە ئەمنییەكانی چەند رۆژی رابردوو، پێشتریش كەموكوڕییەكانی نوێنەرایەتیكردن لەكۆنگرەی سوریا بۆ دیالۆگی نیشتمانی، لەو پێدراوە مەیدانییانەن كە لەسەر ئاستی فاكتەریی ناخۆیی ئاراستەی رووداوەكانیان لەم وڵاتەدا گۆڕی، ئێستا گومان و دوودڵی و فیتنەی نوێی سیاسیی هێناوەتە ئاراوە. راستە لە سوریا، گروپی چەكداری پاشماوەی دەسەڵاتی پێشووی ئەسەد، بە گیانی تۆڵەكردنەوە بێت، یان هاندانی دەرەكی، هەوڵی تێكدانی ئاسایشی سوریا دەدەن، بەڵام زیرەكیی سیاسیی بۆ فەرمانڕەوایانی نوێی دیمەشق لەوەدایە كە جیاوازی لەنێوان ئەو گروپە چەكدارانەو هاووڵاتیانی مەدەنی پێكهاتەی عەلەوییەكان بكەن و بە ئەنگێزەی تایەفەگەری هەڵوێست وەرنەگیرێت. لەوەش زیاتر، مەترسیی مامەڵەكردنە لەگەڵ گرژییەكاندا بە گیانی میلشیای چەكداری نەك وەك هێزی سیستماتیكی دەوڵەت، لەوەش خراپتر بڵاوكردنەوەی هەڵمەتەكانی گرتن و بەریەككەوتنە چەكدارییەكانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وەك سەردەمی ئەزموونی تەحریر شام نەك سوپای دەوڵەت و دزە پێكردنی هەزاران گرتەی ڤیدیۆییە كە تیایدا هێندەی تر ترس و دڵەڕاوكێ بۆ خەڵكی مەدەنیی سەربە پێكهاتەكانی سوریاو لەسەرویانەوە عەلەوییەكان دروستدەكات، ئەمە جگە لەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەوروژێنێت و وا نەتەوە یەكگرتووەكانیش لێی نیگەرانەو هۆشیاری دەدات.
بەگشتی، وێنەو دیمەنە گرژو خوێناوییەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی نوێی سوریا، دڵخۆشكەر نین، كارنامەی دژبە یەكی هەرێمایەتی و ناوچەیی و جیهانیش یارمەتیدەرنین بۆ ئەوەی سەقامگیری و یەكترقبوڵكردن لەو وڵاتە ئاسان بێت، لەو نێوانەشدا ئەوەی زۆرترین بڕی نەهامەتیی بەردەكەوێت گەلانی سوریایە كە نازانن ئایندەی وڵاتەكەیان روو لە كوێیە؟.
[email protected]