لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لیژنەی دەزگای هەڵبژاردن لە مەكتەبەكان دەستبەكاربوون بەمەبەستی كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەو كاندیدانەی كە دەیانەوێت بەشداریی كۆنگرە بكەن.
دەرگای كاندیدبوون لە مەكتەبەكان دەكرێتەوە
ئاژێر كەریم سەرۆكی لیژنەی هەڵبژاردنی كۆنفرانسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: «لە رۆژی 19/9وە و بۆ ماوەی دوو رۆژ دەرگای خۆپاڵاوتنمان بۆ ئەندامانی مەكتەب و مەڵبەندەكان و هەڤاڵانی پشتیوانی و راوێژكاران كردۆتەوە و هەڤاڵان سەرپشكن لە خۆكاندیدكردن بۆ پێنجەمین كۆنگرە، كە دەتوانن لەم دوو رۆژەدا سەردانی مەكتەبەكانیان بكەن بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە بوونی ناوەكانیان».
كۆنفرانسی مەكتەب و مەڵبەندەكان دەستپێدەكات
عومەر كەریم ئەندامی ئەنجومەنی راوێژكاری مەكتەبی راگەیاندن بە PUKMEDIAی وتووە: «هەر هەڤاڵێك لە ئەندامانی مەكتەب و ئەنجومەنی راوێژكاری و پشتیوانی، ناوی لە لیستی تۆماری مەكتەبەكەی و دەزگای هەڵبژاردندا هەبوو، چانس و مەرجی خۆكاندیدكردن بۆ بەشداریكردنی لە پێنجەمین كۆنگرە كراوە دەبێت». وتیشی: لە رۆژانی داهاتوودا لەژێر رێنمایی دەزگای هەڵبژاردن، كۆنفرانسی مەكتەب و مەڵبەندەكان دەستپێدەكات و ئەو هەڤاڵانەی نوێنەرایەتی مەكتەب و مەڵبەندەكان دەكەن، بەشداری كۆنگرە دەكەن».
PUKMEDIA