مەحمود شێرزاد
ئێستا بەشی زۆری زانستەکان لە سیستەم و دامەزراوە و مامۆستاکان ئازادن، لە دەرەوە بە ئازادی و بە ئاسانی دەست دەکەون، کەواتە ئێستا قوتابخانە و زانکۆکان تاکە ناوەندی دەستڕاگەیشتن بە زانست نین، کتێب و یوتیوب و هەرێمی بێ سنوور و هەراوی ئینتەرنێت ئەو دەورەیان لە دامەزراوەکان تا رادەیەک ئەستاندۆتەوە. کەواتە ئێستا پەروەردەش ئازادە، یانی ئێمە دەتوانین بە بێ چوون بۆ قوتابخانە و زانکۆ خۆمان پەروەردە بکەین، جیاوازی ئەم شێوازەیان لەگەڵ پەروەدەی رەسمی لەوەدایە کەسەکە هەم زانست و هەم پێگە و پارەی دەست دەکەوێ، یانی ئامانجی کەسەکە زانستە و دواتر بە هۆی زانستەکەیەوە پارە و پێگەی باشی دەست دەکەوێ، بەڵام لە سیستەمی پەروەردەی رەسمیدا بەدەستهێنانی بڕاونامە و کار و کەسێتی گرنگن، زانستەکە زۆر گرنگ نییە. دامەزراوەکان بە بێ ئەوەی خۆیان بیانەوێ کەسەکە ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاری دەست بکەوێ و داهاتێکی هەبێ، یانی زانکۆکان لە هەموو دنیا بە بێ ئەوەی ئامانجیان ئەوە بێ، بەڵام کەسەکان فێر دەکەن چۆن زانست بکەن بە پیشە و کەسایەتی و پارە و پێگەی پێ پەیدا بکەن. دیارە ئەگەر کەسەکان لەناو پەروەردەی رەسمییەوە کار بە پەروەردەی ئازادیش بکەن، زۆر تایبەت دەردەچن، بەڵام بە داخەوە زۆرینە ئەم کارە ناکەن، پەروەردەی رەسمی و پەروەردەکارانی رەسمی زۆر سەلەفی و داخراون، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن درکی پەروەردەی ئازاد بکەن و بە نازانستی هەژماری دەکەن، تا ئێستا بڕوانامەیان پێ لە شارەزایی گرنگترە. لێرەوە با واز لە سیستەمی پەروەردەی گشتی و دەرەکیی و دامەزراوەیی بێنین، با باسی پەروەردەی ناوەکی و تاکەکەسی و ئازاد بکەین.
واز لە داخراوی زەینی و ئەقڵی بێنین
ئەگەر ئێمە بمانەوێ لە بوارێکدا قووڵ ببینەوە و رۆحی بوارە درک بکەین و لەگەڵیدا ببین بە یەک، یانی ئەو بوارە ببێتە ئێمە و ئێمەش ببینە بە بوارەکە، یەکەم شت دەبێ ئەقڵمان بکەینەوە و واز لە داخراوی زەینی و ئەقڵی بێنین و خۆمان بکەینەوە. ئەگەر دەتەوێ لە بوارێک لە بوارەکاندا قووڵ بیتەوە و بنەما و کرۆکی بوارەکە بپێکی، تەنانەت لەناو سیستی پەروەدرەشەوە دەبێ بە شێوازی پەروەردەی تاکەکەسی و ئازاد هەڵسوکەت بکەی، دەنا گرەو لە بوارەکە نابەیتەوە. شێوازی پەروەردەی تاکەکەسی و ئازاد لەسەر ئەم چوار بنەمایە وەستاوە، یەکەم: تێڕامان لە بابەتەکە لە ناوەوە، دووەم: خوێندنەوەی ئازاد و هەمەلایەنە لەبارەی بابەتەکەوە، سێیەم: نووسینی وتار و کتێب لەبارەی بوارەکەوە، چوارەم قسەکردن و کۆڕگرتن لەبوارەکەدا. ئەم چوار بنەمایە هەمیشە دەبێ بە یەکەوە بن، ئینجا پەروەردەی ئێمە کامڵ دەبێ، واتە هەم ناوەکیی دەبێ و هەم دەرەکیی، یانی هەم ئەقڵی جەستەیی و هەم ئەقڵی رۆحییمان گەشەدەکەن و لەهەر دووکیان بەئاگا دەبین و دەتوانین لە شوێنی خۆی بە باشترین شێوە کار بە هەر دووکیان بکەین.
