ئەمڕۆ 15 كاندیدی دەرچووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەردەم دادوەر لە دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك سوێندی یاساییان خوارد.
لای خۆیەوە رێبوار تەها، سەرۆكی هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە رایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ كەركوكییەكان رۆژێكی جیاوازە، چونكە دوای 18 ساڵ جارێكی دیكە تیمێكی نوێ لە ئەنجومەنی پارێزگای شارەكە دەستبەكار دەبێت.
وتیشی، وەك هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە تاكە ئامانجمان خزمەتكردنی كەركوكییەكانە بێ جیاوازی و دەمانەوێت لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا وەك یەك تیم كار بكەین و خزمەتی كەركوكییەكان بكەین.
بەوتەی رێبوار تەها، بەپێی یاسا لە ماوەی 15 رۆژدا پێویستە پارێزگاری بەوەكالەت كۆبوونەوەی ئەنجومەن رێكبخات، بەڵام ئەگەر لەو وادەیە تێپەڕی و هیچ كۆبوونەوەیەك نەکرا، بەپێی یاسا ئەندامانی ئەنجومەن دەتوانن رۆژێك بۆ كۆبوونەوە دیاریبكەن و كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن دەستپێبكەن.