ئەو هۆشدارییانەی دەدرێن بە کورد

09:12 - 2022-07-16
جەمال ئارێز
508 خوێندراوەتەوە

ماوەی چەند رۆژێکە وەک دەڵێن ((ئۆباڵ بە ئەستۆی میدیاکان)) لێرەو لەوێ هەندێک لێدوان بەناوی بەشێک لە سەرکردەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەوە دەدرێت بە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبارەی خۆ یەکلاییکردنەوەی (کورد) لە پێشکەشکران و ناودێرکردنی کاندیدێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، تا لەو رێگەیەشەوە پەلەبکرێت لەوەی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو کەسێک لە گەورەترین قەوارە رابسپێرێت بۆئەوەی بەگوێرەی ماوەی دەستووریی ناوی ئەندامانی کابینەی حکومەتی نوێ پێشکەش بکات.

یەکێتی و زۆربەی ئەو فراکسیۆنە کوردستانییانەی کە کورسیان لە نوێنەراندا هەیە، پێیانوایە کە دەبێت پێکهاتەکان بۆخۆیان نێوماڵی خۆیان رێکبخەن و پێکهاتەکانی دیکە نەبنە بەشێک لە کێشەکانی ئەو پێکهاتەیە

هێشتا دیارنییە کە ئاخۆ لێدوانێکی لەو شێوەیە کە لە هەندێک لە میدیا و دیجیتاڵ میدیاکانەوە زەقکراوەتەوە، لە چوارچێوەی چ رستەیەک یان پەرەگرافێکدا گوڵبژێر کراوە، یاخود ئەوە پۆستێکی فەیسبووکە لە ئەکاونت و پەیجی یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەوئاهەنگی یان تویتێکە وەک کاردانەوەیەک لەو بانگەشانەی سەید موقتەدا سەدر کردنی بۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی کە رۆژی هەینی رابردووی دیاریکردبوو. یان نازانین داخۆ تەنها بۆ ئیستیهلاکی محەلییە تا کەسانێک بیانەوێت ناویان و وتەکانیان لە میدیاکانەوە ببێتە بابەتی رۆژ.

وەک ئاماژەمان پێدا دیارنییە ئاخۆ ئەم لێدوانانەی لە میدیاکاندا وەک هۆشداریی وەسف دەکرێت، هۆشدارییە، یان رستەیەکە لە پەرەگرافێک یان لە وتارێکی درێژدا گوڵبژێر کراوە، بۆیە وەڵام و سەرنجەکە لەوێدا دەدرێتەوە کە گریمان ئەسڵی لێدوانەکە کورت و پوخت ئاراستەی کورد کرابێت. 
زیاتر لە نۆ مانگە هەڵبژاردن بەڕێوەچووە و لەو ماوەیەدا بەشی هەرە زۆری لایەنە کوردستانییەکان چاوەڕوانی یەکلاییبوونەوەی دۆخی ناوماڵی شیعە بوون، لەو ماوەیەدا زۆربەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەو ئاراستەیە کاریان کردووە کە نەبنە لایەن لە ناکۆکییەکانی ناوماڵی شیعە و قسەیەکی خێریان پێکرا بیکەن و ئەگەرنا نە ببنە تەرەف لە کێشەکەدا و نە خۆزگەش بە ناکۆکیی ناوماڵی شیعە بخوازن بەو پێیەی هەر خۆی دۆخی عیراق وەک پەتی تەسبیحەکە وایە و لە هەر شوێنێکدا بپچڕێت کاریگەریی لەسەر کۆی دەنکەکانی تەسبیحەکە دەبێت، لەبەر ئەوەش کە روئیایەکی روون لە ئارادا نییە بۆ ئەگەری دوای لێکترازانی عیراق وەک دەوڵەت، بۆیە مانەوەی ئەو چوارچێوەیە لە قازانجی هەموو لایەنەکاندایە.
گریمان ئەو لێدوان و هۆشدارییانە لەوەوە سەرچاوەیان گرتبێت کە رەوتی سەدر لە کێبڕکێی سیاسیی ناو پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی (زۆرینەی نیشتمانی) پاشەکشەی کردووە و هێشتاش دیارنییە داخۆ هەنگاوەکانی ئایندەی چی دەبێت؟ 
سەرەڕای ئەوەی ئەو تێڕوانین و بانگەشانەی سەدرییەکان تەواو پێچەوانە بوون لەگەڵ خواست و تێڕوانینی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بەگشتی کە ئەمیان بانگەشەیە بۆ تەوافوق و شەراکەتی راستەقینە و بانگەشەی لایەنی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بە هەمان شێوەبوو، بەڵام لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تا دوا چرکەش دەستی بە مەبدەئی سیاسیی خۆیەوە گرت و پێداگریی لەسەر نەبوون بە بەشێک لە ململانێکانی ناوماڵی شیعە کرد و سەرەڕای نزیکی روئیای چوارچێوەش لە روئیای یەکێتییەوە لە چەمکی تەوافوقی نیشتمانی، بەڵام هەرگیز خۆی وەک بەشێک لە چوارچێوە نەناساندووە بە ئێستاشەوە.
یەکێتی و زۆربەی ئەو فراکسیۆنە کوردستانییانەی کە کورسیان لە نوێنەراندا هەیە، پێیانوایە کە دەبێت پێکهاتەکان بۆخۆیان نێوماڵی خۆیان رێکبخەن و پێکهاتەکانی دیکە نەبنە بەشێک لە کێشەکانی ئەو پێکهاتەیە، چونکە عەرەب وتەنی (اهل المکة ادری بشعابها)، واتە هەر لایەنە و خۆی دەردی خۆی دەزانێت.
کەواتە وەک چۆن یەکێتی و زۆربەی لایەنە کوردستانییەکان نەبوونەتە لایەن لە کێشەکانی ناوماڵی شیعە و سوننە، ئەوا بە رەواشی نابینن کە هیچ کام لەو پێکهاتانە ببنە بەشێک لە کێشە ناوخۆییەکانی ناوماڵی کورد، بەتایبەتی کە زۆربەی ئەو لایەنانە راستیی ئەوەیان لەلا روونە پۆستی سەرۆک کۆمار ئیستیحقاقی کورد و لەناو کوردیشدا ئیستیحقاقی یەکێتییە، ئەو ئیستیحقاقەش چەند جارێک لەکاتی ئامادەکاریی بۆ ئەو کۆبوونەوانەدا لەلایەن سەرکردە دیارەکانی هاوپەیمانیی عەزم-ی سوننە و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەوە تەئکیدی لەسەر دەکرایەوە کە هیچ کام لەو کۆبوونەوانە بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی قانوونییەوە بەڕێوەنەچوو و سێ یەکی پەکخەر نەیهێشت کۆبوونەوەکان بکرێن.
ئەوە جگە لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئیستیحقاقی خۆیان لە پۆستە سیادییەکانی دەوڵەت لە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەراندا بردووە و لە هەرێمیش هەردوو پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمیان بردووە.
بۆیە پێناچێت پێداگریی لەسەر ئەوەی کە (ئەوان چیتر لەسەر کورد ناوەستن بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار) جگە لە لێدوانێک بۆ ئیستیهلاکی محەلی هیچ گوشارێکی ئەوتۆ بێت بۆسەر یەکێتی و یەکێتی ناچاربکات لە ئیستیحقاقی خۆی پاشەکشە پێ بکات، بەڵکو ئەوە زیاتر دووپاتکردنەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە لەوەی کە کابینەی نوێ ئەوان پێکی دەهێنن و رکابەری بەهێزیان نەماوە.

وتارەکانی نوسەر