كەركوك لە نێوان یەك لیستی و فرە لیستیدا

09:31 - 2023-08-02
ڕاپۆرت
1088 جار خوێندراوەتەوە
کورد لە کەرکوک پێویستی بە یەک لیستییە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

بڕیارە لە مانگی دوانزەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە سەرتاپای عیراق بکرێت ‌و پارێزگای كەركوكیش یەكێكە لەو پارێزگایانەی هەڵبژاردنی تێدا دەكرێت، پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە كورد و عەرەب و توركمان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی لە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانی و کۆکردنەوەی دەنگەکانیانن لە یەک لیستدا.
عەرەبەكان هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ دروستکرنی یەک لیست و تا ئێستا بە تەواوی بڕیاری لەبارەوە نەدراوە، بەڵام توركمانەكان پێناچێت بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن و پێدەچێت لە چەند لیستێكدا جێی خۆیان بكەنەوە.
حزب و لایەنە كوردستانییەكانی ناو پارێزگاكەش تائێستا نەگەیشتوونەتە بڕیاری كۆتایی كە چەند رۆژێكی كەمی ماوە بۆ بڕیاردان.
پەرتەوازەیی لیستەكان
كەریم محەمەد تەمەن 60 ساڵ دانیشتووی گەڕەكی ئازادی شاری كەركوك، لەسەر بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا وتی، لە چوار هەڵبژاردندا بەشداریم كردووە، بەڵام هیچ كاتێك وەك ئەمجارە پەرتەوازەیی لایەنە كوردستانییەكانم بەرچاو نەكەوتووە، چەند رۆژێكی تر ماوەی تۆماركردن تەواو دەبێت، بەڵام تائێستا هەموو لایەن ‌و حزبە كوردستانییەكان بڕیاری یەك لیستییان نەداوە، هەرچەندە لە راگەیاندنەكانیانەوە ئاماژە بە باری تایبەتی كەركوك دەكەن، بەڵام نەیانتوانیوە لە مێزگردێكدا كۆببنەوە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی هەڵبژاردن لەم شارە.
باسی لەوەشكرد، پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت لەمساڵدا و لە پێش دوومانگ و بەپێی رێككەوتنێكی لایەنەكانی عیراق، پەرلەمانی عیراق چەند تایبەتمەندییەكیان بۆ هەڵبژاردنەكان لە كەركوك دیاری كردووە و ئەمەش لە بەرژەوەندی كوردی شارەكەدا نەبوو، بۆیە دەبێت زۆر بە وردی و جدی مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنەدا بكرێت بۆ پارێزگاكە، چونكە بەپێی رێكەوتنەكەی پەرلەمانی عیراق بێت كۆمەڵێك دەنگدەری كورد بێبەش دەبن لە دەنگدان ئەمەش بە زیان بۆ كوردی شارەكە دەگەڕێتەوە، بۆیە یەك لیستی زەرورەتێكی گرنگی لایەنە كوردستانییەكانی شارەكەیە.

 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  لە هەوڵی ئەوەدایە كورد لە كەركوك بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكان بكات

 

پشتگیری یەك لیستی
رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوكی (ی.ن.ك) لەسەر یەك لیستی حزبە كوردستانییەكان رایگەیاند: ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەوڵی ئەوەداین كورد لە كەركوك بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكان بكات، چونكە بەرژەوەندی كورد لە شارەكەدا لە چوارچێوەی یەك لیستیدایە.
وتیشی: لە 29ی تەمموزدا جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان سەرجەم حزبە كوردستانییەكانی كەركوك كۆبوونەوە و بڕیاریاندا هەوڵبدەبن بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكەن.
باسی لەوەشكرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پای ئەو كۆبوونەوەیەدا بەیاننامەیەكمان دەركردووە و پشتگیری خۆمان بۆ ئەو كۆبوونەوەیە دەربڕیوە، جگە لەوەش بە تەلەفۆن لەگەڵ گشت بەرپرسی حزبە كوردستانییەكان قسەمان كردووە و پاڵپشتیمان لە بڕیارەكەیان كردووە و لە هەوڵداین بگەینە ئەنجامێكی پێویست و دڵخۆشكەر.
مامەڵەی ورد لەگەڵ هەڵبژاردن 
لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوك ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لە 30ی تەمموزدا هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و پارتی بڕیاریانداوە كێشەی نێوان هەردوو حزب چارەسەر بكەن و دەربارەی مەسەلەی هەڵبژاردن و ناوچە كێشە لەسەرەكان بڕیاری دروست بدەن.
وتیشی، هەر لە هەمان رۆژدا لە مەڵبەندی دووی كەركوك پێشوازیم لە حزبی گڵپەی نیشتمانی و بزوتنەوەی چاكسازی كرد و تاوتوێی هەڵبژاردن و بەشداركردنی كورد بە یەك لیست لە هەڵبژاردن كرد، ئەم حزبانەش لە چوار بۆ پێنج حزبی بچووك پێكهاتوون.
لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوك باسی لەوەشكرد، ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە دەبێت لایەنەكان زۆر بە وردی مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنەدا بكەن، چونكە جگە لە پێكهاتە و حزبە كوردییەكان گەلێك لایەن و كەسایەتی سەربەخۆش خۆیان كاندید كردووە كە پێویستە هەموو ئەمانەش لە چوارچێوەی حزبە كوردستانییەكاندا كۆبكرێنەوە.

#کەرکوک #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان