وردتر

مامەڵەكردنی گونجاو لەگەڵ كۆلێرادا

11:09 - 2022-06-21
لەشکر حەمە ساڵح
309 خوێندراوەتەوە

پەتای كۆلێرا دەستی بەبڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندن كردووە لە كوردستان. لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری و دەستیان بە هەماهەنگی كردووە لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
كۆلێرا لە كوردستاندا، هاوكاتە لەگەڵ شەپۆلێكی هاوشێوە لە هەندێك ناوچەی عیراق. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە پەیوەندی و هاتووچۆی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوچەكانی تری عیراق، بەهۆی گەشتوگوزار و بازرگانییەوە، چاوەڕوانكراوە مەترسی بڵاوبوونەوەی لێبكەوێتەوە.
رەنگە ئەمە كاری كەسانی پسپۆڕ بێت و بەدواداچوونی زانستی بوێت، بەڵام گەڕان بەدوای هۆكاری سەرهەڵدان و تەشەنەسەندنی كۆلێرا لەو رووبەرە جوگرافییە فراوانەدا كارێكی گرنگە، بۆ ئەوەی هۆكاری بنچینەیی و رێگەكانی گواستنەوە و تەشەنەكردنی كۆنترۆڵ بكرێت.
بەپێی ستراتیژی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كۆلێرا كە لەسەر وێبسایتی رەسمی رێكخراوەكە بڵاوكراوەتەوە، ئەو پەتایە پێویستی بەمامەڵەكردنی خێرایە، بەچارەسەری پزیشكی و گرتنەبەری رێکاری تەندروستی، دیاریكردنی هۆكارەكان، بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری لەسەر ئاستی جیهانی.
ئەو وڵاتانەی چەند جارێك ئەو پەتایە تیایاندا بڵاودەبێتەوە دەبێت پلان و تیمی تایبەتیان هەبێت بۆ مامەڵەكردن لەسەر ئاستێكی نیشتمانی و دڵنیابوونەوە لە سنووردار کردنی.
ئەگەر ورد بینەوە بەڕوونی بۆمان دەردەكەوێت كە لەو ساڵانەی وشكەساڵی بەڕێژەی جیاواز لە ناوچە جیاجیاكاندا سەرهەڵدەدات، بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و تێكەڵاوبوونی ئاوی قورس لەگەڵ ئاوی سازگاری خواردن و خواردنەوە و بەكارهێنانی بۆ كشتوكاڵ، لە زۆر ناوچەدا كۆلێرا بڵاودەبێتەوە و تەشەنە دەكات.
ئێستاش كە لە كوردستان و تەواوی عیراق و ناوچەكەدا وشكەساڵی بەرۆكی گرتووین، كۆلێرا یەخەی گرتووین و رەنگە مەترسییەكانیشی زیاتر و فراوانتر بن ئەگەر هەنگاوی بەپەلە نەنرێت و چارەسەری گونجاو دەستەبەر نەكرێت.
ئەو هەنگاوانەی لە كوردستان نراون، بەتایبەتی تێكدانی ئەو كێڵگانەی سەوزە بەئاوی قورس بەرهەم دەهێنن، یان هەر هەنگاوێكی تری هاوشێوە، رەنگە چارەسەری بنبڕ بێت، بەڵام گرنگن، گرنگتر لەوانەش بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و خۆپارێزییە لە لایەن دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە.
دەشێت ئەزموونی دوو ساڵی رابردووی كوردستان بۆ مامەڵەكردنی گونجاو و زانستی و خێرا لەگەڵ پێشهات و دۆخە تەندروستییە مەترسیدارەكاندا، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید 19)، ئەزموونێكی باش بێت لە رووی لۆجستی و كردەیی و پلانسازیی خێراوە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی ستراتیژێكی جیهانیی داناوە بۆ ئەوەی تا ساڵی 2030 سنوورێك بۆ پەتای كۆلێرا دابنێن و بەڕێژەی 90% ئەو پەتایە لە سەرتاسەری جیهاندا كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كوردستان و عیراق لە كوێی ئەو ستراتیژە جیهانییەی رێكخراوی تەندروستی جیهانیدان؟
لەوەش گرنگتر وروژاندنی ئەو پرسەیە كە ئەم سەردەمەی ژیانی مرۆڤایەتی، سەرەڕای گەشەكردنی ئابووری و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژی، بەڵام هێشتا مرۆڤ گیرۆدەی مامەڵەی دروست و زانستی و خێرایە لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییە تەندروستییەكان، پێشتر كۆرۆنا و ئێستاش كۆلێرا، رەنگە سبەی ڤایرۆس و پەتای تر لەسەر ئاستی جیهان مەترسی و پەشێوی زیاتر دروست بكەن.

وتارەکانی نوسەر