سیاسەتی هەق بە هەق

11:50 - 2022-08-02
ئیدریس جەبار
410 خوێندراوەتەوە

بوارنەدان بە پێكهێنانی «حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی» و بەكارهێنانی «سێیەكی پەکخەر» لە پەرلەمان لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە كە بووە مایەی رێگرتن لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی سەدرییەكان، «نوێژی هەینی یەكگرتوو» و هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز و چوونە نێو بارەگای ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدواداهات.  
زۆرێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێكارە یاسایی و دەستورییەكانی بۆ بەرگرتن لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت گرتبێتەبەر، ئەوا رەوتی سەدریش جۆشدانی شەقام و لایەنگرانی بەكارهێنا. 
تۆمەتباركردنی حكومەتەكەی كازمی بە پەت شلكردن بۆ لێشاوی سەدرییەكان، تا بگەنە ناوچەی سەوز و بارەگاكانی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی، بڕگەیەكی ئەو رەخنانەیە كە لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیدەنە پاڵ حكومەتی كاربەڕێكەر و سەرۆكەكەی. 
ئەو میدیایانە پێیانوایە کە دەشێت  «پەلهاویشتنی سەدرییەكان بۆ جوڵاندنی شەقام و شڵەقانی رەوشی سیاسی، گەمەیەكی تری مانەوە و خۆسەلماندن بێت لە پرۆسەی سیاسیدا و هەوڵێكی تری لەمپەر دروستكردنیشە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی كە لە ساڵی 2003وە پرۆسەی سیاسی وڵاتی لەسەر دەڕوات. 
دەشێت رێگرتن لە پێكهێنانی «حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی»، بەرگرتن لە «پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی» لێ بکەوێتەوە،  و ئەم هەوڵەی ئێستا بە وریاکردنەوە لەلایەن سەدرییەکانەوە ناودەبرێت، بەڵام هەندێک بە دەستەواژەی (حەق بە حەق) دەری دەبڕن، هەرچەندە لێرە و لەوێ‌ سیمایەكی یاسایی و مەدنی بەخۆوە دەبینێت. 
هەڵسوكەوتی هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان لەم قۆناغەی ئێستادا، بردنەوەی تەواوی رێگەكانە بۆسەر هەڵبژاردنێكی پیشوەختەی تر، لەڕێی تاقیكردنەوەی تەواوی شێوازەكانی پەكخستن و رێگرتن لە تێپەڕینی پڕۆژەی رکابەرەکانی، ئەمەش بوار بۆ بەردەوامبوونی حكومەتی كاربەڕێكەر بۆ گەیشتن بە وادەی هەڵبژاردنی داهاتوو خۆش دەكات كە لەسێبەردا كاری بۆ دەكرێت. 
ئێستا دیالۆگێكی هەمەلایەنە بۆتە رێگەچارە و دەرچە سەبارەت بە زۆرێك لەو لایەنانەی دەیانەوێت لانی كەم دەلاقەیەك بەڕووی كرانەوە و دەربازبووندا ئاواڵابكەن، بەپێچەوانەوە مانەوەی رەوشەكە وەك خۆی، تەواوی پرۆسەكان لە چەقبەستندا دەهێڵێتەوە و هیچ بوارێك نادەتە بەرەوپێشچوون و پێكهاتنەوە.

وتارەکانی نوسەر