سەرۆك كۆمار: تەواونەكردنی مافە دەستوورییەكان لە وادەی خۆیدا جێی داخە

06:25 - 2022-03-27
وتار
376 خوێندراوەتەوە

سەرۆك كۆمار: تەواونەكردنی مافە دەستوورییەكان لە وادەی خۆیدا جێی داخە و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆیەكی جدی بكەن بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی بە گیانێكی نیشتمانپەروەری

دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، نەبوونی لێكتێگەیشتنی نیشتمانی و شكستهێنانی ئەنجومەنی نوێنەران لە تەواوكردنی مافە دەستوورییەكان لەكاتی خۆیدا، جێگەی نیگەرانی و دڵەڕاوكێیە، چونكە بەردەوامبوون و گەیشتن بە چەقبەستوویی سیاسی لەم ساتەوەختەدا، كە وڵات رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە، چیتر مایەی قبووڵكردن نییە.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە خودی خۆیدا، ئامانجێك نەبوو، بەڵكو ئامرازێك بوو بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی بنەڕەتی و دەستەبەركردنی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و باشتركردنی بارودۆخی گشتیی وڵات و وەڵامدانەوەی داخوازییە رەواكانی گەلی عیراق، پەرلەمانی ئێستاش بەرئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە و بەرپرسیارێتییەكی گەورەی لەسەرشانە، چونكە دەرهاویشتەی داواكاریی بزووتنەوەی جەماوەری و كۆدەنگییەكی نیشتمانیی بەرفراوانە بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانی رابردوو و كۆتاییهێنان بە قەیرانە سیاسییە هەڵپەسێردراوەكانی وڵات، نەك بەردەوامیدان بە كێشە و قەیرانەكان.

بۆیە هێزە سیاسییەكان ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی یەكلاكەرەوەی نیشتمانیدان، چونكە وڵات بە هەلومەرجێكی دژواردا تێدەپەڕێت، كە لە هەموو كاتێكی دیكە ناسكتر و هەستیارترە، بۆیە گرنگە بە بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی و بە گیانێكی نیشتمانپەروەریی و بە كردار لەو قەیرانەی ئێستاش دەربازبین، بە ئاڕاستەی هێنانەدیی داواكارییە نیشتمانییەكان، كە خۆی لە پێكهێنانی حكومەتێكی بەتوانای كارا دەبینێتەوە، كە بتوانێت بەرژەوەندییەكانی وڵات بپارێزێت و سەروەری و سەقامگیرییەكەشی بەهێزتر بكات و داواكارییە رەواكانی گەلی عیراقیش بێنێتەدی.

لەم سۆنگەیەوە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی عیراق دەكەین زۆر بەخێرایی و بێ دواخستن دەستبكەن بە دیالۆگێكی جدی و كارا بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی ئێستا و پێشخستنی بەرژەوەندییەكانی عیراق و عیراقییەكان، بە رەچاوكردنی هەلومەرجی ناوچەكە و دۆخی نێودەوڵەتی و ئاڵنگارییە ناوخۆییەكان، بە تایبەتی دۆخی ئابووری، كە وا دەخوازێت یەكڕیزیی ناوخۆیی پتەوتر بكەین و سازان و بەیەكگەیشتن بكەین بە كاری لەپێشینە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی ئێستا و هێنانەكایەوەی داواكاریی هاووڵاتیان، كە چیتر ناتوانن ئارام بگرن، ئەوان چاوەڕوانی پێكهێنانی دەسەڵاتێكن، كە گوزارشت لە خواست و هیواكانیان بكات و ژیانێكی ئازاد و خۆشگوزەرانییەكی باشتریان بۆ دەستەبەربكات.

بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆمار

وتارەکانی نوسەر