پێدەچێت بارودۆخی ناوچەكە لە گۆڕانێكی جیاوازدا بێت، لەلایەك ئەسەد سەردانی میرنشینی عەرەبی (ئیمارات) دەكات و لەلایەكی دیكە وەزیری دەرەوەی میرنشینی عەرەبی دەچێتە مۆسكۆ.
سعودیە ئامادە نییە پشتیوانی هاوپەیمانێتی ئەمریكا و ئەوروپا لە دژی روسیا بكات و سەرۆكی میسر و جێنشنی میرنشینی عەرەب وی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە شەرمئەلشێخ كۆدەبنەوە بۆ تاوتوێی بارودۆخی ناوچەكە، لە نێوانیشیاندا ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان دیمەشق و تەلئەبیب.
جێنشینی پادشای سعودیە وەڵامی پەیوەندی تەلەفۆنی جۆ بایدن ناداتەوە و ئێستا خۆیان ئامادە دەكەن بۆ پێشوازیی گەورە لە سەرۆكی چین كە بڕیارە لە مانگی رەمەزاندا سەردانی ریاز بكات.
ئەوەی دەیبینین لە خۆڕا نییە، سەرچاوەی ئەم جموجۆڵە نوێیە هێور بوونەوەی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریكایە بە تایبەتیش هەردوولا نزیكبونەتەوە لە چارەسەرێك سەبارەت بە پرسی دۆسێی ئەتۆمی ئێران. ئەم هێوربوونەوەیە وابەستەی دۆخی جەنگی ئۆكرانیا و روسیایە و بۆتە هۆی گۆڕینی تەواوی هاوكێشەی ململانێی ناوچەكە.
ئەو گۆنە لە هاوكێشەی ململانێ، كاریگەریی تەنها لە پەیوەندی نێوان چەند وڵاتێكی عەرەبی و ئەمریكا و ئێران نییە، بەڵكو لێكەوتەكەی بۆ ئەو ململانێ ناوخۆیی و ناوچەییانەیش درێژدەبێتەوە كە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بەتایبەتیش بارودۆخی سوریا.
ئەگەر ئێمە ئەگەر و پێشهاتەكانی ئەو گۆڕانە لێكبدەینەوە، واتە ئەگەری ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیی ئیسراییل و سوریا لەلایەك و ئەمریكا و ئێران لەلایەكی دیكە ببێت، بێگومان كاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی ناوخۆی سوریا دەبێت، چونكە هەموو ئەو لایەنانەی باسمانكردن پەیوەندییان بە ناوخۆی سوریاوە هەیە و بێگومان دۆخەكە گۆڕانی زۆری بەسەردا دێت. ئەمریكا و ئێران لەناو سوریا سەرباز و چەكداریان هەیە و ئەمریكا پشتیوانیی لە هێزی كورد دەكات و ئێرانیش لە حکومەتی سوریا. ئیسراییلیش بەرزاییەكانی جۆلانی بەدەستەوەیە كە سوریا بە خاكی خۆی دەزانێت.
هەموو چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی وڵاتانی كەنداو بەتایبەتیش سعودیە و ئیمارات ترسیان لە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمریكا هەیە، لەگەڵ ئەوەی ناتوانن دەستبەرداری ئەمریكا بن، بەڵام دەیانەوێ بەم جموجۆڵانە گوشار بخەنە سەر ئەمریكا و گرەنتییان پێویستە. هەروەك بەدوای دەریچە و بەدیلی دیكەشدا دەگەڕێن ئەگەر لە گوشارەكانیان بۆ سەر ئەمریكا سەركەوتوو نەبوون.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی سوریا، دەمێكە ئیمارات لە هەوڵدایە بۆ گێڕانەوەی سوریا بۆ ناو چوارچێوەی عەرەبی، هەروەك پەیوەندییەكی تایبەتیشی لەگەڵ كورد لە سوریا هەیە. هاوكات ماوەیەكە جۆرێك لە هێمنی لە دۆخی سوریا هەستی پێدەكرێت، ئەگەری زۆرە ئەمریكا لە رێگەی ئیماراتەوە بیەوێت جۆرێك لە دڵنیایی بداتە ئەسەد بۆ مانەوە و چارەسەركردنی ئاڵۆزییەكانی، بۆیە دەبینین لەلایەك لە رێی ئیمارات دەیەوێت بگەڕێتەوە ناو كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی، لەلایەكی دیكە شەوە دروستكردنی كەلێنێك بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها یەكێكی دیكە لە ئەگەرە بەهێزەكان، ئەمریكا لەوانەیە هەوڵبدات پشتیوانی گفتوگۆی نێوان كورد و ئەسەد دروست بكات كە ئێستا نزیكەی یەك لەسەر سێی خاكی سوریای بەدەستەوەیە.