ستران عەبدوڵڵا لە دیدارێکی میدییایدا
ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیدارێكی میدیاییدا، لەسەر پرسی كۆنگرە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت: «یەكێتی، جارێکی دیکە خاوەندارێتی كەركوك دەگرێتەوە دەست». لەبارەی پرسی كۆنگرەی پێنجەمیشەوە، دەڵێت: كۆنگرە ئیستحقاقێكی حزبی و دیموكراسیی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیدا لە كەركوك سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەم پێشنیازەی خستەڕوو، هەڤاڵانی ئامادەبوو گفتوگۆیان لەسەر كرد و رۆژی 27/9 وەک رۆژی بەستنی کۆنگرەی پێنج دیاریکرا.
خەڵكی كەركوك كە زۆرینەی كوردە و زۆرینەی یەكێتییە ناكرێت تاسەر دوورخراوەبن لەبڕیارەكانی موستەقبەلی كەركوك
كێ بڕیار لەسەر داهاتووی یەكێتی دەدات؟
ستران عەبدوڵڵا، ئاماژە بەوەشدەكات، ئەوەی بڕیار لە سیاسەتی داهاتووی یەكێتی دەدات، ئەندامانی كۆنگرەیە، كۆنگرە باڵادەستترین بڕیاردەر دەبێت لەناو یەكێتیدا و سێ رێگاچارە دەگرێتەبەر، كە لەژیانی حزبایەتیدا ناتوانێت بڕیاری لەسەر بدرێت، یەكەمیان پەیڕەوێكی تازە، دووەم بەرنامەیەكی تازە و سێیەمیشیان سەركردایەتییەكی تازەیە و یەكێتی پێویستی بەوەیە كە ئەم تەفویزە تازە بكاتەوە لەڕێگای هەڤاڵان و تێكۆشەرانی یەكێتییەوە، بەمەش پێمانوایە كە ئەم تەفویزە دەدرێتەدەست دەسەڵاتی گەورەی یەكێتی كە كۆنگرەیە و لەكۆنگرەوە بێگومان هەرچی بەرنامەی تازە و شێوە ئیشكردنێكی تازە و هەرچی پەیكەرێكی تازە بۆ یەكێتی بەگونجاو بزانرێت، یەكێتییەكان و نوێنەرانی مەڵبەند و ئۆرگانەكانی یەكێتی لە كۆنگرەی داهاتوو، ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن.
كۆمسیۆنێكی تایبەت بە كۆنگرە
راشیگەیاندووە: بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆمسیۆنێک پێكهاتووە لە موئەسەساتە پەیوەندیدارەكان (مەكتەبی هەڵبژاردن، ناوەندی یاسایی، مەكتەبی رێكخستن و مەكتەبی دیراساتی یەكێتیش وەك چاودێرێكی ناوخۆیی ناو یەكێتی) ئەم چوار موئەسەسەیە، رێوشوێنەكانی بەشداریكردنی هەڤاڵانی یەكێتی لەكۆنگرەی داهاتوو دیاریدەكەن، بەهیچ قیل و قالێك و بەهیچ لێدوانێكی لابەلا ئەم شتانە جێبەجێ ناكرێت، بە رێوشوێنە حزبییەكان و بە رێوشوێنەكان كە لەناو پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی هاتووە، ئەندامەكانی كۆنگرە، ژمارە و شێوەی بەشداریكردنی ئەندامانی كۆنگرە، سەركردایەتیی تازەی یەكێتی، پوخت و درێژكردنەوە، فراوانكردن، ئەوانە هەمووی لە سوڵتەی ئەو كۆمسیۆنە دەبێت.
كۆنگرەی پێنجەم بڕیار لەسەر كۆنگرەی شەشەم دەدات
لەبارەی ماوەی نێوان كۆنگرەی پێنجەم و شەشەمی یەكێتییەوە لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن دەڵێت: «كۆنگرەی پێنجەم بڕیار دەدات كە كۆنگرەی شەشەم كەی دەكرێت، ئەمەش هەمان ئەو رەوتەیە، كە سەرۆك مام جەلال، لە تێكۆشانی دێرینی خۆیدا لەگەڵ هەڤاڵەكانی دەستەی دامەزرێنەر و تێكۆشەرانی یەكێتی، كاری لەسەر كردووە.
