راپۆرتی/ هاوژین عەبدولواحید
ئەگەر سەیری سنووری ناحیەی تەقتەق بکەین دەبینین بە هەزاران حەوز لەسەر زێی بچووک دروستکراوە و ماسی تێدا بەخێودەکرێت، ئەم پڕۆژانە سەرچاوەیەکی باشی بەدەست هێنانی داهاتن بۆ دانیشتوانی ئەم ناوچەیه، چونکە زۆربەی دانیشتوانەکەی جگە لەماسی بەخێوکردن هیچ کار و کەسابەتێکی تر ناکەن بۆیە بەشێکیان شارۆچکەکەیان بە پایتەختی بەخێوکردنی ماسی ناودەبەن.
بڵاوبوونەوەی نەخۆشی
لە چەند هەفتەی رابردوودا جۆرێک لە نەخۆشی رووی لە ماسییەکانی ناوچەکە کردووە و خاوەن پڕۆژەکانی ناچارکردووە دەست بەفرۆشتی ماسییەکانیان بکەن.
چالاک کاکەڕەش خاوەن پڕۆژەیەکی ماسییە لە تەق تەق دەڵێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و لە ترسی مردنی ماسییەکان هەر بە بچووکی ساغیان دەکەینەوە.
وتیشی، بەیانیان لە سەعات پێنجەوه دەست بەکار دەکەین جاری واهەیە تا شەو ناڕۆینەوە و 10 تۆن بار دەکەین لەترسی مردنی ماسییەکان، بەڵام بازاڕ وەک پێویست نییە و بەباشی ساغ نابنەوە لە بازاڕدا.
پزیشکێكی ڤێتەرنەری: ٪80 نەخۆشییەکانی ماسی بۆ شێوازی نازانستی بەخێوکردن دەگەڕێتەوە و نەخۆشی ئەمجارەی ماسییەکانی تەق تەق ڤایرۆسی و کەڕوییە
زیانی خاوەن پڕۆژەکان
چالاک دەڵێت، عەلەفی گران بۆ ماسییەکان دەکڕین و ئەگەر لە فرۆشتنی ماسییەکان پارەی عەلەفەکەمان بۆ دەربێتەوە مەمنوون دەبین لەبەرئەوەی نرخی ماسییەکان نیوا و نیو زیاتر دابەزیون و هی بچووک هەر پارە ناکات، چونکە گرانی و هەرزانی نرخی ماسی بەپێی قەبارەی ماسییەکەیە و بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە ناتوانین چاوەڕێ بکەین ماسییەکان گەورە ببن و هەر بە بچووکی دەیانفرۆشین.
ئەو خاوەن پڕۆژەیەی بەخێوکردنی ماسییە باسی لەوەکرد، چەند جۆرێک دەرمانیان بۆ ماسییەکان تاقیکردۆتەوە، بەڵام هیچ سوودی نەبووە و پشکنینی ماسییە نەخۆشەکانیشیان ناردووە بۆ تاقیگە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و رانیە، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە دەرمانێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ ئەم نەخۆشییە و رۆژ بەڕۆژ زیاتر زرەر دەکەن.
هۆکاری نەخۆشییەکە
هاوڕێ فاتیح پزیشکێکی ڤێتەرنەرییەو دەڵێت، هۆکارەکانی نەخۆشی ماسی لە سەدا هەشتای لە شێوازی بەخێوکردنەکەیەوە دروست دەبێت، لەبەرئەوەی خاوەن پڕۆژەکانی ماسی شارەزاییەکی ئەوتۆیان نییە کە دەست بە پڕۆژەکە دەکەن، لەکاتی عەلەف پێدان و ئۆکسجیندا شێوازی زانستی پەیڕەو ناکەن بۆیە ماسییەکانیان تووشی نەخۆشی دەبن مردار دەبنەوە و زەرەر دەکەن.
وتیشی، ئەوکاتەی ماسییەکان دەکەونە وەرزی دوو هەوایی واتا پایز و بەهار پەتاکان زۆرتردەبن بەتایبەت نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان جا ئەو نەخۆشیانەش جۆریان زۆرە یەکێک لەوانه نەخۆشی viral hemorrhagic septicemia هۆکارەکەی ڤایرۆسی Novirhabdovirus sp هەروەها جگە لەڤایرۆس هۆکاری کەڕوشمان هەیە کە ئەویش نەخۆشییەکی باوە، بەڵام نەخۆشی ئەمجارەی ماسییەکانی تەق تەق هەردوو جۆرەکەن هەم ڤایرۆسییە هەم کەڕوییە.
ئەو پزیشکە ڤێتەرنەرییە باسی لەوەشکرد، نەخۆشی ماسی راستەوخۆ ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام بەشێک لەو دەرمانانەی وەک چارەسەر دەدرێتە ماسییەکە کاریگەرییان تا 20 رۆژ دەمێنێت و ئەگەر پێش تەواوبوونی ئەو وادەیە مرۆڤ بیخوات ئەوا کاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت لەسەری و تووشی نەخۆشی دەکات.
رێژەی بەرهەمی ماسی
ئەمین خدر شارەزایەکی بەخێوکردنی ماسی و خاوەنی پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسییە لە شارۆچکەی تەق تەق و دەڵێت، بەکۆی پڕۆژەکانی سنوورەکەمان سەدا پەنجای بەرهەمی ناوخۆی ماسی هەرێم پێکدەهێنین، بەڵام بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە زۆرێک لەخاوەن پڕۆژەکان تووشی زەرەر و زیانی زۆر بوونەتەوە.
وتیشی، خاوەن پڕۆژە کە ماسی بچووک دەکڕێت بۆ بەخێوکردن نرخی گرانە، هەروەها نرخی عەلەفیش گرانە و خەرجییەکەی زۆری تێدا دەکات تا گەورە دەبن، ئەوە بێجگە لە ماندوبوونەکەی، ئەگەر لەترسی مردنی ماسییەکان خاوەن پڕۆژەکان بە نرخێکی کەم و بەم کاتە کە هێشتا ماسییەکانی بەباشی گەشەیان نەکردووە و گەورە نەبوون نایخاتە بازاڕەوە و نایان فرۆشێت.