بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویكەوت بە جەنەڕاڵ ماتیۆ مەکفارلان، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا کە بە هۆی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیەوە دیدارەكەیان رێکخرا.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵی جەنەڕاڵ ماتیۆ مەکفارلانی كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا هاوكار و هەماهەنگ بووە لە كردە سەربازییەكان دژی داعش و هاریكارییە سەربازییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
لە درێژەی دیدارەكەدا دۆخی ئەمنی و چاكسازییەكانی ناو هێزی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوەكرا و سەرۆك بافڵ رایگەیاند، یەكێتی بەهەموو شێوەیەك پشتگیری یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەكات و دەیەوێت هێزێكی نیشتمانیی تۆكمە بۆ پاراستنی كوردستان بونیاد بنرێت، بەڵام بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و دوور لە بەرژەوەندی تایبەت. وتیشی، هاریكاری و كاری هاوبەشی نێوان هێزە ئەمنییەكان فاكتەرێكی گرنگی پاراستنی سەقامگیرییە لە ناوچەكە و ئێمەش لەو پێناوەدا هەوڵ دەدەین.