هەولێر، یەكێكە لە گەورەترین و گرنگترین شارەكانی هەرێمی كوردستان، گەشەسەندنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و بەردەوامە لە فراوانبوون و ئاوەدانی. شاری گەورەش ژینگەی پیس دەبێت و ئاڵۆزی هاتۆچۆی تێدا دروست دەبێت و كارەبای زۆرتر و ئاوی پاكی زۆرتری دەوێت و نەخۆشی زۆر دەبێت و كارەساتی زیاتر دەبێت، هەموو ئەمانەش ئاسایشی باش و یاسای گشتگیر و حاكمی خۆنەویست و بێلایەنی دەوێت، پلانی زیرەكانە و ئیدارەی باش و خزمەتگوزاری قەبەی بەقەد قەبارەی خۆی پێویست دەبێت.
لەناو ئەوهەموو پێویستی و پڕۆژانە، هێشتا پایتەخت لە قەیران رزگاری نەبووە، جوڵە و بەناو خزمەتگوزارییەكانی بە ئاڕاستەی پێویست نین، هەنگاوەكانی حاكمانی شار بەئاڕاستەی دڵنیایی و خۆشگوزەرانی و سەلامەتی هەمیشەیی هاووڵاتییەكانی نابینرێت.
زریان و لافاوەكانی هەولێر لە ساڵانی رابردوو كۆمەڵێك كارەساتی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا، لەم دواییانە هەوڵی چارەسەكردنی بەشێكیان دراوە و زۆریش پێویستی بە رێگە چارەی زانستی و پشگیری ئابووری هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت رووبەڕووی كارەسات و پێشهاتە ناخۆشەكان ببێتەوە و كێشەكانی بنبڕبكرێن، پێویستە كابینەی تازە بە پلان و ئامادەكاری دروست بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان بكات، هاوكات خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بەرەو پێش ببات، رۆڵی كۆمەڵگەی مەدەنی لە چاودێریكردن و سەرپەرشتیكردنی خزمەتگوزارییەكان بەهەند وەربگرێت، كە دەكرێت یارمەتیدەرێكی بەهێز بێت بۆ حكومەت لە دەستنیشانكردن و بنبڕكردنی قەیرانەكانی لە داهاتوو.
ئەركی حكومەتی تازەیە، كە بەربەستێك دابنێت لەبەردەم ئەو شەپۆلە بەرفراوانە لە ئاوەدانی و راگرتنی دروستكردنی گەڕەكی تازە و گوندی جۆراوجۆری بەناو بیانی، رێگە نەدات بە عەشوایی كاربكرێت.
هەوڵبدا بەڕێژەی پێویست شوقە و گەڕەكی مۆدێرن دروست بكرێت، زانستیانەتر بەدوای چارەسەر و دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان بێت، لەهەوڵەكانیان نەوەستن بۆ باشتركردن و فراوانكردنی تۆڕەكانی ئاو، بۆ ئەوەی ناوچەی نیشتەجێبوونی نوێ نەبێتە هۆكاری كەمئاوی بۆ سەرجەم گەڕەكەكانی شار.
سەرباری دروستكردنی چەند پڕۆژەیەكی ستراتیژی گەورەی رێگاوبان، بەڵام نایەكسانییەك هەیە لەگەڵ ژمارەی زۆری هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و بەرتەسكی شەقامە كۆنەكانی ناوشار، پێویستە بە بەرنامە كار بۆ باشتركردن و فراوانكردنی رێگاوبانەكانی ناوخۆ بكرێت، هەروەها لە نەخشەی گەڕەكە تازەكان، كۆڵانەكان فراوانتر دابنرێت، لەپێناو نەهێشتنی دیاردەی قەرەباڵغی وەستانی ئۆتۆمبێل لە شەوان، جگە لە كاركردن بۆ هێنانی سیستەمێكی گواستنەوەی گشتی وەك پاسی كارەبایی یان ترام و میترۆ، كە ئەمڕۆ سیمای راستەقینەی هەموو پایتەخت و شارە گەورەكانی جیهانە.
رێگریكردن لە دەست بەسەرداگرتنی سەر جۆگە و ئاوەڕۆكان و بن دیواری گۆڕستانەكان و زەوییە جێماوەكانی شار، سوود لێوەرگرتنیان بۆ پارك، لەكاتێكدا شار پێویستی بەهەوای پاكە، سەوزایی لە هەولێر زۆر كەمە، ئەمڕۆ پارك پێویستییەكی گرنگی ژیانە بۆ هەموو خەڵك بەگشتی. سەرەڕای ئەوەی كە هەموومان دەزانین باخچەكان سوودی تەندروستی و دەروونیمان بۆ دابیندەكەن و كوالێتی ژینگەیەكی پاك و پێویستمان بۆ دەستەبەر دەكەن، بۆیە ئەركی كابینەی نوێیە پڕۆژەی ناپێویست بوەستێنێت.
خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت ئێستا ناتوانن سوود لە پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت وەربگرن لەبەر بەرزی نرخەكانیان، بۆیە پڕۆژەی خانووبەرەی گونجاو پێویستییەكی هەنوكەییە، بۆ ئەو خێزانانەی كە كرێچین یا داهاتەكانیان كەمە یا تازە ژیانی خێزانی پێكدەهێنن و پێویستیان بەپشتیوانی حكومەتە، بەپێی پێوەر و ئاستی بژێویی ئەركی حكومەتە خانویان بۆ دروست بكات.
لەكۆتاییدا دەڵێم، كابینەی حكومەتی تازەی هەرێم دەبێت ئەركی سەرەكی چاوخشاندنەوە بێت بە سلبیاتی پڕۆژەكانی رابردوو، كار لەسەر خۆشگوزەرانی و نوێگەری و پەرەپێدان بكات.
پێویستە ژێرخانێكی مۆدێرنی گەورەی هەبێت، بە شێوەیەكی هەمەلایەنە كارەكانیان بكەن، دەركەوت كە خزمەتگوزارییە گشتییەكان سیستەمێكە كۆمەڵێك دامەزراوە بەیەكەوە پەیوەست دەكات، وەك سیستەمی دابینكردنی كارەبا، ئاوی پاكی بەردەوام و باشكردنی سیستەمی ئاوەڕۆ، دروستكردنی نەخۆشخانەی پێویست بۆ گەڕەكەكان، باشتركردنی كوالێتی دەرمان و رێگەنەدان بە هاوردەكردنی هەموو جۆرە داودەرمانێك، پێداچوونەوە بۆ تۆڕەكانی گواستنەوە و هەوڵی چاككردنی رێگاوبان و دابینكردنی هۆكارەكانی گواستنەوەی بدات، ئامرازەكانی گواستنەوە لەناوشار و لەنێوان شارەكان سەردەمیانە و خێرا و هەرزان بكات، بەرزە پردی پێویست بۆ دژە گەرانەوە لە شەقامە درێژ و خێراكان دروست بكات، هەروەها هەوڵی باشتركردن و هەرزانكردنی تۆڕەكانی پەیوەندیكردنی هاووڵاتیان و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە كەم دەرامەت و كرێچییەكان بكاتە پێشینەی كارەكانی.
لەچاوڕوانیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان