فس فس پاڵەوانەكانی بەردەمی كامێرا!

10:38 - 2022-06-28
وتار
472 خوێندراوەتەوە

گەنم محەمەد    
كەم نین ئەو پەرلەمانتار و رۆژنامەنووس و نووسەر و بەناو شرۆڤەكارانەی لە بەردەمی كامێرادا بە حەماسەتەوە قسە دەكەن، خۆیان بە زمانحاڵی خەڵك دەزانن وا خۆیان دەنوێنن كە شۆڕشگێڕی عەیار بیست و چوارن و هەرگیز بە موو لە مافی خەڵك و داوای خەڵك لانادەن، كەچی ئەفسووس لە پشتی كامێراوە رێك پێچەوانەی هەموو ئەو نواندنانەن و وەكو میزەڵان فش دەبنەوە، دەكەونە پاڕانەوە بۆ دەستكەوتە تایبەتییەكانی خۆیان. بۆیە جێگای خۆیەتی ئەمانە ناوبنێین فس فس پاڵەوانی بەردەم كامێرا یان فس فس پاڵەوانی شۆ.
هەر كاتێك بینیمان ئەم جۆرە كەسانە وەك ئەوەی بەڕوو لە دەمیاندا تەقیبێتەوە، هەژدە هەژدە قسە دەكەن و دەیكەن بە قیژە قیژ و دروشم دەڵێنەوە و موزایەدە دەكەن، ئەوا دەبێت لەوە دڵنیابین لەوەی كامێرایەك لە ئارادایە و ئەمان قسە بۆ كامێرا دەكەن و دەیانەوێت خۆیان بكەن بە فس فس پاڵەوانی شاشە گەورە و بچووكەكان، ئەگەر بینیشمان ئەم جۆرە كەسانە كز كز دانیشتوون و حەوسەڵەی قسەكردنیان نییە یان بۆ دەسكەوتە تایبەتییەكانی خۆیان دەپاڕێنەوە، ئەوا دەبێت هیچ گومانێكمان نەبێت دیدارەكە یان كۆبوونەوەكە یان جەلسەكە كامێرای تێدا نییە و بوارێك نییە بۆ ئەوەی ببنە پاڵەوانی(شۆ) یان پاڵەوانی سەر شاشەكان.
سەیر لەوەدایە زۆرجار ئەم جۆرە كەسانە و كەسانی تریش كاتێ دەچنە بەردەمی كامێرا، ئیتر كۆنترۆڵی خۆیان لە دەست دەدەن و دەوكەنە تەشهیر و تۆمەت بە خشینەوە و تۆمەتباركردنی كەسانی تر، كاتێكیش هۆشیان وەبەردێتەوە یان كەسی تەشهیرپێكراو رێگای دادگا دەگرێتەبەر، خێرا پەشیمان دەبنەوە و داوای لێبوودرن دەكەن. 

بۆیە ئێستا دەستەواژەی (وامزانی رادیۆیە) وەكو دەستەواژەیەكی باوی لێهاتووە بۆ پەشیمانبوونەوەی ئەو كەسانەی لە حاڵەتی حەماسیدا كۆنترۆڵی خۆیان لە دەستدەدەن و سنووری ئازادی دەبەزێنن.
زۆرجار ئەندام پەرلەمانەكانی كورستان و عیراق باسی ئەوە دەكەن، كاتێك جەلسەكانی پەرلەمان یان ئەنجومەنی نوێنەران داخراوە و رێگە بە راگەیاندن نەدراوە بچێتە ژوورەوە و جەلسەكە بڵاو بكاتەوە، لەبەرئەوەی بواری موزایەدە و خۆنواندن نییە هەم جەلسەكە خێراتر دەڕوات و هەم مشتومڕیشی تێدا ناكرێت. 
لە كۆتاییدا وەكو نموونەیەكی موزایەدە و خۆ بەپاڵەوانكردن دەمەوێت ئاماژە بۆ دیداری (20-6-2022)ی رۆژنامەنووسان لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەم. بەپێی گێڕانەوەی بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكە، پێش هەموو شتێك بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەت ئەوەی بە رۆژنامەنووسان راگەیاندووە، ئەوان تەواوی دیدارەكە وەكو خۆی بڵاو دەكەنەوە و رۆژنامەنووسانیش ئازادن چۆن قسە دەكەن. 
دواتر لە بەردەمی كامێرادا سەرۆكی حكومەت ئەوەی دووپات كردەوە كە هەموان ئازادن چۆن قسە دەكەن. دیدارەكە بە تەواوی بڵاوكرایەوە و كەسانێكێش خۆیان كردە پاڵەوان و سۆشیال میدیاش بووە مینبەری ریكلام بۆیان، ئەوەی مایەی سوڕمانە بەپێی گێڕانەوەی بەشداربوویەكی تری كۆبوونەوەكە، هەندێك لەوانە لە پشتی كامێراوە و لەسەر مێزی نانخواردن گلەیی ئەوەیان لە بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەت كردووە، بۆچی رێگری لەوە دەكات رۆژنامەنووسانی وەك ئەوان بە دیداری سەرۆكی حكومەت شاد بێت؟!
پرسیار لێرەدا ئەوەیە چۆن متمانە بە حەماسەتی فس فس پاڵەوانەكانی بەردەمی كامێرا بكەین، لە كاتێكدا لە پشتی كامێراوە بە گۆشەی سەد و هەشتا پلە با دەدەنەوە و پاشگەز دەبنەوە؟ بەو ئومێدەی خەڵكی كوردستان چاوكراوە تربن و باشتر فس فس پاڵەوانەكانی بەردەمی كامێرا بناسن.

دەستەواژەی (وامزانی رادیۆیە) وەكو دەستەواژەیەكی باوی لێهاتووە بۆ پەشیمانبوونەوەی ئەو كەسانەی لە حاڵەتی حەماسیدا كۆنترۆڵی خۆیان لە دەستدەدەن و سنووری ئازادی دەبەزێنن

وتارەکانی نوسەر