پەروەردەی پێکەوەژیان بۆچی گرنگە؟

12:39 - 2022-03-23
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
434 خوێندراوەتەوە

تێڕوانینی مرۆڤبوون بۆ مرۆڤ، یەکێک لە بنەڕەت و بنچینەکانی پێکەوەژیانە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا. تێڕوانین بۆ مرۆڤبوون واتا بڕواو قەناعەتهێنان بەوەی سەرجەم مرۆڤەکان هاوتان لە ماف و ژیان و مرۆڤبوون و کەرامەتیاندا، هیچ جیاوازییەک لە هەر رووکارێکی ئایینی یان نەژادیی یان رەنگ و شێوە و هەرشتێکی تر نابێت ببێتە هۆکار بۆ داماڵینی لە مافەکانی، رێزگرتن لە دابونەریت و ئایین و بیروباوەڕ و تایبەتمەندی تاکەکان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤدۆستییە، ناکرێت لەژێر هەر ناو و گوشارێکدا تایبەتمەندییەکانی تاک و کۆمەڵ پێشێل بکرێت، هەر کارێکی لەو جۆرە، سیماکانی پێکەوەژیان دەخاتە بەردەم مەترسییەوە، هیچ واتایەکیش بۆ ئازادیی و دیموکراسی و مافی مرۆڤیش ناهێڵێتەوە و بانگەشەیەکی ئاشکراشە بۆ توندوتیژیی و بەرپەرچدانەوەی نەخوازراو و تەشهیر و شکاندنی بەرامبەر.
بۆیە پەروەردەی پێکەوەژیانی مەدەنییانە لەگەڵ یەکتر و بە کەلتورکردنی ئەو رەفتار و ئاکارانەی کە ئاشتی و تێگەیشتن لە یەکتر و هاندان بۆ قبووڵکردنی تایبەتمەندییەکانی ئەوانی تر، پێویستییەکی سەردەمیانەیە و دەبێت گرنگی پێ بدرێت.
ئەرکی پەرەوەردە و حکومەت و گەلێک لایەنی ترە وەک راگەیاندن و رۆشنبیریی و هونەر و سەرجەم ئەو بەشانەی کە کاریگەرییان هەیە لە ئاراستەکردنی تاک و رۆڵیان لە پێگەیاندن و پەرەوەردەی تاکدا هەیە، ئەمەش تەنها بەلایەنی تیۆری و نووسین ناکرێت، بەڵکو دەبێت لە واقیعی بووندا بەرجەستە بکرێت، بەتایبەتی لە کۆمەڵێک رووەوە، بۆ نموونە: بووژاندنەوەی هەستی نیشتمانی و هاونیشتمانیبوون، بنەمایەکی گرنگە بۆ ئەوەی تێڕوانینەکان لە یەکتریی نزیک بکاتەوە و ئەو تێڕوانینە ناوەندییانەی کە جیاوازن لە یەکتری وەک ئایین و نەتەوە و زمان و کەلتور لە بیرکردنەوە گشتییەکەدا کەم بکاتەوە و بیرکردنەوە لە ماف و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بۆ پێشکەوتن و پێکەوەژیان باڵاتر بکات، گرنگە دروستکردنی ئینتیما تەنها لە وانەیەکدا نەبێت، بەڵکو ئاگاداربوون لە سەرجەم پڕۆگرامەکانی خوێندن و کارکردن بەیەک ئاڕاستەی فەلسەفەی پەروەردەیی هاوبەش لە داڕشتنەوەی سەرجەم پڕۆگرامەکاندا کارێکی دروستە و دەبێت بکرێت. بۆ نموونە پەروەردەی ئایین، کە خۆی لەخۆیدا سەرجەم ئایینەکان و بەتایبەتی ئاینی ئیسلام جەختی لە ئازادیی هەڵبژاردن و لە بوونی ئایین و بڕواو ئیمانی تاک کردووە، بۆ هیچ مرۆڤێک نییە ئەو ئازادییە زەوت بکات و لەژێر ناوی ئاییندا سوکایەتی و تەشهیر بە بڕوا و قەناعەتەکانی ئەویتر بکات و بە ئاشکرا هەندێک دژ بە هەندێکی تر هانبدرێت و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە. بەهەمان شێوە قووڵکردنەوەی بنەڕەتییە نەژادیی و خۆسەپاندنی نەتەوایەتیش بەسەر هەر پێکهاتە و لایەنێکی تردا دیسان کاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت و دانانی هەر سروودێک یان دەقێک یان هەر بابەتێکی تری مێژوویی یان بابەتێکی تر دەبێت دیراسەیەکی وردی ئەوەی بۆ بکرێت کە نەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی رق و بێزرانی بەرامبەر و دروستکردنی توندوتیژیی شاراوە لە ناخی تاکەکاندا.
پەرەدان بە زمانی رەخنەی لۆژیکی و تێگەیشتن لە گفتوگۆ و کارکردن لەسەر پەرەدان بە هونەری ئاخاوتن و گوێگرتن، هەر لە باخچەی منداڵانەوە و راهێنانیان بە شێوەی کرداری بۆ خوشویستن و لێبووردەیی و تێگەیشتن لە پەروەردەدا دەبێت سەرەتا لە پەروەردەکارانەوە دەستپێبکات و پەیڕەوکردنی لە واقیعی خوێندندا بچەسپێنرێت، چونکە هەندێک کات بیرکردنەوەی هەندێ لە پەروەردەکاران خودی رێسراوەکە دەکاتەوە بە خوری.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

وتارەکانی نوسەر