مووچەیەكی تر، پێش جەژن..

09:47 - 2025-03-13
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
99 خوێندراوەتەوە

  ئەو بۆچوونەی كە دەڵێت هەق نییە مووچەو هاتن و دواكەوتنی ببێتە هەواڵی میدیاكان، لەو بنەما زانستییانە تێناگات كە لەمیدیادا بەهای هەواڵ دەستنیشاندەكەن، چ جای ئەوەی لەم دوو هەفتەیەداو پێش هاتنی جەژنی پیرۆزی رەمەزان، مووچەخۆرانی هەرێم مافی وەرگرتنی مووچەیەكی تریان هەیە و پێویستە لەمیدیاكانەوە بەدواداچوونی بۆ بكرێت. 
 ســتاندارترین ئەركەكانی ميديا Media function هەروەك لای Harold Dwight  Lasswell لاسویل (1902 - 1978)ز و تیۆرسێنانی تری بواری كۆمەڵناسی و كۆمەنیكەیشن هەیە، ئەرکی چاودێریکردنی ژینگەی دەوروبەرە، ئەوەش بە گواستنەوەی هەواڵ سەبارەت بەوەی کە لەکۆمەڵگەکاندا چی دەبێتە هەڕەشەو چی روودەدات. ئەگەر میدیای كوردی ئەم ئەركە رانەپەڕێنێت، نەك هەواڵ و روماڵەكانی، بەڵكو بەهای بوونی خودی خۆیشی لەدەستدەدات. 
  دیدی ئێمە، لەمەدا، رەخنەییانەیەو دوورتر دەڕۆین. زۆرجار وای دەبینین كە تەنها گواستنەوەی فاكت و زانیاری لەبارەی ئەوەی كە چی لەوڵاتدا روودەدات بەس نییە، بەڵكو پێویستیی هەم بە بەكارهێنانی ژانری بنكۆڵكاری Investigative هەیە، هەم شیكاری Analysis، ئەوەش لە رێی كەسانی پسپۆڕو پەیوەندیدارەوە، چونكە ئەگەر تەنها هەواڵی نموونەی دواكەوتن یان نەهاتن و نەناردنی مووچە لە سنووری ژانری هەواڵدا بمێنێتەوە لەكاتێكدا كە بۆتە یەكێك لە دەرەنجامە پڕوكێنەرەكانی قەیرانی دارایی، ئەوا ئەوسا میدیا لەجیاتی تێركردنی پێویستییە مەعریفی و سۆزدارییەكانی هاووڵاتیان، دڵەڕاوكێ و نادڵنیاییان بۆ دروستدەكات.
  ئەمڕۆ، بخوازرێت یان نا، گواستنەوەی زانیاری لەسەر كێشەی مووچەش، بەهای هەواڵیی خۆی هەیە. بۆ نموونە دروستكردنی پرسیار لەسەر مووچەی مانگی ئازارو ئەگەری دان و نەدانی، سۆراخكردنی مافێكی گشتییەو بەهای هەیە، بەتایبەتی كە ئەم دۆسێیەیە تەنها پەیوەست نییە بە نزیكەی ملیۆنێك و سێسەد هەزار مووچەخۆرەوە لەهەرێم، بەڵكو كاریگەریی لەسەر بازاڕی كاسبی دوو سێ ملیۆن خەڵكی كاسبكاریشمان هەیە، چ جای ئەوەی كۆتایی ئەم مانگە رێككەوتی جەژن بێت كە لەگەڵیدا بڕی پێویستییەكانی خەڵك وەك ئامادەكاری بۆ جەژن، زۆر زیاد دەكات. 
  لەدیدێكی میدیاییەوە، كێشەی مووچە، هەڕەشەی بۆ سەر بەرنامەی ژیانی هاووڵاتیان و پڕكردنەوەی پێویستییەكانی گوزەرانیان هەیە، دۆخێكی سایكۆلۆژیی نائارامی بۆ دروستكردوون، ناڕەزایی فەرمانبەران، بایكۆتی مامۆستایان و ناوەندەكانی خوێندن، بێبازاڕیی و تووڕەیی كاسبكاران، پاشەكشەی پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنان، گرژبوونی پەیوەندیی نێوان حكومەت و هاووڵاتیان، سەرهەڵدانی تاوان و دیاردە كۆمەڵایەتییەكان، لاوازبوونی پەیوەستبون بە بەها نیشتمانییەكان و چەندین دەرەنجامی تری مەترسیداری لێكەوتۆتەوە، بۆیە میدیا ناتوانێت بایەخ بەم فاكتانە نەدات، بەتایبەتی ئەگەر بیەوێت میدیایەكی پیشەیی و نیشتمانی و بەدەربەست بێت.

‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر