سەردانەكەی ترەمپ بۆ كەنداو مانا و ئامانج

11:40 - 2025-05-19
بورهان شێخ رەئوف
104 خوێندراوەتەوە

سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە 13-16/5/2025 بۆ هەرسێ‌ وڵاتی كەنداوی عەرەبی سعودیە و قەتەر و ئیمارات، یەكەم سەردانی ترەمپ بوو دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆك بۆ جاری دووەم، ئەمەش ماناو مەدلوولی روونی هەیە، كە ئەمریكا چ گرنگییەكی لە رادە بەدەر  دەدات بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو لە بواری سیاسی و ئابووری، لە هەمانكاتیشدا ئاراستەكردنی بەرەو ئەوەی خاڵی هاوبەشی زیاتر بدۆزنەوە بۆ هەموو ئەو بابەت و مەسەلانەی پەیوەندییان بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبییەوە هەیە .
بۆچی ریاز؟
هەڵبژاردنی ریاز بۆ دەستپێكی ئەم سەردانەی سەرۆكی ئەمریكا گرنگە، بێگومان گرنگی و بەهای گەورەی هەیە لای ئیدارەی ترەمپ بۆ ئەمریكا، چونكە ریاز ئێستا پایتەختی بڕیاری عەرەبییە و كاریگەریی راستەخۆی لەسەر كۆی كایە دیپلۆماسییەكانی ناوچەكە و جیهانیش هەیە .
لەلایەكی تریشەوە، سەردانەكەی سەرۆكی ئەمریكا هەلێك بوو، بۆ كۆبوونەوەیەكی لوتكەی گرنگ  لەگەڵ سەرۆكی هەموو وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداوی عەرەب (سعودیە، قەتەر، كوێت،بەحرین، عوممان، ئیمارات) و تاوتوێكردنی بەهێزكردنی هاریكاری سیاسی و ئابووری و بونیاتنانی كەناڵی هاوبەش بۆ وەبەرهێنانی بەردەوامی وڵاتانی كەنداو لە ئەمریكا، هەروەها گرنگیدان بە قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكان بە جۆرێك كە خزمەتی ئامانج و بەرژەوەندییە هاوبەش و باڵاكانی هەموو وڵاتانی بەشدار بكات، بۆ ئەوەی كە دۆخێكی سەقامگیری سیاسیی و ئاسایش  بێنێتە ئاراوە بۆ ئەم ناوچەیە، كە هەستیارترین و پڕ بەهاترینە  لە جیهاندا، چونكە سەرچاوەی نەوت و غاز و و وزەو پێگەی پێویستی درێژەدانە بە ژیانی ئابووری و گەشەكردنی مرۆیی و كۆمەڵایەتی،  كێشەكانی  جەنگی غەززەو و دانوستانەكان سەبارەت بە دۆسێیەی ئەتۆمی ئێرانیش لایەنێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.

 

لەبەر شوێن و پێگە و قووڵایی مێژوویی و كاریگەریی وڵاتانی كەنداو بە تایبەتی سعودیە لەسەر بازاڕی وزە، هەموو دامودەزگاكانی ئەمریكا  هەوڵی پاراستن و درێژەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان ریاز و واشنتۆن دەدەن

 