تێڕامان
حەزت لەهەر بوارێک بێ، دەبێ بەشی زۆری کاتەکان لەناوەوە و لەدەرەوە هۆشت لەسەری بێ و لەگەڵیدا بژیی، یانی بەشی زۆری کاتەکان لە ناوەوە و لەدەرەوە تۆ لەگەڵ ئەو بابەتە بی و ئەو لەگەڵ تۆدا بێ، یانی ئەو بابەتە دەبێ یار و یاوەری تۆ بێ، خۆشەویستی تۆ بێ و تۆ ئاشقی ئەو بی، ئەگەر تۆ بۆ بوارەکەی خۆت وا نی، ئەوا کاتی خۆت بەفیڕۆ دەدەیت.
خوێندنەوە
لەهەر بوارێکدا چالاک بی، دەبێ لەم بوارەدا بە ئارامی دەست بکەی بە خوێندنەوەی هەمەلایەنە، هەرچییەکت لەو بوارەدا دەستکەوت دەبێ بیخوێنیتەوە، بەس بخوێنیتەوە، لەدوای تێڕامان خوێندنەوەی ئازاد و هەمە لایەنە گرنگە، خوێندنەوەی ئازاد، واتە لەکاتی خوێندنەوەدا زەینت لەکاردا نەبێ، یانی بە گوێرەی پێوەر و روانگە و تێگەیشتنەکانت نەخوێنیتەوە، نە هیچ شتێک رەت بکەیتەوە و نە هیچ شتێکیش قبووڵ بکەی، تەنیا بخوێنیتەوە، بەم شێوەیە بەرەبەرە لەم بوارەدا کە دەخوێنیتەوە پڕ دەبی لە زانیاریی و لەهەمان کاتیش خاڵی دەبیتەوە لە زانیاریی، یانی رۆحی بوارەکەت بەدەستهێناوە و بۆتە بەشێک لە تۆ، لێرەوە لەوبوارەدا لێت هەڵدەقووڵێ، دوای ئەم قۆناغە کاتی نووسینە.
نووسین
نووسین لەم بوارەدا وا دەکا لەبوارەکەدا زۆر ورد و دەقیق بی، چونکە نووسین وا دەکا درکت وارد و دەقیق بێ و زانیارییەکان بە وردی و لەشوێنی خۆیاندا بەکار بێنی، دوای نووسین ئینجا کاتی قسەکردنە.
قسەکردن
گۆشەی کۆتایی لەم پەیوەندییەدا قسەکردنە، یانی سەرەتا دەبێ تێڕامان بکەیت، دواتر بخوێنیتەوە و ئینجا بنووسیت و لە کۆتاییدا قسە بکەیت، ئەگەر جەنابت بەم پڕۆسەیەدا بڕۆیت ئەوا لە بوارەکەی خۆتدا دەتوانی زۆر رەوانبێژانە و ورد و بە زمانێکی سادە باسی قووڵترین و ئاڵۆزترین بابەتەکان و زانستەکان بکەیت.
تێرامان هۆشمان کۆ دەکاتەوە، خوێندنەوە پڕمان دەکا زانیاریی، نووسین ورد و دەقیقمان دەکا و قسەکردن رەوانبێژمان دەکا، ئەو چوارگۆشەیە دەبوو کرۆکی هەموو سیستمێکی خوێندن و پەروەردە بوایە.