ناڕەزاییەکانی کورد لە شەرع، شەرعییە؟

10:15 - 2025-03-17
هیوا محەمەد
54 خوێندراوەتەوە

شرۆڤەکاران، شەرعیان بەو جۆرە وێنا دەکرد کە ئەو بە تۆقاندن دەستی پێکردووە، هەر لەبەر ئەمەشە ناتوانێت ببێتە سەرۆکێک بۆ هەموو سورییەکان

لە سەرەتای هاتنی گروپەکەی جۆلانییەوە کە دواتر بوو بە شەرع، زۆرێک چاوەڕوانی هەڵوێستی هەسەدەیان دەکرد، تا بزانن ئایا لەگەڵ جۆلانی دەبێت یان دژیەتی؟ بەوپێیەی سیناریۆی گۆڕانکارییە خێراکەی سوریا لەلایەن ئەمریکا و تورکیاوە داڕێژرابوو، دەبوا هەڵوێستی کوردیش گونجاو بێت لەگەڵ هەنگاوی ئەمریکا، چونکە ئەوان هاوپەیمانی کوردن لە سوریا.
کورد خێرا ئاڵای نوێی سوریایان هەڵکرد، بەمەش دانیان نا بەم گروپە نوێیەی حکومڕانیدا.
شەرع و هاوەڵەکانی هەرزوو کەوتنە هەڕەشەکردن و ئاگادارکردنەوە لەوەی دەبێت هەسەدە چەک دابنێت و ئەو پارچەیەی کوردنشینن بگەڕێنرێتەوە سەر دیمەشق، هەڕەشەکانی ئەوان و مکوڕبوونی هەسەدە لەسەر مانەوەیان بەم جۆرە، ئەمریکای هێنایە جووڵە و کارێکی وایکرد کە هەسەدە و شەرع واژۆی رێکەوتنێکی هەشت خاڵی بکەن.

هاوکات بوو لەگەڵ کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان
لەکاتێکدا ئەم رێکەوتنە واژۆکرا، کە میدیا جیهانییەکان و ئەوانەی رۆژئاواش وەک کوردەکان، تەنانەت زۆربەی میدیاکانی هەرێمی کوردستانیش، رۆماڵی ئەو رووداوانەیان دەکرد کە لە کەناراوەکانی سوریا بەرامبەر بە عەلەوییەکان دەکرا لەژێر ناوی لەناوبردنی پاشماوەکانی ئەسەد. شرۆڤەکاران، شەرعیان بەو جۆرە وێنا دەکرد کە ئەو بە تۆقاندن دەستی پێکردووە، هەر لەبەر ئەمەشە ناتوانێت ببێتە سەرۆکێک بۆ هەموو سورییەکان.

رێکەوتنی کورد و دیمەشق و 
دۆخێکی خراپ
لەم دۆخە ناهەموارەدا بوو، رێکەوتنی کورد و دیمەشق راگەیەندرا، ئیتر نابێت بە شەرع بووترێت توندڕەوی کۆنە تیرۆریست، ئەگەر نا دەکەوینە ژێر پرسیارەوە و پێمان دەڵێن چۆن لەگەڵ ئەم مرۆڤە بکوژە رێکدەکەون؟
لە مانگی یەکەمی ئەم حکومڕانییە نوێیەوە، باس لە گردبوونەوەی نیشتمانیی سوریا و نووسینەوەی رەشنووسی دەستوور دەکرا، لە هیچکامیشیاندا کورد بەشداریی پێنەکراوە، کەچی رێککەوتنی دیمەشق واژۆکرا. 
ئێستا هەڵوێستی ئەنجومەنی نیشتمانی دیموکراسیی سوریا، کە باڵی سیاسیی هەسەدەیە، هەسەدە خۆشی، پێیانوایە ئەم رەشنووسی دەستوورە پێچەوانەی خواستەکانی ئەوانە و دابینی مافەکانی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان ناکات.
دەکرێت بپرسین، ئایا ناسەربەخۆبوونی کورد لە رۆژئاوایە وادەکات لەگەڵ رووداوەکان هەنگاو بنێن و جێگەی رەزامەندیشییان نەبێت پێی رازیبن؟
بۆچی کورد بەشداریی 
داڕشتنەکەی نەکرد؟ 
دەکرێت لەگەڵ کەسێک رێکبکەون وەک ئەحمەد شەرع، واژۆی هەشت خاڵی لەگەڵ بکەن، بەڵام کورد هیچ پشکێکی لە نووسینی رەشنووسی دەستوور و دامەزراندنی ئەنجومەنی نەتەوەیی سوری و ئەنجومەنی گەل و دادگای دەستووریدا نەبێت؟ 
دەکرێت ئەگەر یەکێک لە هەشت خاڵی رێککەوتنەکەدا باسی ئەوە کرا بێت، کورد بەشی سەرەکیی کۆمەڵگەی سورییە، بەڵام ئاگای لە هیچ نەبێت و بەشداریی نووسینی رەشنووسی دەستوور نەکات و کە دەریش چوو، نارەزایی دەربڕێت؟
بەپێی ئەو هەشت خاڵی رێککەوتنەی کورد و شەرع بێت، دەبوو کورد بەو قورساییەی کە هەیەتی لەناو هەموو ئەو ئەنجومەنانەدا بەشدار بێت کە رەشنووسی دەستوور باسی دەکات، دەبوو خۆشی رۆڵی سەرەکی هەبێت لە نووسینەوەی رەشنووسەکە.
کورد لە رۆژئاوا، دەبێت سوود لە ئەزموونی کورد لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت، دێتەوە یادیان کە چۆن بەشدارییان کرد لە داڕشتنی دەستووردا؟ هێشتاش بە پێی پێویست کاری پێناکرێت، ئیتر چۆن پشت دەبەستن بە رێککەوتنێک کە لەنێوان هەسەدە و تاکە کەسێکدا کە ئەحمەد شەرعە، وەک سەرۆک کۆماری کاتی، ئەی ئایا بە مردنی ئەو یان لاچوونی، کەسێکی تر پابەند دەبێت پێیەوە؟ دەبێت هەسەدە بپرسێت، بۆچی تورکیا زۆر بە پەلەیە بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێکەوتنی نێوان هەسەدە و شەرع؟ بڵێیت لەبەر خاتری چاوی کورد بێت؟ یان ئەوان ئەو رێککەوتنە دەکەنە بەردە باز و کاتی پێدەکوژن؟

وتارەکانی نوسەر