نهێنیی خانووە كۆنەكەی شارع جمهوری!

09:50 - 2022-07-25
مەریوان مەسعود
679 خوێندراوەتەوە

بێگومان بە، ئەگەر رێت بكەوێتە شاری كەركوك و پیاسەیەکی شارع جمهوری بكەیت، كە وەكو جادەی باتای هەولێر و ئۆردزی سلێمانییە، یەكسەر لەنێو ئەو هەموو باڵەخانە و دوكان و بازاڕەدا، خانوویەكی كۆنی داخراو سەرنجت رادەكێشێت، كە دوو ئۆتۆمبێلی كۆن و پووش و پەڵاش و دیزاینێكی كۆنی خانووی كەركوك لە خۆدەگرێت و هەر هیچ نەبێت وێنەیەكی لە تەك دەگریت و من بە سوعبەت بە هاوڕێكەم وت كە لەگەڵم بوو، هەناسەی ئەم تۆزەی شارعەكەش جیاوازترە !.
ئەم ماڵە، ماڵی  سیداد پاشا كوڕی جەمیل پاشای ئاوچییە. كە بە سیداد ئاوچی ناسراوە، كاتی خۆی لە كەركوك پارێزەر بووە، لە رۆژگارێكدا ئەو دكتۆرای لە یاسا هێناوە كە لە هەموو عیراقدا چەند دكتۆرایەك لەبواری یاسا هەبووە. لە توركمانە رەسەنەكانی شاری كەركوكە. 
خانووەكەی سیداد پاشا دەكەوێتە ناوەڕاستی شەقامی جمهوورییەوە لە كەركوك، سیداد پاشا لەگەڵ خوشكەكەیدا (نەجات)لەم خانووەدا دەژین، كەم كەس لە كەركوك چیرۆكی پشت ئەم خانووە دێرینە دەزانن. ئەوان لە سەرەتای ساڵانی شەستەوە لەم خانووەدا دەژین، دایك و باوكیان زۆر خۆشویستووە، كاتێ دایك و باوكیان بەهۆی رووداوێكەوە گیان لەدەست دەدەن ئەوان بڕیار دەدەن بۆ هەمیشە لەو ماڵەدا بمێننەوە و لەگەڵ یادەوەریی دایك و باوكیاندا بژین، هەر بۆیە خۆیان لە خەڵك بە دوور دەگرن، ئەم خوشك و برایە هیچكامیان ژیانی هاوسەرییان پێكنەهێناوە و خانووەكەش نافرۆشن. لەكاتێكدا ئەو خانووە لە شوێنێكی بازرگانی هەڵكەوتووە و پارەیەكی خەیاڵی دەكات. ئەوان هەمیشە رەتیان كردۆتەوە كە بیفرۆشن و بڕیاریانداوە تا مردن تێیدا بمێننەوە.
سەبارەت بەو ئوتومبێلانەی ناو خانووەكە. یەكێكیان  ئوتومبێلێكی رەنگ ئاسمانییە و  جۆری شۆفرلێت، مۆدێل 1947ە هی سیداد پاسا خۆیەتی و  لەهەمانكاتدا ئوتومبێلێكی تری لێیە رەنگی سوورە و هی نەجات خانی خوشكیەتی و بۆ نموونە ئۆتۆمبێلە شۆفرلێتەكە، لەسەردەمی خۆی پارەی چوار بۆ پێنج خانوو بووە.
سەبارەت بە جەمیل ئاوچی باوكی سیداد. كاتی خۆی بەڕێوبەری تەندروستی كەركوك بووە و ئەو ئۆتۆمبیلەی كردووە بە دیاری بۆ سیدادی كوڕی، لەپاش ئەو رووداوەوە، هەردوو ئوتومبێلەكە بەهیچ شێوەیەك نەجوڵێندراون و هەردووكیان دەیان ساڵە لە هەمان شوێندان.

ئۆتۆمبێلەکەی سیداد پاشا(1947)

وتارەکانی نوسەر