پێگەو گرنگی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆچی دەگەڕێتەوە؟

10:28 - 2025-03-25
دانا حامید
69 خوێندراوەتەوە

ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە دڵی جیهان دادەنرێت، لەڕووی ئایینی و رۆشنبیری و ئابوورییەوە، لەسەر ئاستی جیهان رۆڵێکی گرنگی هەیە، هەربۆیە وڵاتان بە گشتی و زلهێزەکان بەتایبەتی، هەمیشە چاویان لەسەری بووە و جێگەی بایەخیان بووە. 
گرنگیی  خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەم لایەنانەوەیە:
یەکەم: گرنگی جوگرافی
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، شوێنێکی ستراتیژی گرنگی هەیە، بەو پێیەی سێ کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا پێکەوە گرێ دەدات، دەکەوێتە یەکتربڕینی رێگا وشکانییەکانی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا، هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوەکان، لەوانە دەریای ناوەڕاست، دەریای سوور، دەریای خەزەر، دەریای عەرەب و کەنداوی عەرەبی هێندەی تر بایەخی ئەم ناوچەیەی زیاد کردووە. بەو پێیەی گرنگترین دەروازە دەریاییەکان کەوتوونەتە ئەم ناوچەیە، لە نموونەی گەرووی بۆسفۆر، گەرووی دەردەنێل، گەرووی هورمز، کەنداوی عەرەبی، کەناڵی سوێس، بابولمەندەب، گەرووی جەبەل تارق، ئەمە وایکردووە ناوچەکە کۆنتڕۆڵی رێڕەوی کەشتیوانی نێودەوڵەتی بکات.
ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی ببێتە رێگایەکی گەورە بۆ هاتوچۆی وشکانی و دەریایی  و ئاسمانی جیهانیی، هەروەها دەروازەیەکی گرنگ بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتی و ناوچەیەکی سەربازی و ستراتیژی بۆ دامەزراندنی بنکە سەربازییەکانی وڵاتانی زلهێز.
دووەم: گرنگیی ئابووری
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی سەر زەوی دادەنرێت، لەڕووی سامانە سروشتییەکانەوە، بەو پێیەی خاوەنی سامانە سروشتییە بە نرخەکانە، بەتایبەتی سەرچاوەکانی وزە، لە دیارترینیان نەوت و گازی سروشتی و ئەم سەرچاوانەش بنەمای ئابووری جیهانی مۆدێرن پێکدەهێنن.
ئەم سامانە سروشتیانە، گرنگییەکی جیهانییان بە ناوچەکە بەخشیوە و زلهێزەکان هەوڵ دەدەن سەرچاوەکانی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن و بە بەردەوامیی کار بۆ دابینکردنی ئابوورییەکی مسۆگەر دەکەن، ئەمەش وایکردووە ناوچەکە ببێتە شوێنێک بۆ کێبڕکێ و ململانێ و ناکۆکیی وڵاتانی هەرێمی و زلهێز. ناوچەکە هەروەها خاوەنی سەرچاوەی کانزایی گەورەی وەک فۆسفات، ئاسن، زێڕ، جیوەو هی ترە، جگه له سامانی ئاژەڵ و ماسی و زەوی کشتوکاڵی.
سێیەم: گرنگی لەڕووی شارستانی و مرۆییەوە
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، گرنگییەکی ناوازەی هەیە، بەو پێیەی لانکەی سێ ئایینە گەورە ئاسمانییەکەیە و ناوەندی بڵاوبوونەوەیانە بە جیهاندا، گرنگترین شوێنە پیرۆزەکانی ئەم ئایینانە لەم ناوچەیەدایە، ئەمەش وایکردووە ببێتە جێگای سەرنجی ملیارەها کەس لە جیهاندا.
ئەم ناوچەیە، بە خاکی شارستانیەتەکانی کۆن و سەدەی ناوەڕاست دادەنرێت، وەک شارستانیەتی فیرعەونی، فینیقی، بابلی، سۆمەری، فارسی و ئیسلامی ئەم شارستانیەتانە رابەرایەتی جیهانیان دەکرد، ئاڵای پێشکەوتن و دەستکەوتیان لە زانست و هونەردا هەڵگرتبوو، هەروەها رۆڵێکی بنەڕەتییان هەبوو لە داڕشتنی شارستانیەتی مۆدێرن. 
کێشە و ململانێکان
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە رووبەرێکی جوگرافیای بەرفراوان پێکدێت و چەندین وڵات دەگرێتەوە، کە بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ژینگەیی و ئیتنی ئەم وڵاتانە جیاوازە، ئەمەش وادەکات کێشەو ململانێ و ئاڵەنگارییەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاواز بن، بە گشتی کۆمەڵێک کێشەو ئاڵەنگاری لە ناوچەکەدا هەن کە گرنگترینیان بریتین لەمانە:
تەماحە دەرەکییەکان
ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەردەوام بووەتە ئامانجی چاوتێبڕینی دەرەکی و بابەتی کێبڕکێی زلهێزە جیهانییەکان، کە بەردەوام لە هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆیانن بەسەر ناوچەکەدا.
بوونی هێزی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی بیانی لە ناوچەکەدا، بەردەوام دەبێتە هۆی دەستوەردانی هەمیشەیی لە کاروباری ناوخۆیی و ناوچەییدا، هەروەها پشتیوانی لە ململانێ ناوخۆییەکان و پارچە پارچە بوون دەکات.
ململانێ ناوخۆییەکان
ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، چەندین نەتەوە و ئایین و کەمینە لەخۆدەگرێت و ئەم فرەچەشنییە دەبێتە هۆی ناکۆکی ناوخۆیی، بوونی چوار نەتەوەی گەورە لە ناوچەکەدا (کورد، عەرەب، فارس و تورک) کە خاوەن تایبەتمەندی و شووناسی جیاوازی نەتەوەیی خۆیانن بەردەوام کێشەو ناکۆکی لێکەوتووەتەوە، هەروەها ململانێی ئایینی نێوان دوو مەزهەبی سوننە و شیعە، بەرەیەکی دیکەی ململانێ و ناکۆکی دروست کردووە.
کێشەی ژینگەیی و ئابووری
ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رووبەڕووی چەندین گرفتی ژینگەیی دەبێتەوە، بەتایبەت بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمی ئاو، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوچەکەدا دوو هێندەی تێکڕای جیهانە و لە کۆی ئەو 17 وڵاتەی لە جیهاندا بەدەست کێشەی کەم ئاوییەوە دەناڵێنن، 11 وڵاتیان دەکەونە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشەکانی وشکەساڵی و بە بیابان بوون، دانیشتوانی ناوچەکە ناچار دەکات کۆچ بکەن بۆ شارەکان، فشاریش دەخاتە سەر ژێرخانی ئابووری و سووتەمەنی و گرژییەکانی نێوان چین و توێژە ناوخۆییەکان زیاد دەکات.

وتارەکانی نوسەر