وردتر

هەموو وێنەكە یان بەشێكی بچووكی؟

10:57 - 2022-08-02
لەشکر حەمە ساڵح
414 خوێندراوەتەوە


وردەوردە هەنگاوی داهاتووی پڕۆسەی سیاسی لە عیراقدا دەستی بەدەركەوتن كردووە، بەئاوڕدانەوە و هەڵسەنگاندنی هەڵسوكەوت و رەفتاری سیاسی ساڵانی رابردووش، رەنگە ئەوەی ئێستا دەبینرێت هەموو وێنەكە نەبێت بەڵكو بەشێكی بچووكی بێت یان لەوانەیە زەمینەسازی بێت بۆ قۆناغی دواتر.

یەكێك لە گرفتەكانی خوێندنەوە و تێگەیشتن لەم بارودۆخەی ئێستای عیراق ئەوەیە كە هیچ چوارچێوەیەكی سیاسی و یاسایی، یان پێشكەشكردنی بەرنامە و كارنامە و پڕۆژەی خزمەتكردنی خەڵك هاوشێوەی وڵاتانی تر، تەحەكوم بە بارودۆخەكەوە ناكات، بەڵكو هێزی سەربازی و ئایینی و هەژموونی كۆمەڵایەتی كۆنترۆڵی بارودۆخەكەی كردووە، لە وەها دۆخێكیشدا پێشبینیكردن بۆ خواست و بەرژەوەندییەکان زەحمەت و ئاڵۆزە.
لە راستیدا ئەم بارودۆخەی چەند رۆژێكە لە عیراقدا هاتۆتە ئاراوە درێژكراوەی هەمان ئەو بارودۆخە ناهەموار و نالەبارەیە كە ساڵانێكە لەم وڵاتەدا هاتۆتە ئاراوە و هەرجارەی بەجۆرێك و لە فۆرمێكدا خۆی بەیان دەكات، رەنگە هۆكاری سەرەكی حاڵەتەكەش ژانی هاتنی قۆناغێكی نوێ بێت كە تاڕادەیەكی زۆر پەیوەست بێت بەتێكچوونی یەكڕیزیی ناو ماڵی عەرەبی شیعەوە.
تێكچوونی پەیوەندیی نێوان هەرێم و عیراق، هاتنی داعش و داگیركردنی رووبەرێكی فراوان و دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەت، بەهێزبوونی مەیلی مەزهەبی، كۆنترۆڵكردنی هەژموونی ئایینی لەسەر بنەمای رەتكردنەوەی ئەوانی تر، ئەمانە و دەیان بابەتی تر، هۆكار و دەرەنجامی یەكتری بوون و پێناچێت زووبەزوو بارودۆخەكە ساغ بێتەوە، هەرنا لەبەرئەوەی لایەنە ركابەرەكان توانای تێكشاندنی یەكتریان نییە.
هەڵبژاردنی رابردوو و دەرەنجامەكەی، كە یەكەمین هەڵبژاردنی پێشوەختە بووە لە مێژووی عیراقدا، نەیتوانی زەمینەی گونجاو بۆ دەستپێكردنی قۆناغی سیاسی داهاتووی هەندێك هێز و لایەنی ئایینی و سیاسی مسۆگەر بکات، هەروەك وردەوردە و بەئامرازی دیموكراسی و یاسایی زەمینەی یاریكردن و مانۆڕی لە بەردەم لایەنە خۆ بەبراوەزانەكاندا تەسك و تەسكتر كردەوە، بۆیە ئەوەی ئێستا دەیبینین هەوڵدانە بۆ سەپاندنی واقیعێكی تر كە جیاوازبێت لەو واقیعە ئاڵۆز و بەیەكداچووەی بەهۆی هەڵبژاردنی مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە هاتە ئاراوە.
هۆكاری سەرەكی ئەو بارودۆخەش، قەیرانی حكومڕانی و ئایندەی حكومڕانیی ئایینی و مەزهەبییە، هەروەها دەستڕاگەیشتنە بەمەرجەعیەتی ئایینی كە هەژموونی سیاسیشی بەسەر كۆی وڵات و پڕۆسە سیاسییەكەشدا هەبێت. ئەوانەش كێشەی زۆر گەورە و كاریگەرن، نەك تەنها پەیوەستن بەبارودۆخی ناوخۆی عیراقەوە، بەڵكو سەردەكێشن بۆ سەر ئاستی هەرێمایەتی و رەنگە لێكەوتەی جۆراوجۆریشیان هەبێت لەسەر ئاستە عەرەبی و ئیسلامی و مەزهەبییەكان.
وەك لە پێشەوە ئاماژەمان پێكرد و لە ئەڵقەی رۆژی 28/6/2022ی وردتری كوردستانی نوێدا بەڕوونی لە بارەیەوە دواوین، لێكدانەوە و سیناریۆی جیاواز بۆ هەنگاوی داهاتوو پڕۆسەی سیاسی دەخرێتەڕوو، بەڵام هەموویان وەك ئەگەر و سیناریۆ دەمێننەوە تا ئەو كاتەی روون دەبێتەوە بەجدی بەنیازی چین؟ لە كاتێكدا و بەپێی ئەزموونی ساڵانی رابردوو دەركەوتووە كە كەمتر دەتوانرێت هەنگاوی داهاتوو پێشبینی بكرێت. بەڵام ئیتر چی روودەدات؟

وتارەکانی نوسەر