کلو جەمال
نەریتێکی خراپ لەناو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردەواریدا بەتایبەتی هەیە سەبارەت بە مامەڵە و رێزلێنان لەو کەسانەی لە قۆناغێک لە قۆناغەکان یان لە یەکێک لە بوارەکاندا خزمەت دەکەن و رۆژگارێکی زۆری تەمەن و ئاسودەیی ژیانی تایبەتی خۆیان دەکەنە قوربانی و ماندوونەناسانە خزمەت بە کەلتوری گەلەکەیان دەکەن جا لە بواری هونەر بێت یان نووسین یاخود وەرزش و...هتد.
زۆرجار دەبنە ئەو کەسانە کە دەبنە ئەستێرە لە بوارەکەی خۆیاندا، خەڵک هەڵپەی ئەوەیانە دەرفەتێک بقۆزنەوە و وێنەیەکی لەگەڵدا بگرن یان لەسەر دەفتەرێکی بیرەوەرییەکانی یان لەسەر کتێبێکی چاپکراوی تازە پەخشکراوی ئیمزایەکیان بۆ بکات، یان بنووسێت پێشکەشە بە کاک فڵان یاخود فیسار خان.
لەولاشەوە میدیاکان عەیشی پێ تاڵ دەکەن و هەر پەیامنێر و رۆژنامەنووسە داوای دیداری لێ دەکات، ئەوانیش وەک ئەوەی خۆیان بە خزمەتکاری خەڵک دەزانن دڵی کەسیان ناشکێنن.
ئەوە تا ئێرە ئاساییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە هەندێک لەو هونەرمەند و نووسەر و وەرزشکار و کەسایەتییانە بە هەر هۆکارێک بێت، جا تەندروستی بێت یاخود هەژاریی و نەداریی، بەنابەدڵی لە کایەکەی خۆیان دوور دەکەونەوە، ئیتر لێرەوە چ میدیاکان رۆشنایی لەسەر دەکوژێننەوە، چ ئەو خەڵکەی کە رۆژگارێک پەرۆشی پێشکەشکردنی بەرهەمێکی ئەو بوون بە ئیمزای خۆی یان پەرۆشی ئەوەبوون وێنەیەکی لەگەڵدا بگرن، لەبیری دەکەن، لەوەش خەمناکتر هاوڕێ و هاوپیشەکانیشی وەک پێویست لێی ناپرسنەوە و لە دیدار و بۆنە تایبەتییەکاندا لە میدیاکانەوە ئاماژە بە رۆڵ و خزمەتەکانیان ناکەن، ئەوە ئەگەر زەمانە بەرەو ئەوەشیان نەبات زەمیان بکەن و ئازاریشیان بدەن.
ئەوەی زیاتر بزواندمی بۆ نووسینی ئەم چەند وشەیە، هەفتەی پێشوو بە رێکەوت لە نزیک بازاڕێکی سلێمانی هونەرمەند عومەر سەرکار-م بینی کە رۆژگارێک یەکێک بوو لە کلارنێت ژەنە بەتواناکانی تیپی مۆسیقای سلێمانی، ماوەیەکیش بەرلە ئێستا هونەرمەندی شانۆکاری مەزن ئازادی حەمە بچکۆل-م بینی کە ژمارەیەکی زۆر کاری هونەریی کۆمیدی لە ئەرشیڤی شانۆ و درامای کوردییدا پێشکەش کردووە وەک رۆڵەکانی لە دراماکانی (لانەوازان) و (جەنابی موفەتیش) و (گوڵە مێخەک) و دەیان شانۆیی بەناوبانگترینیان شانۆیی (ئەحەی کوڕنوو) بوو.
ئەو زاتانە چەندی و لەبەر چ هۆکارێک لە کاری هونەری دوورکەوتبنەوە، مانای ئەوە نییە فەرامۆش بکرێن لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم و سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانەوە، بۆیە تا لە ژیاندان بە گوڵێک بەسەریان بکەنەوە، نەک دواتر پەیکەریان بۆ دابتاشن.