لە پەنجەرەی پەروەردەوە

پەروەردە بەرپرسیارێتی کێیە؟

10:46 - 2022-07-19
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
869 خوێندراوەتەوە

ئەو پرسیارە جەوهەرییەی کە پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بکرێت لە پەروەردەدا ئەوەیە ئایا پەروەردە بەرپرسیارێتی کێیە؟ ئەگەر سەرنجێکی گشتی لە پرسیارەکە بدەین و ئاڕاستەی چەند لایەنێکی نێو کۆمەڵگەی بکەینەوە دەبینین کەمجار وا رێکدەکەوێت هەرلایەنە بەشێوەیەکی پێویست ئەرک و رۆڵ و بەرپرسیارێتیەکە بخاتە ئەستۆی خۆی و خۆی بە بەشێکی سەرەکی ئەو بەرپرسیارێتیە بزانێت، بۆ نموونە ئەگەر لەخێزانەکان بپرسین، ئایا پەروەردە بەرپرسیارێتی کێیە؟ بەدڵنیاییەوە زۆرینە لەوەڵامدا دەڵێن ئەرکی قوتابخانە و خوێندنگەیە، ئەگەر لە قوتابخانەکان هەمان پرس بپرسین ئەوا ئەو بەرپرسیارێتیە و کەموڕییەکانی دەگێڕنەوە بۆ خێزان و کۆمەڵگە، کۆمەڵگەش دەیخاتەوە ئەستۆی بەشە جۆر بەجۆرەکان و تەنانەت لەناو یەک خێزانیشدا لەسەر ئەو بەرپرسیارێتیە ئەندامەکان کۆک نین و باوک دەیسپێرێت بە دایک و دایک دەیخاتە ئەستۆی باوک و بەو جۆرە، لەم نێوەندەدا تاکە گرفتار منداڵە کە لەنێو گێژاوێکی بێسەروبەرەدا خۆی نادۆزێتەوە و نازانێت چۆن بنەما ئەرێنیەکانی پەروەردە و بەرپرسیارێتی رەفتار وەربگرێت، نەبوونی ئەو هەستی بەرپرسیارێتیە لە پەروەردەکردندا وادەکات هیچ تاکێک لەنێو کۆمەڵەکەیدا بە ئەرکی بنەڕەتی خۆی هەڵنەستێت کە بنچینەکەی بەرپرسیارێتی پەروەردەکردنە، ئەگەر مامۆستایەک خۆی بە بەرپرسیار نەزانێت چۆن دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە ئاڕاستەکردن و بەرەوپێشبردن و گۆڕانکاری لە رەفتاری پەروەردەیی قوتابیەکانیدا، ئەگەر لەخێزاندا باوک و دایک لە رۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆیان تێنەگەن چۆن دەتوانن ببنە سەرمەشقێکی کردەوەیی بۆ رێنمایی و پەروەردەکردنی رۆڵەکانیان بەو شێوەیەی بنیاتنەرانە پێبگات و بونیاد بنرێت، بەڕاستی ئەوەی لە واقیعدا دەبینرێت بەشێوە کردارییەکەی کارەساتێکە بەپێی ئەزموون و کارکردن ئەو حەقیقەتە دەرکەوتووە هەستکردن بە رۆڵ و ئەرک و بەرپرسیاری لە نێو کۆمەڵگەدا لە ئاستێکی زۆر سست و لاوازدایە و هەر ئەوەش وایکردووە هەماهەنگیەکی بونیادنەرانە لەنێوان نێوەندە جۆربەجۆر و پەیوەند بەیەکەوەکانی پەروەردەدا نەبێت و زۆر بەکەمی رابپەرموونە سەر یەکدی بۆ پەروەردەکردنی رۆڵەکان، چونکە ئەو پەیوەندییە دەبێت کاکڵەیی بێت و تەنها بە پەیوەندی رۆتینی بەدی نایەت، لە راستیدا بەرپرسیارێتی پەروەردەیی ئەرکی هەمووانە، راسپاردنی ئەو بەرپرسیارێتییە لە نێوەندێکەوە بۆ نێوەندێکی تر خودی پەروەردە دەخاتە بەردەم شڵەژان و نەرێنی بوونەوە، چونکە منداڵ سەرەتاکانی گەشە و پێگەیاندنی لە خێزانەوە دەستپێدەکات  بەتایبەت خودی دایک و باوک پێکەوە ئەگەر خێزان نەتوانێت ئەو رۆڵە هەڵبگرێت بۆ هەمیشە تاک ئەو بەختەی لەدەست دەردەچێت کە پەروەردەی لەناو خێزاندا بەدەست بهێنێت، هیچ جێگەیەکی تریش ئەو خستنەبرییە دەستەبەر ناکات، پێنج ساڵی یەکەم قۆناغێکی گرنگە خێزان خۆی بە بەرپرسیاری منداڵ بزانێت و ئەو بنەما پەروەردەییانەی تێدا بچەسپێنیت کە ئایندەی بونیادنەرانە بەدی دێنن، رۆڵی دایک بۆ باوک و باوک بۆ دایک جێگرەوە نابن، هەر تایبەتمەندییەک رۆڵی خۆی هەیە، بەرپرسیارێتی پەروەردەیی نێوان ماڵ و قوتابخانە ئەگەر هاوتەریب نەبێت پێچەوانە دەبێتەوە، جۆری بەرپرسیارێتی بۆ پەروەردەکردن ئەگەر لە ناوەندێکەوە بۆ ناوەندێکی تر ناتەبابن لە هەر روویەکی فیکری، رەفتاری، کۆمەڵایەتی، دەروونی، رامیاری، ئابووری و هەر بەشێکی تر ئامانجی بەرپرسیارێتی وەک خۆی نایەتە دی و بەرپرسیارێتیەکانیش پێچەوانەی یەک دەبن.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 

وتارەکانی نوسەر