بەدەستهێنانی شەرعییەت بە گەمەی ناشەرعی

06:41 - 2022-03-24
جەمال ئارێز
804 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن بەگوێرەی پێناسە سیاسی و باوەکەی لە گەمەی دیموکراسیدا ئامانج لێی بەدەستهێنانی دەسەڵاتە لە رێگەی شەرعی و لەسەر خواستی خەڵکی هەر وڵاتێک کە تەمەنی یاسایی و مافی هاووڵاتیبوون و چەند پێوەرێکی دیکە رێگەیان پێ دەدات بەشداریی لەو پڕۆسەیەدا بکەن، جا ئیتر ئەو دەسەڵاتە دەسەڵاتێکی تاک حزبی بێت بەتەنها یاخود بە هاوپەیمانی و ئیئتیلاف بێت لەگەڵ حزبێکی دیکە یان زیاتر بەو شێوەیەی یاسا بەرکارەکانی ئەو وڵاتە داڕێژراوە.
هەرێمی کوردستان و یاسای ساڵی 1992
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرلە سەردەمی حکومڕانی، بگرە هەر لە سەردەمی خەباتی شاخەوە بڕوای بە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەبووە، هەر بۆیە لەگەڵ فراوانبوونی پانتایی و رووبەری ناوچە ئازادکراوەکانی شۆڕش لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، بۆ تێکەڵ نەبوونی دەسەڵاتی سەرکردە سیاسییە باڵاکانی شۆڕش و دەسەڵاتی فەرماندەی تیپ و کەرتەکانی پێشمەرگە لەگەڵ دەسەڵاتی کادرانی کاروباری کۆمەڵایەتی و خەڵکی گوندەکان لە رووی کارگێڕییەوە، بڕوای با هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گوندەکان بووە و ئەوەشی وەک خەون نەهێشتەوە و هەر لە ساڵی 1982دا پڕۆسەی هەڵبژاردنی لە سەرجەم ناوچە رزگارکراوەکاندا پیادەکرد و هەر گوندە و ئەنجومەنی خۆی بۆ راییکردنی کاروباری خۆیان هەڵبژاردووە.
لە دوای راپەڕین و کشانەوەی ئیدارەکانی رژێمی پێشووی عیراق و دروستبوونی بۆشایی ئیداری لە هەرێمی کوردستاندا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکەمین لایەنی کوردستانی بوو کە سەرەڕای نیمچە رەهایی دەسەڵاتەکانی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بەرەی کوردستانیدا لە رووی هێزی سەربازیی و جەماوەرییەوە لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی، بەڵام داوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی نیشتمانیی کوردستانی کرد، تا لەو رێگەیەوە دەسەڵاتدارییە خۆماڵییەکە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕیی و دیفاکتۆی دوای راپەڕینەوە بکاتە دەسەڵاتێکی خۆماڵیی شەرعی کە هێزەکەی لە سندووقی دەنگدانەوە بەدەستهێنابێت.
پشتیوانی و ئاستەنگەکان
لەگەڵ بانگەوازی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن، زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئەو رۆژگارەی سەر گۆڕەپانی سیاسی و دەستەبژێری رووناکبیری کوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو تەرحەی یەکێتی دەربڕی، بەڵام یەکەم ئاستەنگ کە رووبەڕووی بۆوە پێداگریی پارتی بوو لەسەر رێژەی دەنگەکان کە ئەوکات هەموان لە دژی دانانی رێژە بوون، بەڵام پێداگریی پارتی و رەچاوکردنی لایەنەکان بۆ ئاڵۆزنەبوونی دۆخەکە و پەکنەکەوتنی پڕۆسەکە، هەموانی قایلکرد بە دانانی رێژەی 7 ٪ کە ئەوە بۆخۆی یەکەم گورزبوو لە یەکەم ئەزموونی دیموکراسی درا لە کوردستاندا و چەند حزب و کەسایەتییەکی لە کایەی سیاسی و حوکمڕانی دوورخستەوە، کە رەنگە سەنگ و قورسایی ئەوانە رۆڵی ئیجابی لە پڕۆسەی حکومڕانیدا بگێڕایە، بەڵام دانانی ئەو رێژەیە بووە رێگر لە بەشداریکردنیان لە راستکردنەوەی هەر هەڵە و پەڵەیەک کە دواتر بەرۆکی سیستم و سیمای حکومڕانییەکەی گرت و بە ئاقاری جەنگی ناوخۆیدا برد.


