1-2
تەندروستی، بیرکردنەوەی دێرینی گشت مرۆڤایەتی بووە بەدرێژایی مێژوو، بەزمانی دینیش تەندروست و سەلامەتی ئەرکێکی گرنگی ئایینییە. ئەو کاتەی کۆمەڵگا جیاوازەکان، تەندروستی کەسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بەلاوە گرنگ بێت، میدیاش ناتوانێت لەم بەهاداریەی کۆمەڵگاکاندا گوزەر بکات، بۆیە کۆمیونیکەیشنی تەندروستی و شێوازی بەدواچوونی میدیا بۆ بابەتە تەندروستییەکان، دەبێتە پرسێکی گرنگ لای دامەزراوە میدیاییەکان، ئەم پرسەش رۆڵێکی گرنگی لە بواری پەروەردە و گەشەکردنی هۆشیاری تاک و کۆمەڵگادا دەبینێت.
وشەی تەندروستی، رەگ و ریشەیەکی دێرینی زمانەوانی هەیە، ئەم چەمکە لە وشەی (Healen) وەرگیراوە، واتە (وەرگرتنی شیفا)، پاشان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا وشەی (Health) بەکارهاتووە، بووەتە جێگرەوەی وشەی (Hygiene)، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە و دروستبوونی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە، بەرگێکی نێودەوڵەتی بەبەر چەمکەکەدا کرا.
پەیوەندییە تەندروستییەکان، بەردەوام لە ئاستی گۆڕانکاری گەورەدان، ئەگەر لەڕووی زاراوەییەوە سەیری بکەین، پێکەوەبەستنی (کۆمیونیکەیشن) و (تەندروستی)یە، لەناو دڵی ئەم زانستەدا روانگەیەکی چەند رشتەیی (interdisciplina) بوونی هەیە، کە دەکرێت زانستە پزیشکی و مرۆڤایەتییەکان بەهەند لێی بڕوانن، چونکە بووەتە لقێکی گرنگی دامەزراوە زانستی و جیهانییەکان، کە پەیوەندیدار و تایبەتن بە تەندروستی.
کۆی گشتی پێناسەی تەندروستییەکان، لەسەر ئەوە کۆکن کە بنەماکانی تەندروستی و سەلامەتی دەگێڕنەوە بۆ تەندروستی (لەش، دەروونی، کۆمەڵایەتی، رۆحی، کۆمەڵگا جیاوازەکان)، ئەو رێکارە گشتیانەشی کە پارێزگاری لە تەندروستی مرۆڤەکان دەکەن، سیاسەتی گشتی تەندروستی وڵاتە، دروستکردنی ژینگەیەکی فیزیکی و کۆمەڵایەتی کە پارێزگاری لە گۆڕانکاریی تاک و کۆمەڵگا بکات، هەروەها بەهێزکردنی چالاکییە کەسی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ پێشکەشکردن و بەشداریی پێکردنی نەخۆشەکان.
کۆمیونیکەیشنی تەندروستی، فیڵدێکی نوێی کارکردنی میدیاییە، زیاتر تەرکیز لەسەر رۆڵی بەهێزی پەیوەندیی (کۆمینکەیشن) مرۆڤەکان و میدیا دەکات، ئەویش خستنەڕووی چاودێرییە تەندروستییەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاکە لەبەرانبەر تەندروستیی خۆیدا، لەم بوارەدا میدیا رۆڵێکی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
کۆمیونیکەیشنی تەندروستی، تەنها لەچوارچێوەی کارکردنی پەیامە میدیاکانی (بینراو، بیستراو، خوێنراو) دا نییە، بەڵکو میدیای نوێ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، نامە ئەلکترۆنییەکانی تۆرەکانی مۆبایل، رۆڵێکی گرنگ و پڕ بایەخیان هەیە لەم بوارەدا، هەروەها هەموو ئەو نووسینانەی کە بەشێوەی فلێکس و دیواربەندی، نووسینە رووناکیدەرەکان لە شارەکاندا گرنگ و پڕ بایەخن و رۆڵی گرنگ دەبینن لە هۆشیاریی تەندروستیدا.
ئەمەش لەسەر دوو تەوەری سەرەکی کار دەکات، ئەویش (بەشداری پێکردنی زانیارییە جۆراوجۆرەکان بە وەرگرەکان) و (باشترکردنی پەیامە تەندروستییەکان) لەچوارچێوەی سیاسەتی گشتیی تەندروستی وڵاتدا، کە پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێت، میدیاش لەم نێوەندەدا رۆڵی گەیاندنی زانیارییەکان دەبینێت.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمیونیکەیشنی تەندروستی، رۆڵ دەگێرێت لە بەرهەمهێنان، بڵاوکردنەوەی پەیامە تەندروستییەکان، هەروەها مامەڵە تەندروستییەکان لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا، کاریگەریی ئەو پەیامە تەندروستییانە لەسەر کۆی گشتی تاک و گروپە کۆمەڵایەتییەکان، دامەزراوە تەندروستییەکان، لەپێناو دروستکردنی کۆمەڵگای تەندروست و خۆشگوزەران.
*میدیاکاری تەندروستی