یەکێتی لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تاهەنوکە پارێزەری راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە، لەو سۆنگەیەوە یەکێتی دیدارێک ئەنجام دەدات بۆ بونیاد نانەوەو ڕێکخستنەوە و داڕشتنی بەرنامەیەکی رادیکاڵ بەشێوەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە .
ئەو دیدارە لەئێستاوە هەنگاوەکانی دەستپێکردوە و جێگای ئومێدو دڵخۆشییە، کەتێیدا کادرو نوسەران و توێژەران بەشانازییەوە بەجۆش و خرۆشەوە ئامادەگییان دەبێت و سەرنجەکانیان بۆ ئەو پرسە هەنوکەییە دەنوسن و ئامادە دەکەن .
دیداری یەکێتی چەندین پرسی هەنوکەیی و سەردەمیانە لەخۆ دەگرێت کەببنەکۆڵەکەی گۆڕانکاری و ڕیفۆرم بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، یەکێک لەو خیارانە پرسی حزب کە کۆڵەکەیەکی گرنگ و بنچینەییە لە حەیاتی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ،کە تێیدا شرۆڤەو ڕاڤەیەکی گشتگیر لەسەر پرسە هەنوکەییەکانی کۆمەڵگە و داخوازیەکانی تاک و جێبەجێی کردنیان لەئەرزی واقیع دا بە پڕاکتیکی بکرێن.
هەمدیسان پێداچوونەوە بە سەرجەم جومگە هەستیارو گرنگەکانی حزب کەتاهەنوکە دەستیان بۆ نەبردراوە، بە ستراتیژی و داڕشتنی بەرنامەیەکی کامڵ بکرێن و میکانزمێکی گونجاویان بۆ بدۆزنەوە کە ببێتە خیاری کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی حزب و کۆ مەڵگە ، هەمدیسان بە شێوەیەکی مۆدێرن و ڕادیکاڵ ڕێکبخرێنەوە کە لەگەڵ واقیعی ئێستاو سەدەی بیست و یەک دا بگونجێت.
چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کلتوری و هونەری و فەرهەنگی ، چ لەڕووی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە ئەولەویەتی ئەو دیدارە دەبن و شیکاری تایبەت بۆ حەدەسەکانی کۆمەڵگە دەکرێت لەلایەن کەسانی ئەکادیمی و شارەزا لەبوارە جیاجیاکان .
لەو دەلاقەوە یەکێتی بەڕاوێژ لەگەڵ مەڵبەند و ڕێکخراوەکان و پسپۆڕانی یاسایی و ڕۆشنبیران ڕاو سەرنج و تێبینیەکانیان بەهەند وەردەگرێت و ئیشیان لەسەر دەکات ، بۆ ئەوەی لەئایندە دا ئەو حزبە سۆسیال دیموکراتە بە ئەجێندایەکی ترو نوێ باو کاری حزبی ڕێک بخاتەوەو کار لەسەر حکومەت و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حکومڕانی ئەو وڵاتە بکات ، کەلەئاستی تەموع و داخوازی کۆمەڵانی خەڵک بێت.
لەو سۆنگەیەوە یەکێتی هەمیشە لەگەڵ ئازارو ناخۆشیەکانی میللەتەکەی دابووە ، هەرگیز خۆی لە هاونیشتیمانیەکانی جیا نەکردۆتەوە بەڵکو بەپێچەوانەوە خەمی ئەوحزبە تەکنۆکراتە ساڕێژبوونی برینەکانی تاک و کۆمەڵگاکەی بووە ، بە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و چارەسەرکردنی بژێوی ژیانی خەڵک و دابینکردنی ژیانێکی پێداویستیەکانی میللەت لەئەولەویەتی هەنگاوەکانی یەکێتییە .
وەلێ کێشە و گرفت هەیە کەم وکورتی هەیە ڕەخنەی توند دەگیرێت خەڵک ناڕازییە لەو شێوازی حکومڕانییە ، بەڵام لە جەوهەردا یەکێتی و یەکێتی بوون لای کادرو جەماوەر گەورەترین سەرمایەو شانازییە ، چونکە جوڵەو هەنگاوەکانی یەکێتی و دیداری یەکێتی بۆ هاتنەدی خەونی تاک و ئازادی ڕادەربڕین و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ڕێز گرتنە لەکەرامەتی ئینسان.
وەلێ یەکێتی گەوهەرو دیاری مامە ، پاراستنی ئەو گەوهەرە بەنرخە ئەرکی سەرشانی یەکە بە یەکەی کادرو جەماوەر و لایەنگرانی ئەو حزبە نوێخوازەیە ، کەیەکێتی وەکو بیلبیلەی چاومان بیپارێزین .
چونکە یەکێتی نەوەکو هەر زەرورو پێویستە بۆ کۆمەڵگە ، بەڵکو کورد پێویستی بەیەکێتییە ، لەو سۆنگەیەوە یەکێتی بووەتە داینەمۆو ئیلهامبەخش و فریادڕەسی کۆمەڵگە .
ئەوەی ماوە بیڵێم ئەوەیە دەبێت یەکێتی لەمەودوا قەیدەکان بشکێنێت وقسە لەسەر بڤەکان بکات ، هەمدیسان ڕێگە لەو قۆرخکاری و بڕیاردانە تاکبیرانە بگرێت ،کەخەونی تاک و کۆمەڵگەی کوشتووە.