برایم خەلیل و نەوتی ئەمڕۆ
ئەگەرچی زۆرێک لەوانەی حیکایەتی رووداوەکانی ساڵانی نەوەدەکان دەگێڕنەوە بێ ئینسافی لە گێڕانەوە و ریزبەندیی رووداوەکاندا بکەن، بەڵام ناکرێت بۆ ئێمەمانانی شایەتحاڵی رووداوەکان و هۆکارەکانی بهێڵین ئەو حیکایەتە چەواشەکارییانە بەسەر نەوەیەکدا تێپەڕێنرێت کە ئاگایان لە رێڕەوی رووداوەکان نییە و تا هەتایە نەزانن کە هۆکارەکانی شەڕی ناوخۆ چی بوون و گومرگی برایم خەلیل لەو رۆژگارەوە چ رۆڵێکی بینی لە بەرەو قەیرانبردنی دۆخی دارایی و ئابووریی کوردستان.
رۆڵی خەڵک و حزبەکان
هاوشێوەی ئێستا کە دۆسێی نەوت و داهات لە کوردستاندا بۆتە باسوخواسی حزبەکان و کۆڕ و کۆمەڵی ناو خەڵک، لە سەرەتای نەوەدەکاندا دۆسێی گومرگی برایم خەلیل ببووە هەمان باسوخواس و بۆ بەناو پارێزگاریی لە بێلایەنیش، زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەکان ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە گوایە «پارتی و یەکێتی» لە گومرگی برایم خەلیلدا شەریکن، بۆیە یەکێتی قسەیەکی نییە سەبارەت بەو داهاتە زۆرەی لەو دەروازە سنوورییەوە دێتە کوردستانەوە، ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە لە کوردستاندا هیچ دەروازەیەکی سنووریی رەسمی نەبوو جگە لە برایم خەلیل کە تەنانەت گومرگی داخڵبوونی لەو هاووڵاتییە کوردانەش بە بڕی (50$) پەنجا دۆلار وەردەگرت کە لە هەندەرانەوە دەگەڕانەوە بۆ سەردانی کەسوکاریان، کە بۆ پارەی ئەو رۆژگارە ئەو پەنجا دۆلارە مووچەی نزیکەی 20 کەس بوو بە پارەی سویسری بەرکاری ئەوێ رۆژێ. لەکاتێکدا بە هەموو سەرچاوەکانی داهات لەو رۆژگارەدا بە ساڵێک نەیدەکردە مانگێکی گومرگی برایم خەلیل.
کەناڵە رەسمی و حکومییەکان
ئەگەرچی یەکێتی شەریکی حوکمڕانی بوو بە رێژەی 50 بە 50 و هەوڵێکی زۆری لە ڕێگەی پەیوەندیی و هاوپەیمانی و کەناڵە رەسمییەکانی حکومەت و پەرلەمانەوە خستەگەڕ بۆ گێڕانەوەی بەشێک لە داهاتی گومرگی برایم خەلیل بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی، بەڵام هەموو هەوڵە سیاسی و رەسمییەکان لەو رووەوە شکستیان هێنا تا هەرێم گەیشتە قۆناغی جەنگی ناوخۆ، کە بووە مایەی ماڵوێرانی و کارەساتی زۆر، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لەو حزب و لایەن و کەسانەی کە ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە یەکێتی خۆی شەریکیانە بۆیە بێدەنگە، کەچی لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکە نەغمەکەیان گۆڕی و دەیانوت «یەکێتی و پارتی شەڕەکەیان لەسەر گومرگە».
دوای چوار ساڵ لە شەڕ و ماڵوێرانی، زۆرێک لەو حزب و لایەن و کەسانەی کە رەخنەی بێدەنگییان لە یەکێتی دەگرت کانزا ئەسڵییەکەیان دەرکەوت، هەندێکیان لەسەر هەمان نەغمەی خۆیان بەردەوام بوون و هەندێکیان راستییەکانیان بۆ دەرکەوت و هەندێکیشیان بوونە ناوبژیوانی یەکێتی و پارتی.
