گەشتیارانی هەرێم گلەییان لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان هەیە

10:28 - 2023-06-26
ڕاپۆرت
581 جار خوێندراوەتەوە
دورگەیەکی ئەستەنبوڵ کە گەشتیاری کورد رووی تێدەکەن

هەولێر/ رەوەست نەوزاد

دوای روخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003 زیاتر سنوورەكانی وڵاتان بەڕووی هەرێمی كوردستان كرانەوە و بوونی دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە سلێمانی و هەولێر وایکرد پڕۆسەی گەشتکردن بۆ گەشتیاران ئاسانتر بێت.
ئێستا سەدان كۆمپانیای گەشتیاری لە هەرێم بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی هەیە گەشتیاری كوردستان بەشێوەی گروپ بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان رەوانە دەكەن، بەڵام زۆربەی گەشتیارانی گلەییان لە كەموكوڕی خزمەتگوزاری بەشێك لەكۆمپانیا گەشتیارییەكان هەیە و دەڵێن، زۆرجار پابەندی بەڵێنەكانی خۆیان نین لە گەشتەكاندا.
کەموکوڕی کۆمپانیاکان
رێزان سەباح تەمەن 35 ساڵ خەڵكی هەولێرە چەند جارێک بە گروپ سەردانی چەند وڵاتێکی کردووە و دەڵێت، بۆ یەكەمجار بەر لە 10 ساڵ گەشتی وڵاتی توركیام كرد، بەڵام ئەو كۆمپانیایەی گەشتەكەی بۆ رێکخستین تووشی زۆر كێشەی كردین بۆ نموونە بەڵێنی پێدانی سیمكارتی ئەو وڵاتەی پێداین دابینی نەکرد، ئەو پاسەی گەشتەکەمان پێکرد ئامێری فێنک کەرەوەکەی کاری نەدەکرد، لەكاتی رادەستكردنی ئوتێلەكەمان لەشاری ئەستەنبوڵ بەهۆی درەنگ دابینكردنی پاس چەند سەعاتێک لەسەر شەقام ماینەوە.
ئەو كێشانە هی 10 ساڵ لەمەوبەرە، بەڵام ئێستاش کێشەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان بەردەوامە و زۆرجار مافی گەشتیاران پێشێل دەكەن.
محەمەد سەعید هاووڵاتیەكی شاری هەولێرە ئەمساڵ لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەشتیاری چووە بۆ میسر و وتی، بە ئێمەیان وت لەشاری قاهیرە هۆتێلی سێ ئەستێرەتان بۆ دابین دەكەین، بەڵام كاتێك چووینە ئەوێ وانەبوو.
وتیشی، كاتێك كۆمپانیایەك گەشتیار دەباتە وڵاتێكی تر دەبێت رێنیشاندەری گەشتیاری لەگەڵ گروپە گەشتیارییەكان بۆ ناوچە گەشتیاری و شوێنەوارییەكان دابین بكات، بەڵام تەنها شۆفێرێكی لەگەڵ ئێمە نارد بۆ شوێنەواری هەرەمەکان، شۆفێرەكە دوای بڕینی بڵیت بۆمان وتی، تا سەعات سێی دوای نیوەڕۆ بۆخۆتان لە ژوورەوە بمێننەوە و دواتر وەرنە دەرەوە بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە ئێمە پێویستمان بە زانیاری چوونە ژوورەوەی ئەو شوێنە مێژووییە هەیە یان لەگەڵمان بگەڕێن و شوێنەکانمان پێ ئاشنا بکەن.

 

 

هەر گەشتیارێک بەپێی ئەو بەڵێنەی پێی دراوە گەشتی پێ نەکرا پێویستە کاتی گەڕانەوە سکاڵا لەسەر کۆمپانیا گەشتیارییەکە تۆمار بکات و رێکاری یاساییان بەرامبەر  دەگرینە بەر

 

 

زۆری کۆمپانیا گەشتیارییەکان گرفتە
یەكێك لە خاوەن كۆمپانیا گەشتیارییەكانی هەولێر دەڵێت، هۆكاری زۆریی كەموكوڕی و كێشەكانی كۆمپانیای گەشتیاری لە هەرێم ئەوەیە هەر كەسێك هەڵدەستێت كۆمپانیایەكی گەشتیاری دروست دەكات بەبێ ئەوەی شارەزایی لە كارەكە هەبێت ئۆتۆمبێلێكی هەیە چەند كارمەندێك دەهێنێت خانوویەك بەكرێ دەگرێت و تابلۆی كۆمپانیاكەی هەڵدەواسێت، جگە لەوە چۆن دەبێت خاوەن كۆمپانیای گەشتیاری یەك زمان بزانێت كە پێویستە خاوەن كۆمپانیا نزیكەی چوار زمان بزانێت و شارەزایی لە دۆخی وڵاتان هەبێت.
وتیشی، كۆمپانیا هەیە لەكۆشكێكی گەورە دانراوە و چەند ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای وەستاندووە كە گەشتیار دەیبینێت دەڵێن كۆمپانیایەكی زۆر زەبەلاحی بواری گەشتیارییە كاتێك لێی دەكۆڵیتەوە دەبینیت زمانە كوردیەكەشی باش قسە ناكات.
گەشتیار دەتوانێت سکاڵا بکات
هاوکات ئیبراهیم عەبدولمەجید بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەر گەشتیارێک فێڵی لێکراو بەپێی ئەو بەڵێنەی پێی دراوە گەشتی پێ نەکرا پێویستە کاتی گەڕانەوە سکاڵا لەسەر کۆمپانیا گەشتیارییەکە تۆمار بکات و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینە بەر.
وتیشی، ئێمە لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بەردەوام هانی هاووڵاتیان دەدەین گەشتەكانی خۆیان لە ناوەوەی وڵات بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە رێگری لەوە ناكەین هاووڵاتیانی هەرێم بچنە دەرەوە ئەو كۆمپانیایانەی گەشتیار دەبەنە دەرەوە یان تكت دەفرۆشن بەپێی یاسا دەبێت لەلایەن بەڕێوبەرایەتییە گشتییەكانمان تۆماركراوبن و فەرمی بن پاشان گەشتیار گەشتیان لەگەڵ بکات.

#گەشتوگوزار

بابەتە پەیوەندیدارەکان