شەن و کەو

کەی کابینەی نوێی عیراق رووناکی دەبینێت؟

10:01 - 2022-06-29
مستەفا محەمەد
442 خوێندراوەتەوە

هەموو ئەگەرەکان رووەو پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەشی تەوافوقین و بە پێی دوایین هەوڵی سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیش بێت چاوەڕوانی وایە کە لە دوای کۆتایی هاتنی پشووەکانی جەژنی قوربان، هەنگاوەکان بەو ئاراستەیە خێراتربن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترس لە دووبارە بەریەکەوتنی نێوماڵی شیعە بەهۆی ناوهێنانی سەرۆک وەزیرانی نوێ کە دڵخوازی هەمووان نەبێت، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی خستۆتە دڵەڕاوکێوە بە جۆرێک نایانەوێت کارێک بکەن تەنانەت «موقتەدا سەدریش» کە لە دەرەوەی هاوکێشەکانیشە نیگەران بکەن.
ئێستا کە هاوکێشە سیاسییەکان لە قازانجی چوارچێوەی هەماهەنگیدا گۆڕاون، سەرکردەکانی ئەو قەوارە گەورەیە لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورس دان، ئاخۆ پێکهێنانی حکومەتێک بە بێ رازی کردنی سەدر دەتوانێت رۆشنایی ببینێت، یاخود ئەو کابینەیەش هاوشێوەی ئەوانی پێش خۆی هەر چەند مانگێک نابات، شەقامی لەدژ دەجوڵێنرێتەوە و جارێکی تر هەیمەنەی سەدریی و میلیشیا چەکدارەکان بەسەر  مەشهەدە سیاسییەکەدا زاڵ دەبێتەوە!
ئەوە روونە کە ژمارەی کورسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتارە نوێکان کە جێگەی دەستلەکارکێشاوەکانیان گرتۆتەوە «50» کورسی زیادی کردووە، بەڵام ئەم هەڵکشانەی ژمارەی کورسییەکان روئیا و هاوسەنگی بڕیاریشی لە نێو ئەو قەوارە گەورەیەدا گۆڕیوە و هەندێ لەو هاوپەیمانێتیانەی ناو چوارچێوەکە پێیانوایە کە قەیرانەکە بە چوونە دەرەوەی سەدر لە گۆڕەپانەکە نابێت بە عەقڵیەتی سەرکەوتن سەرمەستیان بکات و پێیان وابێت تەنها پێکهێنانی کابینەی نوێ وڵامدەرەوەی وێستگەکانی داهاتووی حوکم دەبێت، بەڵکو لەسەر پێ وەستان و بەردەوامی و نەخشە و ستراتیژی چوار ساڵی پڕۆژەی راستەقینەی خزمەتگوزار کە هاووڵاتی تیایدا هەست بە ئارامی و دڵنەوایی تەواو بکات، زۆر لەمانە گرنگترە.
گرنگتر لەوە هێڵی راستەقینەی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ بەشداریی کارای لایەن و پێکهاتەی کوردیی لەو حکومەتەی کە دەویسترێت دوای جەژنی قوربان لەدایک ببێت، ئەوەیە کە جارێکی تر تۆپەکەیان هەڵداوەتەوە هەرێمی کوردستان و هەموو لیست و حزبە براوەکانیان سەرپشک کردووە کە لەنێو خۆیاندا رێک بکەون و بەیەک کارنامەی سیاسیی کوردییەوە کە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی تێدا جێ کرابێتەوە پێشکەش بکەن، وە بە یەک کاندیدی هاوبەشەوە رێک بکەون، تا ئەوانیش کۆمەکیان بکەن و «سەرکۆمار» لە زوترین وادەدا هەڵبژێرن.
کەواتە لەسەر لایەنی کوردییە بەتایبەتیش «یەکێتی و پارتی» کە باری سەرنجەکانیان یەک بخەن و ببنە بەشێک لە چارەسەری گرێ کوێرەی پڕۆسەی سیاسی لە عیراقدا، وە دەستپێشخەریی لێک نزیکردنەوە و کراوەنەوەی زیاتر بە رووی یەکتردا بنوێنن تا لە رێگەیەوە حکومەتێی هاوبەشی خزمەتگوزار کە داخوازیی زۆرینەی خەڵکی عیراق و لایەنە سیاییەکانە رووناکی ببینێت.

وتارەکانی نوسەر