راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
بەپێی بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەڕێوەدەچێت بە پارێزگای كەركوكیشەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستانی نوێ كەوتووە لە كەركوك ملیۆنێك و 200 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو رێژەیەش 14 هەزار كەس بۆ یەكەمجار ناویان لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا تۆمار كراوە كە لەدایكبووی 2004 و 2005.
كەركوك بۆ پێكهاتەی كورد بارودۆخێكی سیاسی تایبەتی هەیە، بۆیە پێویستە دەنگدەر بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ ئەوەی كورد كورسی خۆی بەدەستبهێنێت.
بەشداریکردن لە تۆماری دەنگدەران
شاهۆ عەلی لەدایكبووی ساڵی 2005 دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوكە و بۆ یەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەکات و وتی، ناوم لە تۆماری دەنگدەراندا هاتووەتەوە و بە دڵنیاییەوە بەشداری هەڵبژاردن دەکەم، بەڵام بەداخەوە وەک دەبینرێت رێژەیەکی زۆری هاووڵاتیان لەلایان گرنگ نییە و ناچن بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران یان ئەو کەسانەی تازە دەبنە 18 ساڵ و بۆ یەکەمجار مافی هەڵبژاردنیان هەیە ناچن دڵنیاببنەوە لە هاتنەوەی ناوەکانیان.
وتیشی، شاری کەرکوک لەبەرئەوەی پێکهاتەی جیاوازی تێدایە تایبەتمەندی خۆی هەیە و کورد بۆ ئەوەی بوونی خۆی بسەلمێنێت لە شارەکەدا پێویستە بچن بەدەم تازەکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
جوامێر محەمەد لەدایكبووی ساڵی 2005، تازە ناوی خۆی لە تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران تۆماركردووە و چاوەڕێی هاتنەوەی كارتی دەنگدانە و وتی، هەرچەندە ناوی خۆم تۆماركردووە، بەڵام تائێستا و لەو ماوەیەی دایانناوە كارتەكانمان نە گەڕاوەتەوە، بۆیە ترسی ئەوەمان هەیە فێڵێك لە پڕۆسەكەدا بكرێت و بەشێكی زۆر لەناوەكانمان نەگەڕێتەوە، ئەوەی پێویستە لەسەر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەدواداچوون بكەن بۆ گەڕانەوەی ناوەكانمان بەتایبەتی ئەوانەی لە نەتەوەی كوردن، چونكە دەبێت بارودۆخی كەركوك بە هەند وەربگیرێت.
نەگەڕانەوەی کارتی دەنگدان
وتیشی، بەداخەوە لە ناوچە كوردییەكان خەڵكەكە زۆر بە سستی پێشوازی لە پڕۆسەكە دەكەن و خەڵكێكی كەم سەردانی بنكەكانی دەنگدان دەكەن، بەشێكی زۆری كوردەكانیش لە دەرەوەی پارێزگاكەن و گەیشتنیان بە بنكەكانی دەنگدان زۆر دەکەوێت لەسەریان بۆیە پشتگوێیان خستووە، پێویستە لەسەر لایەنە كوردییەكان ئاسانكاریان بۆ بكەن بۆئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بكەن یان تازە بكەنەوە.
دڵشاد كەریم دانیشتووی گەڕەكی دەروازەی شاری كەركوكە لەسەر بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن وتی، لەدایكبووی ساڵی 2004م چەند جارێك سەردانی بنكەی دەنگدەرانم كردووە، بەڵام ناوم لە تۆماری دەنگدەراندا نییە و بەرپرسانی بنکەکە هەر رۆژەی قسەیەک دەکەن لەسەر گەڕانەوەی ناوەکەم پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداری ئەم بارودۆخە بن و بەداوداچوونی جدی بکەن.
بەپێی ئامارێکی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كەركوك تا رۆژی 7/8، رێژەی تۆماری بایۆمەتری لە كەركوك گەیشتۆتە %75، ئەو كەسانەی لە دایكبووی (2004 و 2005) و مافی دەنگدانیان هەیە تائێستا پانزە هەزار كەس سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆنی باڵایان كردووە و ناوی خۆیان لە تۆماری دەنگدەراندا تۆماركردووە و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق وادەی تۆماری دەنگدەرانی بۆ 12/8/2023 درێژكردووەتەوە.
ژمارەی دەنگدەران و پێشوازی هاووڵاتیان
عەبدولباست دەروێش وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كەركوك رایگەیاند، لە كەركوك یەك ملیۆن و 200 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە، دوانزە هەزار كەسیش بۆ یەكەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە، ئەوانەشی ناوی خۆیان تازە تۆماركردووە ژمارەیان نزیكەی 14 هەزار كەس دەبێت و بڕیارە (9)ی ئەم مانگە كارتەكانیان بێتەوە و رادەستی كەسی دەنگدەر بكرێت.
وتیشی، پێشوازیكردنی خەڵك لە بنكەكانی ناو تۆماركردن بەشێوەیەكی گشتی باشە و بەدەم پڕۆسەكەوە دەچن، هەروەها بڕیارێك لە دادگای باڵای عیراقەوە سەبارەت بە كارتی دەنگدان دەرچووە ئەویش ئەوەیە دەبێت هەموو تاكێكی عیراقی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ناوی خۆیان لە تۆماری دەنگدەران تۆماركردبێت، جگە لەوەش ئێستا فۆڕمی خۆراك بووە بە ئەلیكترۆنی ئەمەش وایكردووە خەڵكەكە زیاتر بەرەو رووی بنكەكانی دەنگدان بچن.
سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كەركوك نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت رایگەیاند، رێژەی پێشوازیكردنی پێكهاتەكان لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر جیاوازی هەیە، بۆ نموونە پێكهاتەی عەرەبەكان بە رێژەیەكی زۆرباش پێشوازییان لە پڕۆسەكە كردووە بۆ تۆماركردنی ناوەكانیان لە دوایدا توركمان ئینجا كوردەكان دێت.