دیدار، مۆدێلێکی نوێی كاری حزبی

11:26 - 2025-04-21
هەڵمەت هۆشیار
22 خوێندراوەتەوە

یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لە دامەزارندنییەوە تاکو ئەمرۆی حکومڕانی، هەمیشە نوێگەر و داهێنەر بووە لە کاری حزبایەتی و حکومڕانییدا. لە بنەڕەتەوە شێوازی دامەزراندنی (ی.ن.ک) و هەڵگیرسانەوەی شۆڕش لەو قۆناغ و ئان و ساتەدا هەم بوێری بوو هەم نوێگەریی. 
ئەم سەرقافڵەییەی یەکێتی لە داهێناندا تا هەنوکەش بەردەوامی هەیە، لەو بوارەشدا تاکو ئێستا کەس نەیتوانی هاوشانی یەکێتی هەنگاو بنێت. خودی دیدار نوێترین باوی دیموکراسییە و گەڕانەوەیە بۆ رای کادرانی حزب و کارکردنە بە بنەمای رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن. ئەمە زیندوێتی یەکێتی دەگەیەنێت لە سەرلەنوێ خۆنوێکردنەوە و ئامادەسازیی بۆ قۆناغی نێوان دوو کۆنگرە، سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە یەکێتی وەکو حزبێکی خاوەن دیدگا و بەرپرسیار دەیەوێت لەگەڵ رەوتی گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان و ناوچەکە هەنگاو بنێت، چونکە سیاسەت هەرچەند پێویستی بە ستراتیژی قووڵ و دوورمەودا هەیە، لە هەمانکاتدا خۆگونجاندنی هەنوکەیی پێویستە لە دۆخە خێراو لە ناکاوەکان و گۆڕانکارییە راگوزەرە کاریگەرەکان، ئەگەر حزب بەو دیدگایەوە لە کاری سیاسەت و حزبایەتی نەڕوانێت، ئەوا پارتێکی چەق بەستوو و دۆگمای لێ دروستدەبێت و هەناسەکانی ئازادیی تەنگ دەبێت و خۆگونجاندن و نوێبوونەوە نابێتە بنەمای کاری لە پێشینەی. دیدار کە دیداری نێوان کادر و ئەندامانی حزبە لە هەموو ئاستەکان و گفتوگۆی راشکاو و بێ پێج و پەنایە و رەخنەگرتنە لەئەدای خراپ و پەرەپێدانە بە سیاسەتی راست و دروست، حزب لە قۆناغێکەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، دەیکاتەوە بە زادەی سەردەم و قۆناغەکە و دەست و پەنجەی لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژە نوێیەکان نەرم دەکات.

 

دیدار نوێترین باوی دیموکراسییە و گەڕانەوەیە بۆ رای کادرانی حزب و کارکردنە بە بنەمای رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن

 

ئەوەی یەکێتی دەیکات هەنگاوە گرنگەکەیە بۆ خۆسازدان بە دید و تێڕوانینی گەنجانە بە سودوەرگرتن لەو پاشخانە فکرییەی یەکێتی کردویەتییە کارنامەی کاری خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسێ هەستیار و گرنگەکانی پەیوەست بە نەتەوە و هاونیشتمانیان. لە دیداردا یەکێتی دەیەوێت لە پەنجەرەیەکی فراوانترەوە لە ئایندەی نیشتمان بڕوانێت و پانتایی دونیا بینینەکان زیاتر بێت و وردتر تەونی ستراتیژی داهاتووی خاک و خەڵکەکەی بچنێت. ئێستا جیاوازترە یەکێتی دەیەوێت ئەندامان و دەنگدەران و لایەنگرانی سەنتەری بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکان بن لە کاری حزبی و حکومڕانیدا، چونکە سەردەمی حزبی کلاسیکی و مۆدێلی سۆڤێتی، لە شانە و گروپ بەرەو ئاوابوون دەچێت و هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان ئایندەی حزب یەکلایی دەکەنەوە و یەکێتییش لەگەڵ قۆناغەکەدا خۆی دەگونجێنێت و دیداریش دەستپێکی هەنگاوەکەیە.

وتارەکانی نوسەر