گەشتێکی ئاسایی لە رەوشێکی نائاساییدا

10:41 - 2022-06-28
وتار
354 خوێندراوەتەوە

هەوراز شوانی 

وەک بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو جۆ بایدن سەردانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکات و لەگەڵ سەرانی وڵاتانی ناوچەکە پێشهاتەکان تاوتوێ بکەن. لەبەرئەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چ لەڕووی هەڵکەوتەی جیۆسیاسی و چ وەک سەرچاوەیەکی وزە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە جێی بایەخی ئەمریکا بووە و لەپرسەکانی ئاسایش و بەرژەوەندی وڵاتەیەکگرتوەکان پێگەی هەیە، ئاساییە هەرسەرۆکێکی ئەمریکا سەردانی بکات، بەڵام لە رەوشی نائاسایی ئێستای جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، گەشتەکەی سەرۆک بایدن لێکدانەوەی زۆرتر هەڵدەگرێ.
 ئەگەرچی ماوەیەکە ئەمریکا قورسایی خۆی خستۆتە خزمەتی ململانێی روسیا و چین و خۆرهەڵاتی ئاسیا، بەڵام گەشتەکەی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەیەکە بەوەی هێشتا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ واشنتۆن جێی بایەخە. سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات و دواتر لە شاری جدەی عەرەبستانی سعودی لەگەڵ پاشا و میری هەر شەش وڵاتەکەی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو و سەرۆکی میسر و شای ئوردن و سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆدەبێتەوە، ئەوەی جێی سەرنجە هیچ کاربەدەستێکی تورک بۆ کۆبوونەوەکە بانگهێشت نەکراوە، لەکاتێکدا تورکیا ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی خۆرئاوایە، رەوشە نائاساییەکە رەنگدانەوەی جەنگی ئۆکرانیا و ئایندەی وتوێژەکانی ئەتۆمی ئێران و خۆرئاوا و هەڵکشانی گرژی ململانێکانە. 
جەنگی ئۆکرانیا لە رووی وزە و دانەوێڵە و لێکەوتە سیاسییەکانییەوە، کاریگەریی بەسەر دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەبێ، وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەم کاتەدا رۆڵیان لە دابینکردنی وزەی پێویست و ئاستی نرخی سووتەمەنی بۆ خۆرئاوا هەیە، بەتایبەتیش روسیا کارتی وزە وەک گوشارێک لە دژی خۆرئاوا بەکاردەهێنێت. 
دەسەڵاتی دیموکراتەکان باشترین دەرفەتە بۆ رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، تائێستا وتوێژەکانی ڤیەننا بەئاکام نەگەیشتون، سەردانی جۆزیب بۆرێل بۆ تاران لە پێناوی بەردەوامی دانوستانەکانە، بەڵام هەرکاتێک وتوێژەکان شکست بێنن ئەوکاتە بوار بۆ رێکەوتنی ئەتۆمی نامێنێ و ئێران هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی چڕتر دەکاتەوە و نەیارانی تاران بە دژەکانیشەوە هەنگاو بەرەو دامەزراندنی سیستمێکی ئاسایشی ئیقلیمی تازە دەنێن.
 ئیدارەی بایدن لەلایەن رای گشتی ئەمریکا و کۆمارییەکانیشەوە گوشارێکی زۆری لەسەرە بەوەی سازش بۆ تاران نەکات.  دیموکراتەکان بەوە ناسراون هەڵگری پەیامی جەنگ نین، بەڵام هەندێک لە چاودێران پێیان وایە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوەڕوانیی ئاگر و دوکەڵدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر هینری کیسنجەر لە دیدارێک لەگەڵ رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانیا وتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رووداوی گەورە بەڕێوەیە.
جا لەناوچەیەک کە بەرژەوەندی وڵاتانی بەیەک نەگەن و مێژوویەکی لە تەوەربەندی ململانێی زلهێزەکان هەبێ، بێگومان ئەگەرەکانی پێکدادان لەڕێکەوتن زیاتردەبن.

وتارەکانی نوسەر