دیاریكردنی سنووری خێرایی ناوەڕۆكی هەر سیاسەتێكی كۆنترۆڵكردنی خێراییە و دەبێت خێراییەكە هاتوچۆیەكی دڵنیا و گونجاو و ماقووڵ بۆ هەموو بەكارهێنەرانی رێگەوبان (شۆفێر و سوارڕەو و پیادە و ماتۆڕسوار و پاسكیلسوارەكان) دەستەبەربكات و هەڵسەنگاندنی شۆفێران بۆ خێراییەكی سەلامەتخوازانە بەهێزبكات و بە جۆرێك دیاریبكرێت كە هەمووان پابەندی بن.
دیاریكردنی سنووری خێرایی ئەركێكە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت و پێویستە بەرەنجامی هەڵسەنگاندنێكی زانستی بێت، كە تیایدا رەچاوی هاوسەنگیی نێوان سەلامەتی و گواستنەوەی چالاك و ژینگەپارێزی بكرێت و رەنگدانەوەی كوالێتی و تایبەتمەندییەكانی رێگە و ژینگەی دەوروبەر بێت.
ئامانجی دیاریكردنی سنووری خێرایی، راگرتنی هاوسەنگییە لەنێوان سەلامەتی و گواستنەوەدا. بۆیە سنووری ئەوپەڕی خێرایی بەپێی جیاوازیی رێگەكان و رێژەی رووداوەكان و توانای گواستنەوە دیاری دەكرێت. واتە دیاریكردنی سنووری خێرایی، دەبێت پشتبەستوو بێت بە تێچووی رووداوەكانی هاتوچۆ و پیسبوونی ژینگە و چۆنێتی گواستنەوە.
لە وڵاتانی جیهاندا شێوازی دیاریكردنی سنووری خێرایی جیاوازە، بەڵام ئەوە حكومەتە كە سنووری خێرایی لەسەر رێگە جیاوازەكان دیاری دەكات، لەناو حكومەتیشدا لایەنە پەیوەندیدارەكان كارەكە دەگرنە ئەستۆ، بە مەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ سنووری خێرایی نیشتمانی لەسەر رێگە جۆربەجۆرەكان.
ئەگەرچی دیاریكردنی سنووری خێرایی لەسەر شەقام و رێگە و بانەكانی هەرێم بە گشتی تا رادەیەك جێبەجێکراوە، بەڵام تێبینی چەند خەوشییەك دەكرێت، كە گرنگە ئاماژەیان بۆ بكرێت، چونكە بوونەتە مایەی سەرهەڵدانی گەلێك كێشەی هاتوچۆ:
-1 دیاریكردنی سنووری خێرایی لە گشت ناوچەكان و هەموو جۆرەكانی رێگەوباندا بە ستاندارتی جیهانی و رەچاوكردنی سەلامەتی و گواستنەوەیەكی دڵنیا و ژینگەپارێز ئەنجام نەدراوە.
-2 بوونی هەڵە لە دیاریكردنی سنووری خێراییدا. بۆ نموونە، لە هەندێك شوێنی ناو شار خێراییەكی بەرز بۆ شەقامێك دانراوە كە هی ناوچەی دەرەوەی شارە و مەترسیی رووداوی هاتوچۆی لێ دەكەوێتەوە، لە هەندێك شوێنی دیكە خێراییەكی ئەوەندە نزم دانراوە كە بێزاركەرە و پابەندبوون پێیەوە سەختە.
-3 هێماكانی خێرایی هاتوچۆ بەو ژمارەیە نین كە پێویستە هەبن، هاووڵاتیانیش بە گشتی ئاشنانین پێیان و پابەندبوون پێیانەوە لە ئاستی پێویستدا نییە.
-4 بایەخ بە سنووری خێرایی هەندێك ناوچە نەدراوە، وەك قوتابخانە و
پیشەسازیی و ئارام.