رۆژی 18/5/2025 یەکەمین رۆژی دیداری دێڵفی لە سلێمانی بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد، دیدارێک زۆربەی چاوەکان سەرنجیان خستبۆیە سەر، دیدارێک بە روئیایەکی نوێ دەیەوێت سلێمانی بخاتە ناو بازنەی کێبڕکێی ئابووریی جیهانی، چونکە لە دیبەیتی میوانەکان و لێدوانی ئامادەبووانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تا رادەیەکی زۆر گەشبینی بە دی دەکرا.
روو لە هەرێم و سلێمانی بکەن بۆ وەبەرهێنان
ئەم گەشبینییە بە رادەیەکی زیاتر لە لێدوانی باڵیوز و کونسوڵی وڵاتانی وەکو (چین و ئەڵمانیا، شانشینی یەکگرتوو، فەرەنسا و ئەمریکا و کوریا) دەبینرا، ئەمەش مژدەیەکی خۆشە بۆ سلێمانی، چونکە وتەو تێڕوانینەکانی ئەوان رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر تێڕوانینی وڵاتەکانیان و ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت روو لە هەرێمی کوردستان و سلێمانی بکەن بۆ وەبەرهێنان، چونکە وەبەرهێنەران بە شوێن جوگرافیایەکی ئارامدا دەگەڕێن تاکو سەرمایەگوزاری تێدا بکەن و پرۆژەی وەبەرهێنان ئەنجام بدەن.
ئارامی سلێمانی
ئارامی سلێمانی تەواو سەرنجی کونسوڵخانەکانی دونیای راکێشاوە، بە رادەیەک لە یەکەم رۆژی دیداری دێڵفی کونسوڵی کۆریا لە پانێلەکەیدا وتی: لە هیچ شوێنێکی دونیادا ئاڵتوون بە ئۆنلاین ناکڕدرێت و بە دیلیڤەری بۆ خاوەنەکەی ناگوازرێتەوە، بەڵام لە سلێمانی ئەمە هەیە، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئارامی سلێمانی.
هەوروەها سەبارەت بە گەشەسەندن و پێشکەوتنی سلێمانی کۆنسوڵی کۆماری میللی چین وتی: بە بەراورد بە پێشەکەوتنەکانی وڵاتەکەمان (چین) و بە خوێندنەوەو تێبینی کردن لە گەشەسەندنی سلێمانی، گەشبینم و دەتوانم بڵێم لە دە ساڵی داهاتوودا سلێمانی دەبێتە (دۆحە)ی دووەم لە ناوچەکەدا.
هەنگاو بۆ پێشخستنی ئابووری سلێمانی
دیداری دێڵفی هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێشخستنی ئابووری سلێمانی، دەستپێشخەرییەکی بوێرانەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرۆشی و دونیابینی ئەوە بۆ قۆناغی نوێی ئابووری جیهانی بە تایبەت لەم دۆخە هەستیارە سیاسییەی ناوچەکە و جیهانی گرتۆتەوەو هەوڵدانیشە بۆ خۆگونجاندن و ئامادەکاریی بۆ هەر پێشهاتێکی نوێ، چونکە ئێستا تەواوی جیهان بە ووریایی و دیقەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە ئابووریی و سیاسییە دەکەن، بە تایبەت لە پاش دەست بەکاربوونەوەی دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گۆڕانکارییەکانیش زۆر خێراو هەندێ جاریش کتوپڕن.
بوونیادنانی هەرێمێکی ئاوەدان
کۆکردنەوەی نوێنەری وڵاتانی زلهێزی سەربازی و ئابووری لە دیداری دێڵفی لە سلێمانی، بایەخ و گرنگی ئەم ناوچەیە دەگەیەنێت و پێمان دەڵێت، دەکرێت ئێوە خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزبن و ناوچەکەتان کێڵگەیەکی گەورەی وەبەرهێنان بێت لە پێناو بوونیادنانی هەرێمێکی ئاوەدان و گەشەسەندووی جیاواز لە عیراق و ناوچەکەشدا، هەورەها ئەوەشمان پێدەڵێت: ئەگەر بە حیکمەت و دونیابینی نوێوە لە ئابووری ناوچەکە و جیهان بڕوانین ئەوا دەبینین کە چاوەکان لەسەر سلێمانییە و سەرنجەکان لەسەر ئەو هەنگاوانەیە کە قوباد تاڵەبانی لە پێناو سلێمانیدا دەینێت.