ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی 8ی 2023 بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسی لە شاری کەرکوک کۆبۆوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی دەربارەی کۆی کێشە سیاسییەکان بەرچاوڕوونی دا و رایگەیاند، یەکێتی لەسەر هێڵە نیشتمانی و کوردستانییەکان بۆ داکۆکیکردن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەردەوامە، هەروەها جیاکردنەوەی دۆسێی ململانێی سیاسیی لایەنەکان و نێوان هەرێم و بەغدا لەپێشینەی کارەکانمانە و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان لای یەکێتی هێڵی سوورە و بەهەموو شێوەیەک داکۆکی لێدەکەین.
سەرۆک بافڵ بە خۆشحاڵییەوە هەڵوەستەی لەسەر پەیوەندییە گەشەسەندووەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان، عیراق و نێودەوڵەتی کرد و ئەوەشی بۆ یەکهەڵوێستی و یەکبڕیاریی سەرکردایەتی یەکێتی گەڕاندەوە. هەروەها دەستخۆشی لە هەڤاڵان کرد و جەختی لە پاراستنی ئەو پرەنسیپە گرنگە کردەوە و رایگەیاند، ستراتیژی نەگۆڕمان لە خزمەتی گەلەکەماندایە و کەرکوکیش کە بەشێکە لە جەستەی یەکێتی، وەک قودسی کوردستان دەمێنێتەوە و پارێزگاری لە گیانی پێکەوەژیان دەکەین.
کۆبوونەوەکە کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە کەرکوک کرا، تەوەرە سیاسییەکان، کاری رێکخراوەیی و ئۆرگانەکان و کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانەی لەبارەوەکرا و وەک ئیستحقاقی حزبی، دیموکراسی، لەپێناوی جۆشدانەوەی گیانی یەکێتیبوون، بڕیاردرا رۆژی 27ی 9ی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.
هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی گشتیی وڵات گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بڕیاری پێویست و نیشتمانییانەیان لێدرا.