لەبەرئەوەی ئابووری وڵاتان هێزی بەرەوپێشچوونیانە، كۆڕبەند و كۆبوونەوەكانی تایبەت بە پرسی ئابووریی، بزوێنەری ئەو هێزەن بەرەو دەسەڵاتی سیاسی و مرۆیی زیاتر. جێگەی خۆشحاڵییە سلێمانی بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا كۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی بە چاودێریی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی یۆنان لە ئامێز دەگرێت، كە كۆڕبەندێكی نێودەوڵەتیی ئابوورییە و پەیوەندییەكانی هەرێمەكەمان بە دنیای دەرەوەی خۆمان پتەوتر دەكات. كۆڕبەندەكە هەنگاوێك سیاسەتی دەرەوەی توركیای هێناوەتە پێشەوە و پارێزگارە كوردەكەی کەرکوک بەڕێز رێبوار تەها لە فڕۆكەخانەی شاری بابەگوڕگوڕ، پێشوازی لە داودئۆغلو و هاوسەرەكەی كرد و بەرەو كۆڕبەندی دێڵفی كەوتنەڕێ، ئەمە لە كاتێكدایە كە هێشتا فڕۆكەخانەی سلێمانی لە سزای توركیا رزگاری نەبووە و ماوەیەكی زۆرە گەشتی فڕۆكەوانیی نێوان توركیا و سلێمانی راگیراوە و ئەم سزایەش رەنگدانەوەی ئابووری خراپ و كارلێكی كۆمەڵایەتی پڕ لە كێشەی دروستكردووە، بەجۆرێك كە سەفەری ژنان و منداڵان و بە تەمەنەكان ئاستەنگی هێناوەتە ئاراوە، بەو حوكمەی هەركەسێك ئەگەر نیازی سەفەری هەبێت بۆ توركیا دەبێت بە ئوتۆمبێل بڕوات بۆ هەولێر و لەویوە بە فڕۆكە سەفەربكات بۆ توركیا، ئینجا لەبەر ئەم ماندووبوونە و بۆ گەڕانەوەی كات زۆربەی خەڵك بە ئوتۆمبێلی تایبەت یان بە پاس لە سلێمانییەوە راستەوخۆ بەرەو شارەكانی ئەو وڵاتە دراوسێیە دەچن. دەزانم زۆربەی خەڵكی سلێمانی و شار و شارۆچكەكانی دەوروبەری بەدەست ئەم گرفتەوە دەناڵێنن، هەر بۆیە سەفەرێكی ئەم دواییەی خۆم و ژمارەیەك هاوڕێی نووسەرم بۆ ئامەد(دیاربەكر) بە نموونە دەهێنمەوە، كە لە كاتێكدا بەڕێوەبەری پەنێلێكی رۆژی یەكەمی كۆنفرانسەكە بووم، وەلێ بە ئوتۆمبێل لە سلێمانییەوە چووبووین بەرەو دهۆك و لەوێشەوە هەر بە هەمان ئامرازی گواستنەوە بەرەو ئامەد رۆشتبووین و بێجگە لە مامەڵەی بازگەكانی سەرسنوور، سەرەتای وەرزی گەرماش بە فەلاكەتی بردبووین. ئەو هەموو ماندوبوونە كە دەكرێت بە لابردنی سزای توركیا لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی بڕەوێتەوە، چونكە هەستم بە ماندووبوونی هەموو خەڵكی وڵاتەكەم كرد كاتێك دەیەوێت بەهۆی كار و پڕۆژەیەكی گرنگەوە سەفەر بكات و بۆ ماوەیەكی كاتیی نیشتمانەكەی بەجێبهێڵێت. هیوادارم شارەكانی كوردستان هەردەم ئاوەدانبن بەو كۆڕبەند و سیمینار و كۆڕ و كۆنگرانەی كە پرسی نەتەوەیی و ئابووریی وڵاتمان بەرەو بەجیهانییبوونی زیاتر و دەستكەوتی زۆرتر دەبەن و رێگەی ئەرز و ئاسمانمان ئاوەڵا دەكەن بۆئەو پڕۆژە بەسوودانەی ئومێدەوارین خێروبێرەكەی بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریمان و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك بێت. بەمجۆرە سیاسەت دەتوانێت میللەتان لە چەقبەستوویی دەربهێنێت، هەروەك چۆن دەشتوانێت بە ناشارەزایی لە قوڕاودا بیچەقێنێت.