رووباری خاسە بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگە

09:44 - 2023-08-21
ڕاپۆرت
488 جار خوێندراوەتەوە
#ئێستای پردی خاسە

 راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

رووباری خاسە یەكێكە لەو رووبارە گەورانەی لە سەردەمە مێژووییەكاندا ناوی هاتووە، لە شاری کەرکوکە و رووبارێكی وەرزییە لە بەهار و زستاندا ئاوی هەیە، بەڵام لە هاویندا ئاوەكەی وشك دەكات و كەم دەبێتەوە، ئێستا بۆتە شوێنی ئاوەڕۆی ماڵان و بۆنێكی ناخۆشی هەیە و ژینگەی دەوروبەرەكەی پیسكردووە، دانیشتوانی گەڕەکەكانی نزیک رووباری خاسە داوا دەكەن لایەنی پەیوەندیدار چارەسەرێكی ئەو رووبارە بكەن لەبەرئەوەی هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
رووباری خاسە، كەركوك دەكاتە دوو بەشەوە، بەری گەورە و بەری بچووك رووبارەکە درێژ دەبێتەوە بەرەو داقوق و خورماتوو. لە رووی جیۆپۆڵەتیکییەوە پێگەیەكی گەشتیاری و ئابووری خۆی هەیە، لەناو كەركوكدا گەلێك گەڕەكی وەك ئازادی، یادگار، رەحیماوا، زیۆیە، ئیمام قاسم، خانەقا دەڕواننە سەر ئەم رووبارە.
ئێستا بەنداوێكی گەورە كە بە بەنداوی رووباری خاسە بەناوبانگە ئاو گلدەداتەوە و دەڕوانێتە سەر ئەم رووبارە، لە رابردوودا خاسە ماسی و گەلێک گیانەوەری ئاوی تێدا ژیاوە.
رووباری خاسە یاداشتی 
رەشید عەبدوڵڵا تەمەنی 72 ساڵە، دانیشتووی گەڕەكی زیۆیە لەسەر رووباری خاسە وتی: منداڵی ئەم گەڕەكەم و ئاشنایەتیم لەگەڵ ئەم رووبارەدا دوور و درێژە، لە رابردوودا ئاو لافاو و باڵای دەكرد و دەهاتە نێو گەڕەكی زیۆیەوە، ساڵ نەبوو چەندین خەڵك نەخنكێت و ئاو نەیبات و كارەسات دروست نەبێت.
وتیشی، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا حكومەتی بەعس بەشێكی رووبارەکەی پڕکردەوە و شەقامێكی لە بەردەمی گەڕەكی زیۆیە دروستکرد تا كۆگاكانی باروتخانە، بەڵام ئێستا رووبارەکە بۆتە بەڵایەكی گەورە بەسەر ئەو گەڕەكانەی دەڕواننە سەر رووبارەكە هەر كە شەو دێت بۆن و بەرامی ناخۆش و مێش و مەگەزێكی زۆر بڵاودەبنەوە و پڕ بووە لە قامیشەڵان نە شارەوانی و نە سەرچاوەكانی ئاویش وەك پێویست رووبارەکە پاک ناکەنەوە ئەمەش دانیشتوانی ناوچەكەی هەراسان كردووە.

خاسە جێگەی سەیران و كشتوكاڵ بوو 
كاكەوڵا عەلی دانیشتووی گەڕەکێکی قەراغ خاسەیە و دەڵێت،  لەڕابردوودا بەهۆی زۆری ئاوەكەیەوە خەڵكی لەملاو ئەولای گەڕەكەوە بیری ئیتوازی و ناعور و كارێزیان لێدابوو ئەمەش وەكو بەشێكی ئابووری گرنگ بوو بەردەوام لە هەر چوار وەرزەكەدا ئەو باخە گەورانەی دەوروبەری رووبارەكە سەوزە و میوەیان لێكردووە، بەڵام لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە بەهۆی ئەو ناڕێكییەی لە دابەشبوونی خانووبەرە لە دەوروبەری رووباری خاسەدا هەموو ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی دەكرایە سەوزە لە ناوچوون، ئێستا خاسە رووبارێكی وشك و پڕ لە گیایە بۆن و زەلكاوی ئاوەڕۆی ماڵان بووە بەهۆی سەوزبوونی قامیش و بۆنێكی ناخۆش بۆ هەموو گەڕەكەكانی دەوروبەری.
جوامێر عەلی دانیشتووی گەڕەكی ئازادی شاری كەركوكە و لەسەر رووباری خاسە دەڵێت، ئەو دەمەی گەنج بووم لەگەڵ هاوڕێكانم لە وەرزی هاویندا بۆ مەلەكردن دەچوینە رووباری خاسە و كاتێكی خۆشمان بەڕێدەكرد، بەڵام بەداخەوە ئێستا كە تەماشای رووباری خاسە دەكەم وشك بووە گریانم بۆی دێت، چونكە یادەوەری زۆرم لەگەڵ رووباری خاسەدا هەیە، بۆیە داوا لە بەرپرسانی شارەكە دەكەم ئاوڕێك لەو رووبارە بدەنەوە.

خاسە پێویستی بە ئاوەڕۆیەکی نوێیە
سەرچاوەیەك لە راگەیاندنی شارەوانی كەركوك لەسەر خۆڵ و خاشاكی رووباری خاسە رایگەیاند، رووباری خاسە سەر بە فەرمانگەی ئاودێری و سەرچاوەكانی ئاوی كەركوكە و ئێمە وەك شارەوانی كەركوك ناتوانین دەستوەردان لە كارەكانیاندا بكەین، چونكە شارەوانی تەنها هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاكەكەی لەسەرە.
وتیشی، ئەو رووبارە پێویستی بە رێڕەوێكی نوێیە ئەویش دەبێت فەرمانگەی ئاوەڕۆ رێگەچارەیەكی بۆ بدۆزێتەوە، چونكە بەری ئاوەڕۆ بەهیچ شێوەیەكی ناگیرێت، بۆیە وەكو شارەوانی ناتوانین ئەو كارە جێبەجێ بكەین.

نەبوونی بودجە هۆکاری پاکنەکردنەوەی خاسەیە
هاوکات سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی ئاودێری و سەرچاوەكانی ئاو كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت دەربارەی رووبارەكە رایگەیاند، لە ساڵانی رابردوودا بودجەیەكی دیاریكراومان هەبوو، هەموو ساڵێك پێش هاتنی وەرزی زستان كارمان بۆ پاككردنەوەی رووبارەكە دەكرد و ئەو لم و خۆڵەی ناو رووبارەكەمان پاك دەكردەوە و قامیشەڵانەكانیشمان دەبڕی، بەڵام ئەوە بۆ چەند ساڵێك دەچێت بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست و ئامێری پاككردنەوە وەك خۆی بە جێمانهێشتووە و قامیشەڵانەكان بووتە جێگەی مەترسی بۆ دانیشتوانی دەوروبەری رووبارەكە هەروەها لەڕووی ئەمنیشەوە گونجاو نییە، لە پاڵ ئەوەشدا بۆن و بەرامێكی ناخۆشی لێدەردەچێت ئەویش بەهۆی كەم بارانییەوەیەوە.
وتیشی، چاوەڕوانین لەدوای پەسەندكردنی بودجە لە بەغداوە پارەی پێویست دیاری بكەن بۆ پارێزگاكە بۆ ئەوەی پارێزگاریش پارە بۆ ئێمە تەرخان بكات و رێڕەوی رووباری خاسە پاك بكرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان