سەرۆک بافڵ: نەوت و غاز ببێتە مایەی داهاتوویەکی گەشتر بۆ هاووڵاتیان

03:10 - 2023-08-02
کوردستان
476 جار خوێندراوەتەوە

‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق و حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق و سەرۆکی کوتلە سیاسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ گفتوگۆ لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و غازەوە لە بەغدا كۆبوونەوە.

‎لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد موفتی، راوێژکاری سەرۆکی یەکێتی بۆ کاروباری وزە و ژمارەیەک پسپۆڕ و شارەزای بواری وزە ئامادەبوون و بە وردی پڕۆژەیاساكە تاوتوێكرا و گرنگی و لێكەوتە سیاسی و ئابوورییەكانی لێكدرایەوە.

‎لە میانی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە تێپەڕاندنی بەربەستەكانی بەردەم یاسای نەوت و غاز كردەوە بەشێوەیەك كە ببێتە مایەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و بەهێزتركردنی ژێرخانی ئابووریی وڵات.

‎هەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکاندا، سەرۆک بافڵ سەرنج و ستراتیژی یەکێتی بۆ کەرتی وزە و چارەسەرکردنی کێشەکان خستەڕوو و رایگەیاند، دەبێت تێپەڕاندنی یاساكە لەسەر بنەمای سازان و لێکتێگەیشتنی هەموو لایەنەکان بێت. هەروەها نەوت و غاز ببێتە مایەی ژیان و داهاتوویەكی گەشتر بۆ هەموو هاووڵاتییان و ئەم سەروەتە نیشتمانییە بخرێتە خزمەت بوژاندنەوە و ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەوە.



#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان