پرۆسەی چەکدانان، قۆناغێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی

09:48 - 2025-07-13
جەمال ئەکبەر کاکەیی
39 خوێندراوەتەوە

 

کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و دانوستاندن دەستپێکێکی نوێیە بۆ گەلی کورد و تورک لەپێناوی بەدیهێنانی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی

پەکەکە وەک رێکخراوێکی سیاسی چەکدار لە ساڵی 1978 لەتورکیا دامەزراوە و بەدروشمی بەدیهێنانی مافی گەلی کورد، خەباتی کردووە و چالاکییەکانی لە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری تورکیا و دەوروبەری ئەنجامداوە، دیارە ئەم رێکخراوە لە مێژووی خۆیدا خەباتی سیاسی و شەڕی چەکداریی و چالاکییەکانی درێژە پێداوە، بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسیانەی کێشەی کورد لە تورکیا.
قۆناغی خەباتی چەکداری کۆتایی پێهاتووە
پەکەکە ماوەی 41 ساڵە لەو مەیدانەدا بەردەوام بووە، ئێستا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە قۆناغی خەباتی چەکداری کۆتایی پێهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەندە لە ساڵانی شەڕکردندا لە نیوان تورکیا و پەکەکەدا هەزاران کەس لەهەردوولا و خەڵکی سڤیل لەسەر سنوورەکانی باشوور و باکووری کوردستان کوژراون، بەڵام کورد و پەکەکە لەسەنگەری خەباتدا بەردەوام بوون.
بۆیە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و دانوستاندن دەستپێکێکی نوێیە بۆ گەلی کورد و تورک لەپێناوی بەدیهێنانی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و رێککەوتن و چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە بۆ پرسی کورد، بەڵام قۆناغەکانی رابردوو بۆ گەلانی تورکیا پڕ نەهامەتی بووە و هەندێک گروپی سیاسی و سەربازی شکستیان بە زۆربەی پرۆسەی گفتوگۆ و ئاشتی پێشوو هێناوە.
پەکەکە چەند جارێک هەوڵیداوە بەزمانی گفتوگۆ و سیاسەت کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر بکرێت و لەو روانگەییەوە هەوڵیداوە لە رێگەی پرۆسەی ئاشتی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی بەرقەرار بکات، بەمەبەستی بەدیهێنانی ئامانج و مافە رەواکانی گەلی کورد و هەوڵیداوە خەباتی چەکداری و سیاسی ئاوێتەی یەکتر بکات و نەخشەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردیش داناوە.
بەڵام ئێستا گۆڕانکارییەکانی سەردەم و رەوشی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغی جیاواز و خێرادا گوزەر دەکات، چونکە گەلێک رووداوی جیاجیا ھاتووەتە ئاراوە، لەم سەروبەندەدا پێویستە سەرکردایەتی سیاسیی کورد بە گشتی و پەکەکەش بە تایبەتی، خوێندنەوەی وردیان بۆ رەوشەکە هەبێت و لەگەڵ رەوتی رووداوەکاندا ھاو ئاڕاستە بەرەوپێشەوە هەنگاو بنێن بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای گەلی کورد. 
مام جەلال بناغەکەی داڕشت
لە دوای راپەڕینی کۆمەڵانی خەڵک لە باشووری کوردستان، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکرد کە رەوانشاد سەرۆک مام جەلال بناغەکەی داڕشت، ئەمڕۆش لەو سەرچاوەیەوە قۆناغێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی ھاتۆتە ئاراوە، کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازەکەی بڵاوکردەوە و داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنن و رێگاچارەی سیاسییانە و ئاشتیانە بگرنەبەر بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، پەکەکەش لەسەر رۆشنایی بانگەوازەکەی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆی بەست و ئەنجامەکەی راگەیاند و دووپاتی کردەوە کە (کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەھێنێت) و روونی کردەوە کە (ئێستا کاتی ئەوەیە لەڕێگەی ستراتیژی سیاسییەوە مافی گەلەکەمان وەربگرین).
لای خۆیەوە دەوڵەتی تورکیا پێشوازی لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان و هەڵوێست و بڕیارەکەی پەکەکە کرد.
وەک ئاشکرایە ئێستا پرۆسەی چەکدانان دەستی پێکردووە کە لەئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، ئەم هەنگاوەش نیازپاکی پەکەکەی دەرخست بۆ رای گشتی جیهان و ناوچەکە و تورکیا و سەلماندیان ئاشتیخوازانە بیر دەکەنەوە و بەرەو ئاشتی بنەڕەتی هەنگاو دەنێن.
پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی
تورکیا بەم پرۆسەیە دەڵێ: پرۆسەی نەھێشتی تیرۆر، پەکەکەش پێی دەڵێ: پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی، ئەمەش دوو بۆچوونی لە یەکتر جیاواز و ناکۆکن، بەڵام لە ئەنجامدا پەکەکە پابەندی بەڵێنی چەکدانان بووە و بەرپرسیارانە مامەڵەی کردووە و بە ئیرادەوە هەنگاوی ناوە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی خەباتی ئاشتیانە، بۆیە پێویستە حکومەتی تورکیاش بە نیازپاکییەوە کار بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراسی لەو وڵاتە بکات و لاپەڕەکانی رابردوو بە مێژوو بسپێرێت، چونکە ئەم پرۆسەیە کاریگەریی گەورەی لەسەر پرسی کورد و هاوکێشە سیاسییەکان هەیە و دەبێتە مایەی چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی و ئازادی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی پڕ لە ئارامیش لە تورکیا.

وتارەکانی نوسەر