گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکان، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر رەفتاری تاک و خێزان و کۆمەڵگە هەیە، جۆر و قهبارهی گۆڕانکارییهكان بهههر بارێكدا، دهرئهنجامی هاوشێوهی لهسهر رهفتاری بهكاربردن دهبێت.
دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، یەکێکە لەو گۆڕانکارییە دارایی و ئابورییانەی کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر داهاتی تاکەکەس و خێزانەکان و خواستهكانیشیان ههیه، چونکە لە هەرێمدا نزیکەی یەک ملێۆن و 200 هەزار هاونیشتیمانی مووچەخۆرن (فهرمانبهر، مامۆستا، خانهنشینی شارستانی و سهربازی، كهمئهندام و كهسوكاری شههیدان و ئهنفالكراوان ..هتد).
دەتوانین بڵێین رێژەی %80ی ئەم مووچەخۆرانە بەتەواوی بۆ بژێویی، پشت بە مووچە دەبەستن و تاكه سهرچاوهی بژێوییان مووچهیه.
گۆڕینی رەفتار ئاسان نییە
رەفتاری بەکاربردنی تاک و خێزان و کۆمەڵگە، وابەستەیە بە داهاتی نەختینەییەوە، بوونی پارە، خواست زیاد دەکات، بە پێچەوانەوەشەوە نەبوونی پارە، خواست و داواكاری بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێنێت، وەک ئەمڕۆی کوردستان وا نزیک دەبینەوە لە 70 رۆژ، مووچه دابهشنهكراوه و بارودۆخ و گوزەرانی هاونیشتمانیان تەواو شپرزەیە، بازاڕەکانیش سست و لاوازن.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە، خۆگونجاندن و گۆڕینی رەفتاری بەکاربەرانە بۆ بارودۆخی نالەباری ئەمڕۆی کوردستان و داهاتووش، بێگومان خۆگونجاندنی تاک و خێزانەکان، لەگەڵ قەیراندا، تاڕادەیەک قورس و گرانە، بەتایبەت دوای ئەوەی کۆمەڵگە فێری خۆشخۆری و تاڕادەیەک خۆشگوزەرانی بووبێت.
ئەم گۆڕانکاریی و خۆگونجاندنه، پێویستە لە خێزانەکانەوە دەستپێبکات و ئەرکی سەرەکی و گران، لەسەر شانی باوک و دایکانە، بەتایبەت دایکان و کابانی ماڵەوە.
بچووککردنەوەی خوان
لەم بارودۆخانەدا، پێویستە لە پێداویستییە سەرەکی و گرنگەکانەوە دەستپێبکرێت و ریزبەندیی واقیعییانە بۆ زۆربەی پێویستییەکان دیاریبکرێت، زۆر گرنگە بایەخبەندیی پێویستییەکان لە داواکارییەکان جیابکرێتەوە.
لەلایەکی ترەوە، بۆ هەموو ئەو خێزانانەی کە بەتەواوی پشت بە مووچە دەبەستن، پێویستە لە خوانی (سفرە)ی رۆژانەوە دەستپێبکرێت و ئەو هەمەچەشن و فرەیی و قەرەباڵغییەی جاران هەبوو، کەمبکرێتەوە، بە کوردییەکەی پێویستە سفرەکانمان سادە و بچووک بکەینەوە.
هەروەها ئەرکێکی تری کابان، ئەوەیە پێویستە منداڵەکانیان بە شێوەیەکی واقیعییانە تێبگەیەنن کە بارودۆخی دارایی گۆڕاوە و پێویستە شێوازی ژیانی ئەوانیش بگۆڕێت، بەداخەوە لە ڕابردوودا بەهۆی هەڵە پەروەردەکردن و زۆر نازدان بە منداڵان، رەفتاری بەکاربردنیان پڕ خەرجی بووه، بەتایبەت لە دابینکردنی پێداویستییەکانیاندا، لەجۆری خواردن و خواردەمەنی و جلوبەرگ و ..ئیدیکەش.
ژیان لە قەیراندا لێهاتوویی دەوێت
هیوادارین كێشهكانی نێوان ههولێر و بهغدا، بهتهواوی چارهسهر بكرێن، لهههر بارێكدا به چارهسهربوونی كێشهكان یان خوانهخواسته خراپتربوونی بارودۆخهكه، دهبێت تاك و خێزان و كۆمهڵگەی كوردی بە گشتی، شێوازی ژیان و هەڵسوکەوتی بەکاربردنیان بگۆڕن.
زۆر گرنگە لەوە تێبگەین، کە ژیان لە قەیراندا کارامەیی و لێهاتوویی دەوێت و لەوەش گرنگتر ئەوەیە کۆمەڵگە پەند لە بارودۆخەکە وەربگرێت و لە دوای تەواوبوونی قەیرانەکەش تاک و خێزان بە جۆرێک ژیانیان رێکبخەن، کە ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر قەیرانێک.
پێویستە خێزان پێداویستییەکان لە داواکارییەکان جیابکاتەوە فۆتۆ: حەمە عومەر