رۆڵی راگەیاندن لە سەقامگیریی دا

10:50 - 2025-05-12
هەڵمەت هۆشیار
93 خوێندراوەتەوە

دۆخی میدیای كوردی دۆخێكی ناجۆر و دوور لە بەرپرسیارێتییە، دۆخێكە زۆربەی میدیاكان رێگە هەڵەكەیان گرتووە و رێگە راستەكەیان وێڵ كردووە.
 لە سەرانسەری دونیادا یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی راگەیاندن بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی و رەخساندنی زەمینەی چاكسازیی و پێكەوەژیانە، چونكە راگەیاندن سنوور و تەیمانەكان دەبەزێنێت و بەبێ لە دەرگەدان خۆی دەكات بە ماڵەكانماندا، بەبێ ئەوەی بەخۆ بزانین گیرۆدەی خۆی و پەیامەكانی دەبین. 
 ئەم ئەركەی میدیا یەكێكە لە ئەركە هەرە هەستیار و پڕ بایەخەكان، ئەوەی لەسەر بنەمای ئەم تیۆرە پەروەردە كرابێت بە ئاسانی ناكەوێت و خۆی لەبەردەم شەپۆلی زانیاریی بێ ناوەڕۆك رادەگرێت.
    راگەیاندن و رۆژنامەوانی بەرپرسیار خاوەنی دیدگا و پەیامن، لەم دیدگایەوە دەیانەوێت ئامانج بپێكن.
 ئامانجی راگەیاندنی بەرپرسیار بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دروست و تاكێكی هۆشیار و هەست بە بەرپرسیارێتییە،  رێچكە راستەكە ئەمەیە كە دەتوانین بناغەی میدیایی خۆمانی لەسەر بونیاد بنێین.
بەلێشاو بڵاوكرنەوەی بابەتگەلێك بەناوی هەواڵ و زانیاریی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیای ئەلكترۆنیدا، هێندەی ئامانج لێی كۆكردنەوەی (لایك و كۆمێنت)ە هێندە كاركردن نییە بۆ مانەوە لەدۆخی سەقامگیرییدا، هەر بۆیە هەمیشە ئەم میدیایانە لە دۆخە سەقامگیرەكاندا دنەی بابەتگەلێك دەدەن كە نائارامی (كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووریی ...هتد) دروست بكات. 
 هەتا هێزە سیاسییەكانی هەرێم تەبا بن و لێكترنزیكبوونەوە هەبێت، ئەمان لە درزێك دەگەڕێن تا بیكەنە كەلێنێك و ئالۆزییە دەرونییەكانی لێدروست بكەن. 
بە پێچەوانەشەوە هەتا ئالۆزییە سیاسییەكان زیاتر بێت، خراپتر هەوڵی فراوانكردنی كەڵینەكان دەدەن و كارێك دەكەن كۆمەڵگە بەسەر لایەنە ناكۆكەكاندا دابەش ببێت و ئاگری ناكۆكییەكە دابەزێتە ئاستی میللی و هاونیشتمانیانیش ببنە بەشێك لەو ململانێیە و قەتماغەی برینەكان هەڵبدەنەوە و خوێی پێدا بكەن. 
ئەوان تا رادەیەكی باش لەم هەوڵەدا براوە بوون و دۆخە میدیاییە ناجۆرەكە زۆرینەی وەرگری وا پەروەردە كردووە كەم بابەتی بڵاوكراوەی سیاسیی و پەیوەست بە هەرێم هەیە لێوڕێژ نەبن لە توانج و جنێو و (تێچینی) ئاست نزم، دۆخێك دروستبووە، هەمیشە گومانەكان بەسەر یەقیندا زاڵن، هەردەم بە چاوی (پیلانگێرییەوە) دەڕوانن لە هەوڵەكان، هێندە بێ متمانەیی زاڵە و هاونیشتمانیان وا سەریان لێشێواوە (قازانج و زیانی) خۆیانیان بۆ یەكلایی ناكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی بیركردنەوەی زۆرینەی هاونیشتمانییان ناكرێت وەكو پێوەر بۆ هیچ راپرسییەكی زانستی وەربگیرێت، چونكە لای زۆرینەمان رووكەش زاڵە و خوێندنەوە و بیركردنەوەی قووڵ ئامادەگییان نییە. 

* ئەندامی پەرلەمانی‌ كوردستان

وتارەکانی نوسەر