مامۆستا عەزیز محەمەد و رێکەوتننامەی واشنتۆن
سەرەڕای چوار ساڵ جەنگی ناوخۆ و ماڵوێرانی و دوو ئیدارەیی، یەکێتی هەر دەستپێشخەریی کرد و سەرۆک مام جەلال بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئاساییبوونەوەی دۆخی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی 1998-ەوە لە رێی مامۆستا عەزیز محەمەد-ی سکرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی کوردستانەوە نامەیەکی ئاراستەی مەسعود بارزانی کرد و پاش چەندین گەڕی دانوستان لەنێوان یەکێتی و پارتی دواجار بە نێوەندگیریی ئەمریکا و بە چاودێریی مادلین ئۆڵبرایتی وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا یەکێتی و پارتی رێکەوتننامەی واشنتۆنیان ئیمزاکرد، بەگوێرەی ئەو رێکەوتنە دەبوو تا ئاسایی بوونەوەی بارودۆخ و یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەکە هەموو مانگێک پارتی لە گومرگی برایم خەلیل لە ئیدارەی هەولێری جارانەوە بڕی 15 ملیۆن دیناری سویسری بۆ ئیدارەی سلێمانی بنێرێت، بەڵام هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە پارەی چاپەکەی دوای 2003-ش بڕی ئەو 15 ملیۆنە نەهات.
ئێستا یەکێتی لەبەردەم دووبارەبوونەوەی هەمان قۆناغدایە، بەڵام ئەمجارە لەجیاتی برایم خەلیل مەسەلەی کەیسی نەوتە، بۆیە یەکێتی بە پەند وەرگرتن لە حیکایەتەکەی برایم خەلیل لە مەسەلەی کەیسی نەوتدا پشوودرێژانەتر مامەڵە دەکات و نەچووەتە ژێر باری تانە و تەشەری ئەو حزب و کەسانەی بەناوی دڵسۆزییەوە بۆ خەڵک هەمان قەوانی سواو لێ دەدەنەوە کە گوایە «یەکێتی و پارتی شەریکن لە کەیسی نەوتدا بۆیە یەکێتی بێدەنگە»، نەخێر مەسەلەکە شەراکەت نییە، بەڵکو مەسەلەکە نەگەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، چونکە لە 2009 بەدواوە زۆر کەس بینرا لە شاشەکان و لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکاندا ببووە شێری شێرخۆر لەبەردەم کامێرای میدیا و کەناڵەکاندا و یەکێتی بە پاشکۆیەتی بۆ پارتی تۆمەتبار دەکرد، ئێستا بە بڕێک شیرینی نەوت و سەرچاوەی دارایی نادیار نەک دەمکوت کراوە، بەڵکو پارتییە رەسەنەکان بەغیلی بە شێوازی بەلاغە و زمانی دەبەن لە خۆبردنە پێشەوە و دژایەتیی خواستەکانی شەقامدا.
یەکێتی ئێستا نایەوێت هەمان سیناریۆ رزیوەکانی جاران دووبارە بکاتەوە بۆ رێگریی لە گەندەڵی و قۆرغکردنی سامانی نیشتمانی، بۆیە دەیەوێت لە رێگەی گۆڕینی سیستم و یاسای هەڵبژادن و پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی نوێ و خاوێنکردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەرانەوە دەست بۆ خاوێنکردنەوەی سیستمی سیاسی ببات، چونکە گەیشتۆتە یەقین لەوەی ئەگەر هەمان یاسای هەڵبژاردن و بە هەمان کۆمسیۆن کە ماوەی یاسایی تەواو بووە و بە هەمان تۆماری ناوی دەنگدەران کە هێندەی زیندووەکان و ناوی مردوو و وەهمی تێدایە هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، ئەوا ئەنجامەکەی هەر بەدەستهێنانەوەی شەرعییەت دەبێت لەلایەن پارتییەوە بە گەمەیەکی ناشەرعی بەناوی هەڵبژاردنەوە و دیارە هەر شتێکیش لەسەر پووچ بنیات بنرێت، ئەنجامەکەی پووچ دەبێت.

وتارەکانی نوسەر