لە دروشمی نەتەوەییەوە، بۆ ژێر عەباکەی سەدر؟

08:14 - 2022-03-24
رێبین عومه‌ر‌
625 خوێندراوەتەوە

هەموو ئەو دروشمانەی لە رابردوو بەرزكرابوونەوە و باس لەوە دەكرا كە كار بۆ كورد و كوردستان و نەتەوەی كورد دەكەن،

هەموو بڵقی سەر ئاو دەرچوون، پارتی وەک هێزێکی عیراقچی بەرژەوەندی خۆی خۆستۆتە سەروبەرژەوەندی گەل و وڵات و یەك بوونی كورد و تەباییەکەی، لە تازەترین هەوڵدا وەك پاشكۆی سیاسی كەوتە نێو پلانی دژی كورد و بووە بەشێك لە ئەجێندای چەند پیلانێكی هەرێمی و كۆبوونەوە لەژێر عەبای سەدر و عەبای مەزهەبی تەنها لەپێناو پۆستدا.
ئەو سیاسیەتەی پارتی گرتویەتییە بەر لە نێو پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا، سەرلەبەری هەڵەیە و ناوماڵی کوردی ترازان..!
ئەم دۆخە بەخراپ لەسەر یەك ریزی كورد دەكەوێت. بەتایبەت كە پارتی لە هێزە كوردییەكان دووركەوتەوە و چۆتە باوەشی هێزە عەرەبییەكان؛ كە ئێستا كار بۆ لەیەكترازانی پرۆسەی سیاسی و نەمانی هاوكێشەی تەوافوقی سیاسی دەكەن كە عیراقی نوێی لەسەر دروست بووە.
هاوپەیمانی لەرزۆكی نێوان سەدرو سوننە و پارتی، كە سەدر لەم قۆناغەدا جڵەوەكەی لەدەستدایە.
روونە كە عیراق و پرۆسە سیاسییەكەی بەرەو قەیران و تەنگژەی قووڵی سیاسی دەبات.
پارتی لە كوردستان كە بەهۆی سیاسەتە تاكڕەوییەكەیەوە، ئەزموونی هەرێمی خستە ناو قەیران، و یەك ریزی نێو ماڵی كورد بەتەواوەتی تێكدا، ئێستاش بەهەمان هەڵەدا چۆتەوە و كەوتۆتە داوی ئەجێندای هەرێمییەوە كە روونە بەمەبەست كار بۆ لەیەكترازانی ناوماڵی كورد دەكرێت، و پارتیش ئەو كارە ئاسانتر دەكات و دژە بۆ یەك بوونی كورد.
لە خەیاڵدانیاندا، بارزانی مەرجەعی نەتەوەی كوردە و كار بۆ ئامانجە باڵاكانی كورد دەكات.
كەچی لە هێزە كوردییەكان دووردەكەونەوە و دەچنە باوەشی پۆپۆلیسترین سیاسی لە عیراق كە سەدرە.
ئەم سیاسەتەی پارتی هەڵەیە؛ باجی گەورەی لەسەر دەدرێت.
دووركەوتنەوەشی لە هێزە كوردییەكان و یەكێتی دوو هێندەی تر باری كێشمەكێش دروست دەكات.
یەكێتی، بەروونی لە زاری بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە باسی لەوە كردووە كە مەبەستیانە كورد بەیەك گرتووی بەرەو بەغداد بچێت.
بە كوردی و كرمانجی؛ ئەوەی لەدوایانەوەبێت ئەو هێزە لای ئەوان گوێرایەڵە، پارتی یەكڕیزی كورد بەوە تێگەیشتووە كە خۆتی بۆ بچەمێنیتەوە و وەك پاشكۆ بەدوای سیاسەتەکانیەوە بێت؛ ئەوەش بێشک بۆ کوردایەتییەکەی یەکێتی دەستنادات؛ هاوپەیمانی ژێر عەباکەی سەدر، دژ بە کوردەو دژی ئەزموونی تەوافوقی دیمەکراسییە لە عیراق.

وتارەکانی نوسەر