هاتوچۆسازی

سەلامەتیی پیادەڕەوەكان

10:10 - 2025-05-28
هەڵکەوت عەبدوڵڵا
121 خوێندراوەتەوە

بۆ بەهێزكردنی سەلامەتیی پیادەڕەوەكان دەبێت ئاوڕ لە چەند خاڵێك بدەینەوە: ئەوەی پەیوەندیی بە ئەندازەی رێگەوبان و دیزاینی ئۆتۆمبێلەوە هەیە، ئەوەی تایبەتە بە هۆشیاركردنەوە، ئەوەی بایەخ بە رێكارە یاساییەكان و سزادان دەدات.
چارەسەرە ئەندازەییەكان چەند لایەنێك لەخۆدەگرن، گرنگترینیان ئەوەیە كە پەیوەندیی بە دیزاینی خاڵەكانی پەڕینەوەوە هەیە. چونكە دەبێت بەشێوەیەكی دروست رێکبخرێت، كە ماوەی چاوەڕوانیی كەمبكرێتەوە، بۆ ئەوەی چاوەڕوانكردنی لەڕادەبەدەر بۆ پەڕینەوە وا لە پیادەڕەوەكان نەكات بەشێوەیەكی ناسەلامەت بپەڕنەوە. هەروەها پێویستە لە دیزاینی شوێنەكانی پەڕینەوەدا رەچاوی سەلامەتیی پیادەڕەوەكان بكرێت، بەجۆرێك كە پێشینە بۆ پیادەڕەوەكان بێت. ئەمەش بە دانانی ئامێری وریاكردنەوەی شۆفێرەكان، كاتێك لە شوێنی پەڕینەوە نزیكدەبنەوە. 
سەبارەت بە ئۆتۆمبێل، دەبێت بەشێوەیەك دیزاین بكرێت، كە دەرفەتی بینینی پیادەڕەوەكان زیاتربكات و رێگە لەوە بگرێت ئاستەنگ بۆ رەچاوكردنی پەڕینەوە دروست بێت. هەروەها دەبێت رێنمایی توند هەبێت بۆ ئەو شۆفێرانەی كەرەستەی رازاندنەوە لەناوەوە و دەرەوەی ئۆتۆمبێل بەكاردەهێنن و دەبێتە هۆی ئاستەنگی دروستكردن بۆ بینی پیادەڕەوەكان لە كاتی پەڕینەوەدا.
ئینجا بۆ زیاتر پاراستنی پیادەڕەوەكان، دەبێت پەنا بۆ راهێنان ‌و هۆشیاركردنەوەو راگەیاندن ببرێت. زۆربەی جارەكان راهێنان‌و هۆشیاركردنەوە ئاڕاستەی منداڵەكان‌ و تازەپێگەیشتوان دەكرێت، لە رێگەی دامەزراوەكانی خوێندنەوە، هەر لە باخچەی ساوایانەوە تا دەگاتە ناوەندی. لە كاتێكدا راگەیاندن سوودبەخشە بۆ هەمووان، بە گەورەكانیشەوە. ئەمەش دەبێت هەموو لایەك بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی بەرامبەری بگرنە ئەستۆ، لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەكانەوە بیگرە، تا دەگاتە پێگەكانی ئینتەرنێت و كۆمپانیاكانی مۆبایل، تەنانەت مزگەوتەكانیش. دەبێت ئەو لایەنانە پرسی هاتوچۆ یەكێك بێت لە خەمەكانیان و بەشداری بكەن لە هێنانەدیی سەلامەتیی هاتوچۆ و كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆدا.
ئەوەی پەیوەندی بە یاساكان و سزادانیشەوە هەیە، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار هەوڵبدەن بۆ ئەوەی لە یاسای هاتوچۆدا بەڕوونی پرسی پەڕینەوەی پیادەڕەوەكان چارەسەربكرێت و لەئاستی وریاكردنەوەوە، سەبارەت بە شێوازی پەڕینەوە، هەڵكشێن بۆ دەستنیشانكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانی شۆفێران بەرامبەر بە پیادەڕەوەكان و پیادەڕەوەكان بەرامبەر بە خۆیان و سوارڕەوەكان و یاسا و رێساكان. ئینجا سزای وەها بۆ هەر جۆرێكی سەرپێچی دەستنیشانبكرێت، كە رێگربێت لەوەی هیچ لایەك فەرامۆشی بەرپرسیارێتی و یاسا و رێساكان بكات.

وتارەکانی نوسەر