شوخت

رێكەوتن بۆ رێكەوتن

09:45 - 2022-06-26
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
467 خوێندراوەتەوە

ئەو گۆڕانانەی چەند رۆژی رابردووی عیراق تەكانێكی گەورە دەبێت لە بەرەوپێشچوونی دۆخی سیاسی و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە بەغدا كە رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا روونتر بێتەوە.
دوای کشانەوەی سەدر، گروپی چوارچێوەی هەماهەنگی بوونە ریش سپی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، كورد وتەنی ئێستا ئەوان میر محێ‌-ن و گفتوگۆ و دانوستانی لایەنەكان بۆ بەشداری لە حكومەت لەگەڵ ئەواندا دەبێت. 
رەنگە پرسیاری گرنگ بۆ هەمومان ئەوەبێت كە لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بەتەمای چین؟ هەمان ئەزموونی پێش كشانەوەی سەدر دووبارە دەكەنەوە؟ یاخود ئەو بە بنبەست گەیشتنەی پێشوو دەبێتە ئەزموون و لێرەوە قۆناغێكی نوێ‌ دەستپێدەكات؟
نازانین لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان دەتوانن رێككەون یان نا، بەڵام هەق وانییە ئەو دۆخەی هەیە بەردەوام بێت، چونكە لێكەوتەی رێكنەكەوتن و سەرەنجام نەبوونی ئەجێندایەكی هاوبەش بۆ یەكلاییكردنەوەی گرفت و كێشە سەرەكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لێكەوتەی راستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان دەبێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندییان بە مووچە و بژێویی خەڵكی كوردستانەوە هەیە، دواتر پرسی ناوچە دابڕێنراوەكان و پێشمەرگە و ئەوانی دیكە..تد.
دەستپێكردنی گەڕی نوێی پێكهێنانی حكومەت دەرفەتێكی باشە بۆ بیركرنەوە لەچارەسەری كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەموو لایەنە كوردستانییەكان، بەجۆرێك بنەمایەكی دادپەروەرانە بۆ دەستپێكردنی بەیەكەوە كاركردن و دابەشكردنی بەركەوتەی حزبیی لە چوارچێوەی كارنامەی هاوبەشدا دابنێن. 
هەقە پرسی دابەشكردنی پۆست و بەركەوتەی حزبیی لەكابینەی نوێ‌، دوایین پرسی گفتوگۆی نێوان لایەنەكان بێت، چونكە لەوە گرنگتر چارەسەركردنی ئەو گرفتانەیە كە ماوەیەكی دوورودرێژە لەگەڵ بەغدا چارەسەرنەكراون و بەرە بەرە لە زیادبوندان، بۆیە پێویستە لایەنەكان لەسەر ئەم چەند پرسە پێداگری بكەن:
یەكەم: گێڕانەوەی تەوافوق بۆ بڕیاردان لە عیراق، بەتایبەتی لەو پرسانەی پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، چونكە لەدوای راپرسییەكەی 2017 پرسی تەوافوق و سازان لە بڕیاردان سەبارەت بە كورد لە پەرلەمان و ناو حكومەتی عیراق نەماوە، ئەمەش زیانێكی گەورەی بە كورد گەیاندووە.
دووەم: ئامادەكردنی كارنامەیەكی هاوبەش بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییە كوردستانیەكان. چونكە كارنامەی هاوبەش كاریگەری زیاتری دەبێت لە بەشداریكردنی بە تەنهای لایەنە سیاسییەكان لەگفتوگۆكان. 
ئەمە سەرباری ئەوەی بەشداریكردنی بەتەنهای حزبەكان، خواستی نەتەوەیی كورت دەکاتەەوە بۆ خواستی حزبی و بەركەوتەی حزبی لە پلە و پۆستدا دەکاتەوە. 
سێیەم: رێكەوتن لەسەر بنەمایەك بۆ دابەشكردنی پۆست و بەركەوتەكانی هەڵبژاردن لە نێوان حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، هەروەك دانانی بنەمایەك بۆ رێكەوتن لەسەر كەسەكان بۆ ئەو پۆستانەی بەر كورد دەكەوێت بەبێ‌ جیاوازیی.
بەكورتی ئەوەی هاتۆتە پێش دەکرێت دەرفەتێكی نوێ بێت بۆ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی رابردوو كە دۆخی هەرێمی گەلێك ئاڵۆزكردووە، رێكەون بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا رێكەون، چونكە ئەگەر دۆخی هەرێم بەمشێوەیە بەردەوام بێت، لێكەوتەكانی زۆر گران دەبێت بۆ داهاتوو.

وتارەکانی نوسەر