پەشمەک

وەرگێڕان تەنها زمانزانین نییە

10:53 - 2022-07-24
ڤینۆس فایەق
667 خوێندراوەتەوە

62

پەرێشانم من دەناڵێنم فرمێسکی چاوان دەبارێنم
هەموو عومری خۆم لەسەر دانا بە چاوانت بووم بە دێوانە 

ئەمە کۆپلەیەکە لە شیعرێکی هاشمی نانەوازادەی غەریب و ئاشق و دڵسووتاوی مەهاباد. دەقی ئەو شیعرەم بە کوردی و وەرگێڕانەکەی بۆ هۆڵەندی – کە نازانم کێ وەریگێڕاوە –  لە کۆڕەکەی 30 مانگی رابردوو لە ئەمستردام لەبەردەم زیاد لە دووسەد کەسدا خوێندەوە، هەرچەند زۆرینەکەی تێی نەدەگەیشتن، گەلێک شەرمەزاری دایگرتم و لە دڵی خۆمدا داوای لێبووردنم لە شاعیرەکە کرد، هەستمکرد گەر بمابا هێندەی تر هەستی بە دڵسووتاوی دەکرد. دەمویست لە مایکەکەوە بڵێم تکایە ئەوەی لە خۆی رانابینێت کاری وەرگێڕان نەکات، توخنی شیعر نەکەوێت کە ئەوەندە کۆڵەوارە. سۆراخی وەرگێڕەکەم لە رێکخەرانی کۆڕەکە کرد، بەڵام پێدەچوو داوای کردبێ کەس ناوی نەبات.
بەلای منەوە ئەرکی وەرگێڕ لە ئەرکی خودی نووسەر گەلێ سەختترە و جگە لە زمانزانین پێویستیی زیاتری بە دیقەت و سەلیقە و وردبینی هەیە، پێویستی بەوەیە پێش ئەوەی دەست بۆ دەقێکی وا ناوازە بەریت چەندینجار بیری لێبکەیتەوە، چونکە تەنها بە خوێندنەوەی لە کۆڕێکی وادا زیاد لە دوو سەد کەس بێزاربوون لە وشەکان کە ئەسڵەن لەوە دەرچووبوو شیعر بێت و بێگومانم کەسی چێژی لێنەبینی و بێگومانیشم لەوەی وایان زانیوە دەقە ئەسڵییەکە وەکو وەرگێڕانەکەی ناشیرینە. وەرگێڕ بەرپرسە لە گوێزانەوەی فکری نووسەر «بە ئەمانەتەوە» خۆ ئەگەر دەقەکە شیعر بوو بەرپرسیارێتییەکە گەورەتر دەبێت. بەلای منەوە هەڵبژاردنی کتێبێک بۆ خوێندنەوە بەبێ ئەوەی نووسەرەکەی بناسیت زۆر لەوە ئاسانترە کتێبێکی وەرگێڕدراو هەڵبژێریت بیخوێنیتەوە بەبێ ئەوەی وەرگێڕەکە بناسیت. 
لەم میانەیەدا ئەوروپییەکان بۆ ئەو ئاستە بەرزەی شارستانییەکەیان خۆیان بە قەرزداری وەرگێڕەکان دەزانن. جا ئەوەی وا تێگەیشتووە زمانزانین بەسە بۆ ئەوەی ببێت بە وەرگێڕ هەروا بە ئاسانی دەست بۆ وەرگێڕانی شیعر دەبات، ئەوە گەورەترین هەڵەیە، چونکە وەرگێڕانێکی لەوجۆرە کارەساتێکی ئەدەبیی گەورەیە. لە کۆتاییدا نووسەر بەرهەمێکی مێشکی پێشکەش دەکات کە تەمسیلی نەتەوەکەی دەکات و نموونەیەکی ئەدەب و کەلتورەکەیەتی کە قابیلی ئەوە نییە بشێوێنرێت، چونکە وەرگێڕ ئەو بەرهەمە دەباتە دەرەوە و بە میللەتانی تری دەناسێنێت، ئیدی بەرپرسیارێتیی وەرگێڕ لە بەرپرسیارێتیی خودی نووسەرەکە گەلێ گەورەترە. نووسەر لە باشترین حاڵەتدا بۆ خۆی دەنووسێت، بەڵام وەرگێڕ لە هەموو حاڵەتەکاندا بۆ خوێنەرێکی تر تەرجەمە دەکات. 
جا نووسەر فکرێک دادەڕێژێت، رووداوێک دەگێڕێتەوە، یان گوشراوی رۆحی دەکاتە دەقێکی شیعری، کارەساتێكی گەورەیە کەسێک بە نەزانین دەقەکە بشێوێنێت و پێی وابێت تەرجەمە دەکات. ئیتر مەرج نییە وەرگێڕ دەقەکە جوانتر بکات، بەڵام مەرجە هەموو شتێک وەکو خۆی وەرگێڕێتە سەر زمانەکەی تر، مەرج نییە وشە بە وشە بگۆڕێتەوە، مەرجە مانا بە مانا بگۆڕێتەوە. کە وەرگێڕ گیری خوارد دەبێت دەستبەجێ واز لە وەرگێڕانەکە بهێنێت، باشترە لەوەی بیشێوێنێت، چونکە هەموو وێنەیەکی شیعری قابیلی وەرگێڕان نییە و هیچ دەقێکیش شایستەی شێواندن نییە وەک ئەو شیعرە ناوازەیەی هاشمی نانەوازادە، بۆ خاتری چەند فلسێک بەرانبەر بە وەرگێڕانەکە.

وتارەکانی نوسەر