لە پەنجەرەی پەروەردەوە

گرنگیی گوێگرتن لە فێربووندا

10:43 - 2022-06-21
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
853 خوێندراوەتەوە

هەر لە منداڵیمانەوە فێردەبین چۆن هاوبەستبین بە خەڵکانی ترەوە لە زۆر رێگای جۆربەجۆرەوە وەک: گفتوگۆ، نووسین، خوێندنەوە، لە قوتابخانە و خوێندنگەکانیشدا هەمیشە گرنگی بەو لایەنانە دەدرێت، بەڵام ئەو هۆکارە کاریگەرەی کە کەمترین گرنگیی پێدەدرێت، یاخود هەر گرنگیی پێنادرێت و لە هەمان کاتیشدا یەکێکە لە هۆکارە چالاکەکانی پەیوەندیی و کارلێکەکان، گوێگرتنە.
 بۆئەوەی لە خەڵکانی دیکە تێبگەین، دەبێت گوێیان لێبگرین، عەقڵ پێش زمانی ئاخاوتن بکەوێت، وتەکان لێکبدرێتەوە و واتا و تێگەیشتنی بۆ بێتەدی، چونکە گوێگرتنی چالاک جیاوازە لە بیستن، دەکرێت مرۆڤ ببیستێت، بەڵام لە واتا و مەبەست و ناوەڕۆک تێنەگات.
 بیستن پەیوەندیی بە هۆشیاریی مرۆڤەوە نییە، دەزگای بیستن ئەرک و رۆڵی گواستنەوەی دەنگەکانە، ئەوەی درک بە واتا و لێکدانەوە و جیاوازیی دەنگەکان و واتاکردنیان و بەستنەوەی  بە فەرهەنگی ئیدراکی بیستنەوە دەکات، مێشکە نەک گوێ، بۆیە زۆر گرنگە هەر لە لەدایکبوونەوە منداڵ فێری گوێگرتنی چالاک بکرێت و لە باخچەی منداڵان و خوێندنگەکانیشدا بایەخی زیاتر و کاریگەری پێ بدرێت، چونکە ئەگەر مرۆڤ لە گوێگرتنی چالاک رانەیەت، تێگەیشتن لە بیستراوەکان کارێکی ئەستەم دەبێت، بەمەش توانای گەیشتن بە ئەنجام و گونجان لەسەر پێکهاتەکانی گفتوگۆ و رێکەوتن لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بێ ئاکام دەبێت، یاخود لێکدانەوەی هەڵە و پێچەوانەی مەبەستی لێ بەرهەم دێت.
 گوێگرتن کارێکی زۆرەملێ نییە، بەڵکو کارێکی خۆویستە، بەڵام دەکرێت لە زۆر رووەوە هاوکاریی منداڵ یان تاک بکرێت بۆئەوەی گوێگرێکی ئەرێنی بێت، ئەگەرچی ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بە شێوەیەکی کورت گوێگرتنی ئەرێنی بەندە بە چەند بەراییەکی سەرەکییەوە کە دەکرێت هەر لە خێزانەوە منداڵی لەسەر رابهێنرێت، وەک: سەرنجڕاکێشانی منداڵ لە کاتی لەگەڵ ئاخاوتندا، زمانی روون و گەشبینی رووخسار لەکاتی دواندندا، خوێندنەوەی چیرۆک و بابەتی ئاسان و گونجاو لەگەڵ ئاست و تەمەنی منداڵ وادەکات منداڵ زیاتر لەوەی دەیبیستێت سەرنجی بیستراوەکانیش بدات و هێما و واتایان بۆ دابنێت، وەڵامدانەوەی منداڵ و کارکردن لەسەر خواستەکانی منداڵ رێگایەکی باشە بۆ ئەو مەبەستە، لە باخچە و قوتابخانەشدا گرنگە مامۆستا پێشەنگی کرداری بێت لە گوێرتن لە قوتابیان و سەرنجڕاکێشان و زیادکردنی ئاگاییان بۆ بابەتە خوێندراوەکان بەشێوەیەکی چێژبەخش و هاندانیان بۆ گوێگرتنێکی ئەرێنی بە پرسیار و وەڵام و لێکدانەوەی ناوەڕۆکی خوێنراوەکان، رەخنە نەگرتن لە هەڵە و کەموکووڕییەکان بەزمانی زبر و نەشکاندنی کەسێتی قوتابی و ئارامگرتن لە وەرگرتنەوەی وەڵامی خوێندکاران بە شیوەی پێویست هۆکارێکن بۆئەوەی خوێندکاران هەوڵی گوێگرتن بدەن و بە تێگەیشتنەوە وەڵام بدەنەوە.
ئێستا خێرایی بڕیاردان و گوێنەگرتن لە بەرامبەر و وەڵامدانەوە بەبێ تێگەیشتن لە مەبەستەکان بەداخەوە بووە بە کەلتورێکی باو لەنێو کۆمەڵگەدا و بێ ئەوەی بیر لە بیستراوەکان بکرێتەوە یان لە واتا و ئەودیوی ئامانجی وتەکان تێبگەن، وەڵام دەدرێتەوە، وەڵامدانەوەی خێرا دەبێتە هۆی تەنگژە و لەبری دروستکردنی پەیوەندیی ئەرێنی، جودایی و دوورکەوتنەوە دێنێتە کایەوە، رانەهاتن لەسەر گوێگرتن دەبێتە هۆی قسە پێبڕین و بوارنەدان بە بەرامبەر ئامانج و مەبەستی خۆی بگەیەنێت، بێگومان ئەمەش رەفتارێکی نەرێنییە و  لە ئەتەکێتی ئاخاوتنیش دوورە و نەگونجاوە.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 

وتارەکانی نوسەر