مانا و مەغزای گەورەی هەیە
لە هەمان كاتدا گرنگیدانی سەرۆكی ئەمریكا بە ناوچەی كەنداو، مانا و مەغزای گەورەی خۆی هەیە، لە رووی پەیوەندیی مێژوویی ئەمریكا و سعودییەوە هەر لە سەردەمی شا عەبدولعەزیزی باپیریانەوە تا ئەمڕۆ، لە هەمان كاتدا پەیوەندیی ترەمپ لەگەڵ وڵاتانی تری كەنداویشدا بە هەمان شێوەیەو  لە بابەتە جێگیر و نەگۆڕەكانی بڕیاری سیاسیی ئیدارەی ئەمریكایە، بەلای  عەرەبیشەوە گرنگە سوود لەم سەردان و كۆبوونەوەیە ببینرێت بۆ خزمەتی كاری هاوبەش عەرەبی و خستنەڕووی كێشەكانی جیهانی عەرەبی بە جۆرێك، كە خزمەت بە پێگەی وڵاتە عەرەبییەكان بكات و پشتیوانی هاوپەیمانی ستراتیژیشیان لەگەڵ واشنتۆن بكات ، ئەمە چ جای پشتیوانی ئەمریكا بۆ هەڵوێستی عەرەب و وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەكەدا.
پێویستی سعودیە بە ئەمریكا
بابەتێكی گرنگی تری  سەردانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سعودییەو كۆبوونەوەكانی لەو وڵاتە، بەرنامەی ئەتۆمییە كە ساڵانێكە سعودییە كاری بۆ دەكات و دەخوازێت سوود لە وزەی ئەتۆمی وەربگرێت، بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە رێگەی دامەزراندنی وێستگەیەكی ئەتۆمیی، پاڵپشت بە زانست و تەكنۆلۆژیای ئەمریكی بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی و و ژیری دەستكرد و گەشتیاری وڵاتەكە، سعودییە پێویستی زۆری بە وزەی كارەبا هەیە لەبەر ئەو فراوان بوونە گەورەیەی كە شارەكانی سعودییە بە خۆیەوە دەیبینێت .
قەتەریش هەرچەند وڵاتێكی بچووكە، بەڵام گرنگەو بە هێزی نەرم جێگەی خۆی كردۆتەوە لە هاوكێشەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و رێككەوتننامەی سەربازیی و ئابووریی لەگەڵ ئەمریكا، لەبەر هەموو ئەوەش بووەتە بنكەیەكی دیپلۆماسی و سیاسیی بۆ چارەسەری زۆربەی كێشەكانی ناوچەی عەرەبی و هەروەها خۆرهەڵات و ناوچەكەش، هەر لە تالیبانی ئەفغانستانەوە تا حەماس و غەززە، جگە لەوەش قەتەر خاوەنی سەرچاوەی غاز و بنكەی عەیدیدە كە سوپای ئەمریكا تێیدا جێگیرە، بۆیە هەمیشە جێگەی گرنگی پێدانە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە، بێگومان پەیوەندییەكانی ئیمارات و ئەمریكاش لایەنێكی تری  تەواوكاری پەیوەندییە ئابوورییەكانی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و ئەمریكایە و پێگەی ئیماراتیش دیارە لە فراوانكردنی  بازنەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لە هەموو بوارەكاندا .
لابردنی سزاكان لەسەر سوریا
كۆبوونەوەكەی دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرعی سەرۆكی ڕاگوزەری سوریاش، بەشێكی تری ئەم گەشتەی سەرۆكی ئەمریكا بوو و  لەسەر داخوازی شازادەی جێنیشینی سعودییەش محەمەد بن سەلمان سزاكانی سەر سوریا لابران، هەرچەندە ئەم  هەنگاوە هێندە كارێكی ئاسان نییەو پێویستی بە زۆر رێكار هەیە، ترەمپ پەیپەرێكی داخوازی پێنج خاڵی داخوازی داوە بە شەرع بۆ جێبەجێكردنی لە بەرامبەر لابردنی سزاكان.
لە كۆتاییدا، سەرەڕای هەموو ئەو گرێبەستە گرنگانەی ترەمپ بە دەستی هێنا، وەكو باس دەكرێت سەرووی چوار تریلیۆن دۆلارە بۆ گەشەكردنی ئابووری وڵاتەكەی و باسكردنی دۆسێیە گەرمەكانی ناوچەكە، هەر لە دۆسێی ئێران و كێشەی عەرەب ئیسرائیل،ئەوا جارێكی تر پەیوەندییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بە گشتی و  سعودیە بە تایبەتی، وەكو گرنگترین بنەمای سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەمریكا دەمێنێتەوە، لەبەر كاریگەری شوێن و پێگەو قوڵایی مێژوویی و كاریگەریی ئەو وڵاتانە لەسەر بازاری وەزە، هەموو دامودەزگاكانی ئەمریكا  هەوڵی پاراستن و درێژەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەكانی ریاز و واشنتۆن دەدەن .

وتارەکانی نوسەر