بەئامادەبوونی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆبوونەوەی وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پیرمام بەڕێوەچوو.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی:
ئێمە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانین، حزبی شەهیدانین، بەرپرسیارێتی لەسەر شانی ئێمەیە، ئێمە كۆڵنادەین و هەر هەوڵی خۆمان دەدەین
دوای كۆبوونەوەكە، كە دوێنێ بەڕێوەچوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، ئەوەی خستەڕوو كە «ئێمە هاتووین بۆ خزمەتی میللەتەكەمان، بۆ خزمەتی گەلەكەمان»، وتیشی: قسە و كرداری نامەسئولانە كاریگەری لە ئێمە ناكات، ئێمە هەر بەردەوام دەبین، هەوڵدەدەین رێكبكەوین، بەڵام دڵنیابن لەمڕۆ بەدواوە یەكێتی وا بە بێدەنگی نامێنێت، هەرچی شتێك رووبدات لەمڕۆ بەدواوە، وەك خۆی وەڵامدەدرێتەوە، یەكێتی مێژووە، یەكێتی خوێنی شەهیدە، یەكێتی قوربانییە، یەكێتی هێزە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە بەگشتی كۆبوونەوەكەمان خراپ نەبوو، نزیك نەكەوتووینەتەوە بەڕاستی، بەڵام ئێمە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانین، حزبی شەهیدانین، بەرپرسیارێتی لەسەر شانی ئێمەیە، ئێمە كۆڵنادەین و هەر هەوڵی خۆمان دەدەین. وتیشی: چەند رۆژێك و چەند هەفتەیەكە، قسەی ناتەندروست و بێبنەما و دوور لە مەسئولیەت دەكرێت، دڵنیابن ئێمە نە گوێدەدەینە ئەو شتانە، نە كاریگەریی هەیە لەسەرمان، نە زمانی تێكدەر كاریگەریی دەبێت لەسەر ئێمە، ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان، میللەتی كورد چاوەڕێمانە و ئێمە كۆڵنادەین.
لە كۆتایی قسەكانیشیدا، سەرۆك بافڵ ئەوەی خستەڕوو كە لە كۆبوونەوەكەدا لەسەر هیچ شتێك رێكنەكەوتین، لەسەر ئەوە رێكەوتین راگەیەنراومان نەبێت.