ئایا كۆنگرەی پێنجەم سەركێشییە؟
ستران عەبدوڵڵا، لەم بارەیەوە رایگەیاندووە كە، كۆنگرە سەركێشی نییە، بەڵكو ئازایەتییە، پێمانوایە یەكێتی دەستی داوەتێ و هەر بەو حزبە ناسراوە كە لەهەموو وەرچەرخانە گەورەكاندا بڕیاری دروست و ئازایانە دەدات، یەكێتی لەم مێژووە دوور و درێژەیدا بڕیاری ئازایانەی زۆرداوە و لە زۆر بواردا لە بڕیارەكانی تایبەت بە فیدراڵی و رووخاندنی رژێم و بڕیاری مافی چارەی خۆنووسین و لەهەموو ئەو ئامانجانەی كە یەكێتی تێكۆشانی بۆ كردووە، لەپێشدا یەكێتی باسی كردووەو خەباتی بۆ كردووە، ئینجا بووەتە بەشێك لە ژیانی سیاسیی كۆمەڵی كوردستان و عیراقیش. ئێستا كە ئەم بڕیارە گەورەیەی داوە، ئەم سەروەرییە بۆ سەركردایەتیی یەكێتی و بەتایبەتیش بۆ سەرۆك بافڵ، تۆماردەكرێت كە ئاواتێكی لەمێژینە و دێرینی سەرۆك مام جەلال و تێكۆشەرانی یەكێتی بەدیدێنێت كە كۆنگرەكانی یەكێتی لەكاتی خۆیدا بكرێت.
كۆنگرە ببێتە مەسەلەیەكی دیموكراسی و ناوخۆیی
ستران عەبدوڵڵا، ئاماژەی بە بۆچوونی سەرۆكی یەكێتی كردووە لەبارەی كۆنگرەوە و دەڵێت: سەرۆک بافڵ لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیدا وتی: «كارێك بكەین كە ئیتر كۆنگرە بەستن لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا نۆرماڵ بێت، ببێتە مەسەلەیەكی دیموكراسیی زۆر ئاسایی و زۆر ناوخۆیی».
كەركوك و یەكێتی
پەیوەست بە پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و مەسەلەی كەركوك، ستران عەبدوڵڵا، رایگەیاندووە، یەكێتی دەیەوێت كەركوك بەدەستبهێنێتەوە، كەركوك قەت لە یەكێتی عاجز نەبووە، خەڵكی كەركوك ئومێدیان بە یەكێتییە و گلەییەكانیان لە یەكێتی لەسەر سەر و لەسەر چاوە، خەڵكی كەركوك چاوەڕێن یەكێتی سوڵتەیان بۆ بەدەستبهێنێتەوە و جارێكیتر كورد لە كەركوكدا ببێتەوە رەقەمێكی سەرەكی كە بەبێ ئەو بڕیار لە ئایندەی شارەكە نەدرێت. دەركەوت بەبێ كورد و یەكێتی، ئیرادەی سیاسیی كەركوك موغەیەب دەبێت و ئیدارەی سیاسیش لەشارەكەدا دەبێت موتابیق بێت سەد لەسەد لەگەڵ ئیرادەی خەڵكەكە، خەڵكی كەركوك كە زۆرینەی كوردە و زۆرینەی یەكێتییە، ناكرێت تاسەر دوورخراوەبن لە بڕیارەكانی موستەقبەلی كەركوك، بۆیە یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا هەر ئەوە وەزیفەی نییە كە خەڵك ئاشتبكاتەوە، كە ئەمە پڕۆسەیەكە رۆژانە و بەردەوام دەبێت لەسەری بڕوات، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە خەڵكی كەركوك جارێكی دیكە توانادار بكاتەوە كە بتوانن ئایندەی كەركوك رەسم بكەن و بتوانن جارێكی دیكە خۆشی و شادی و ئاوەدانییەكانی سەردەمی هەڤاڵ مام جەلال بگەڕێننەوە بۆ كەركوك.
ستران عەبدوڵڵا جەخت لەوە دەكاتەوە كە پۆستی پارێزگاری كەركوك ئیستحقاقی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و یەكێتی وەزیفەیەتی ئەو ئیستحقاقە بپارێزێت، هەلومەرج لە كەركوك گۆڕاوە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئەمەش بەهۆی فاشوفوشی سیاسەتمەدارانی راكردوو لە كەركوك كە خەڵكی كەركوكیان بەتەنها لە مەیدانەكەدا بەجێهێشت، دەیان سیاسەت و دەیان ناجۆریی بەسەر خەڵكی كەركوكدا هاتووە، بەڵام یەكێتی خاوەندارێتی دەكاتەوە بۆ جارێكی دیكە لە كەركوك، خاوەندارێتیش لە كەركوك بەبەدەستهێنانی زۆرترین پۆست كە بە دیموكراسی بەدەستدێ و عینوانی ئەو پۆستانەش بێگومان پارێزگاری داهاتووی كەركوك دەكات بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
ئامادەکردنی بۆ رۆژنامە:
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد